هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشە دەرەکی و ناوخۆییەکاندا، بەرەو کوێ؟!
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشە دەرەکی و ناوخۆییەکاندا، بەرەو کوێ؟!

بە تێگەیشتنی متەوازیعی خۆم ،هیچ کاتێک هەرێمی کوردستان چ وەک قەوارەیەکی سیاسی دەستوری و چ وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی خاوەن تایبەتمەندیی ،وەک ئەمڕۆ لەبەردەم هەڕەشەو مەترسییە جددیەکاندا نەبووە.

هەرەشەکانیش تەنها دەرەکی نین ،بەڵکو هەڕەشە ناوخۆییەکان زۆرترن و ڕێخۆشکەریشن بۆ زیادبوونی هەڕەشە دەرەکیەکان.( دارپوازی لەخۆی نەبێ ،سەد ساڵ ئەژی).

یەکەم / هەڕەشە دەرەکیەکان ..

١ / هەڕەشەی هەندێ لە سەرکردە شیعەکانی بەغدا کە سەربە ئێرانن، لەڕێگەی میلیشیاکانیانەوەو هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئێراق بە کوردستانیشەوە.

ئەوان لە١٦ ی ئوکتۆبەری ٢٠١٧ وە زیاتر لەنیوەی خاکی باشوری کوردستانیان کۆنترۆڵ کردوەو هیچ دەسەڵاتێکیان بۆکورد لەناوچە دابڕێنراوەکان نەهێشتۆتەوە. بەردەوامیش بە پشت قایمی و هاندانی وڵاتێکی دراوسێ ، بەچەکی سەردەمانە و بەپاساوی بوونی هێزەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلی ( دوژمن) لەکوردستان ، پەلاماری هەولێری پایتەخت و فڕۆکەخانەکەی دەدەن و دەیانەوێ وەکو بەغدا بڕیاری سیاسی هەولێریش ڕادەستی تاران بکرێ .

٢ / لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆناوخاکی هەرێم بە هەنجەتی بوون و هەڕەشەی پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) لەو ناوچانە و بۆمبارانی بەردەوامی گوندەکان بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئارامی هەرێم و هەروەها سوتاندنی ڕەزو باخی هاووڵاتیان و لەناوبردنی مەڕو ماڵاتیان ، وەک لێدانی گورزێکی ئابوری ش لەهەرێم .

هەندێ جاریش وڕوژاندنی پرسی ویلایەتی موسڵ ، ئەگەر بەئاماژەش بێت.

٣ / گۆڕانی ، یان ئەگەری گۆڕانی هەڵوێستی وڵاتانی زلهێزو ڕۆژئاوا بەگشتی ، بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو ڕاپۆرتانەی کە ڕێکخراوە نێودەڵەتیەکان لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین بەگشتی و ئازادی ڕۆژنامەنوسی و کاری مێدیایی لەهەرێمی کوردستاندا بڵاوی دەکەنەوە .. بەتایبەتی لەم شەش مانگەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا کە ژمارەیەک لە چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینانی تێیدا دەسبەسەرکران و حوکمدران .

دووەم / هەڕەشە ناوخۆییەکان ..

١ / پەرتەوازەیی و ناکۆکی نێوان هێزە سیاسیەکان و ناتەبابوونیان لەسەر زۆربەی پرسەکان،بەجۆرێک تەنانەت سێ لایەنی (هاوپەیمان) و پێکهێنەری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمیش ، بەردەوام لەهەوڵی تۆمەتبارکردن و قۆڵ بادانی یەکتردان و تەنها لەناوئەنجومەنی وەزیراندا بەرامبەر یەکتر بێدەنگن، ئەگینا لەهەموو مەحفەل و بۆنەکاندا، خەریکی هێرشکردنن بۆسەر یەکتری و نەک لەمێدیای سێبەرو سۆشیال میدیادا، تەنانەت زۆرجار لەمێدیای زمانحاڵیشیاندا لەیەکتر دەخوێنن.

ئەم ناکۆکی و ململانێ گەرمانەش، ڕەنگە لە سەروبەندی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراقدا ،زیاتر قووڵ ببێتەوەو پەرەبسێنێت و دەرهاویشتەی نەخوازراویشی لێ بکەوێتەوە .

٢ / گەورەبوونی قەبارەی گەندەڵی و ناعەدالەتیەکان و بەردەوامی لێبڕینی موچەو بێزاربوون و ناڕەزایی چینی فراوانی موچەەخۆران لە دەسەڵات ، کە بەردەوام وەک بۆمبێکی کات بۆدانراو ، ئەگەری تەقینەوەی هەیەو زەنگێکی ترسناکە..

هەروەها بڵاوبونەوەی بێکاری و هەژاریی..

٣/ لاوازبوون ، یان داروخانی کەرتی پەروەردەو فێرکردن و دابەزینی ئاستی زانستی بەگشتی ،لەخوارەوە بۆسەرەوە.

ڕەنگە ئاسەوارەکانی ئەم هەڕەشەیەش ، دواترو لەمەودایەکی دوورتردا دەرکەوێ.

٤ / دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەگشتی و خزمەتگوزاریی تەندروستی و پزیشکی بەتایبەتی ، لەکەرتی گشتیداو فراوانبونی کەرتی تایبەت لەم بوارەشدا، کە بەشی زۆری بەئاشکرا بازرگانی بەژیان و گیرفانی نەخۆشەوە دەکەن و دەیچەوسێننەوە.

٥ / بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو گەنج و لاوەکانداو ساڵ بەساڵ زیادبوونی ڕێژەی تووشبوان و بازرگانانی ئەم بوارە ،کە لەرێگەی وڵاتانی دراوسێوە وەک چەکێکی ترسناکی تر، لەدژی هەرێم بەکاردێت .

٦ / کۆچی بەکۆمەڵی گەنجان و لاوانی کوردستان ، کە ساڵانە لەنێوان ٢٠ بۆ ٢٥ هەزارکەس بەڕێگەی قاچاخ یان بەڤیزەی گرانبەها، سەری خۆیان هەڵدەگرن و بەرەو چارەنوسی نادیار مل دەنێن.

بێگومان ،ئەم کۆچە بێ ئامانە لێکەوتەو دەرهاویشتەی زۆر ترسناک بەدوای خۆیدا دەهێنێ، کە گەڕەنگە مەترسیەکانی لەمەودای چەندساڵی داهاتودا دەرکەوێ ، کە چ نا هاوسەنگییەکی دیموگرافی- کۆمەڵایەتی بەدی دەهێنێت ،هەم لەڕووی کەمبوونەوەی ڕێژەی کورد لەئێراقدا ،هەم لەڕووی تێکچونی هاوسەنگی ڕەگەزی و زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ڕەگەزی مێ لەهەرێمداو بڵاوبوونەوەی دیاردەی قەیرەیی و لێکەوتە خراپەکانی.

هەروەها تێکچوونی هاوسەنگی لە تەمەنەکانداو گۆڕانی کۆمەڵگەی کوردستان لەکۆمەڵگەیەکی گەنجەوە ، بۆکۆمەڵگەیەکی پیرو پەککەوتە..

کەئەوەش مەترسییەکی یەکجار گەورەی دیکەیە لەسەر داهاتوی هەرێم.

بەداخەوە کە دەسەڵاتی حوکمڕانیمان هیچ پلانێکی نیە بۆ ڕێگری لێکردنی.

بەدڵنیاییەوە ئەو هەڕەشەو گوڕەشەو مەترسیە دەرەکی و ناوەکیانە ، بوونەتە مایەی نائومێد بوونی بەشێکی زۆر لەخەڵکی هەرێم و لەدەسدانی متمانە بەدەسەڵاتی کوردی و لاوازبوونی ئینتیما بۆ گەل و نیشتمانەکەیان ، کە ئەوەش بۆ خۆی گەورەترین مەترسیە لەسەر داهاتوی هەرێمەکە .

ئەرکی لە پێشینەی بڕیار بەدەستانی ئەم هەرێمەیە ، کە ئەم مەترسیانە بەهەند وەرگرن و لەو داهاتە زۆرەی کە مانگانە لەفرۆشتنی نەوت و باج و گومرکی خاڵە سنوریەکان و باج و ڕسوماتی ناوخۆ ،کۆی دەکەنەوە،کۆتایی بەلێبڕینی موچە بهێنن و سنورێک بۆ کێشەی بێکاری و کەمبونەوەی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکان دابنێن و پەلە بکەن لە جێبەجێ کردنی تەواوی یاسای چاکسازیی و ڕوخاندنی قەڵای گەندەڵی و ناعەدالەتی و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت ، کە هەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەی گەیاندۆتە لێواری هەرەسێکی تر..

ئەمڕۆ هێزە سیاسیە سەرەکیەکانی هەرێم ، حوکمڕانەکان بەتایبەت ، لەبەردەم بەرپرسیارییەتی و تاقیکردنەوەیەکی مێژویی یەکجار قورسدان ، تا پەلەبکەن لە بەدەمەوە چوونی ئەرکەکانیان بەرامبەر بە خواو گەل و نیشتمانەکەیان ،هێشتا کەمە. ئەگینا لێکەوتەکانی ئەو هەڕەشەو مەترسیانەی کە ئاماژەم پێکردن، یەکجار ترسناک و بێ ئامانن و ڕەنگە هەرەسێکی دیکەی لێ بکەوێتەوە. حاجی قادری کۆیی هەزار ڕەحمەتی لێبێ ، دەفەرموێ : (حاجی کەسێکە بێکەس، بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ .. بەقسەم دەکەن زەریفە ، ناکەن ،بەڵا لەخۆتان).

هه‌واڵی گرنگ