قەستەرەی دڵ چییە ؟؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

قەستەرەی دڵ چییە ؟؟

 

 

قەستەرەی دڵ بریتیە لە زنجیرە هەنگاوێك لەسەر دڵ، ئەویش بەهۆی بەكارهێنانی تیشكی سینی (X- Ray) بۆ بینینی موولوولەی خوێنی دڵ و ناوپۆشی دڵ، زۆرترین قەستەرەی دڵ بریتیە لە ڕەنگكردن و نیشاندانی بۆڕییەكانی خوێنی دڵ بۆ زانینی تەسكبوونەوە یان مەیینی خوێن.

بەهۆی قەستەوە دەتوانرێ لە هەمان كات چارەسەری تەسكبوونەوەكەش بكرێ بەهۆی باڵۆن و دانانی شەبەكە.

جگە لەوانە قەستەرەی دڵ بۆ دەستنیشانكردنی كێشەی سەمامەكانی دڵ و كونی نێوان ژوورەكانی دڵ یان كێشەی زگماكی دڵ بەكاردێ.

ئەو تەلوینەی دڵیش بەهۆی بەكارهێنانی بۆیەیەكی تایبەتە، تەلوینی بۆڕیەكانی دڵ بەهۆی قەستەرە بۆ ئەو كەسانە دەكرێت كە توشی سنگ ئێشە دەبن و هێڵكاری دڵ نیشانی دەدات كە تەسك بوونەوە یان گیرانی خوێن لە بۆڕییەكانی دڵی هەیە، یاخود كەسەكە سنگ ئێشەی توندی هەیە لەگەڵ ژانە مل و قۆڵ كەچی فەحسەكانی یەكلاكەرەوەنین كە كێشەی دڵی هەیە یان نیەتی، كەسێك بە تەمەن بێ و عەمەلیاتی سەمامەی دڵی بۆ بكرێت پێش وەختە دەبێ قەستەرەی دڵی بۆ بكرێ، كەسێك كێشەی زگماكی لە دڵی هەبێ یان كەسێك لە فەحسی جوهدو ماندی كردنی دڵ بە ترێدمیل بەدیاركەوت هێلكاری دڵی پێمان دەڵێ كێشەی بۆڕیەكانی دڵی هەیە، كەسێك كێشەی بۆڕی دڵی هەبووە، بەڵام ئێستا لەناكاو سنگ ئێشەی تووندو بەردەوامی هەیە.

بۆ ئەو حاڵەتانەی سەرەوە قەستەرەی دڵ ئەنجام دەدرێت و هەر حاڵەتێك بەگوێرەی خۆی ڕێگەچارەسەری بۆ دادەنرێ.

قەستەرەی دڵ وەك هەر پڕۆسیجەرێكی تر مەترسی خۆی هەیە وەك ماكەكان لە كاتی ئەنجامدان و دوای ئەنجامدانی، بەڵام زۆر باو نیە كە ڕۆژانە ڕووبدەن، لەو ماكانە وەك جەڵتەی مێشك، تێكچوونی ئیشی گورچیلە بەهۆی ئەو سبغەی بەكاردێ بۆ ڕەنگ كردنی بۆڕیەكانی خوێن، هەروەها خوێنبەربوون لە شوێنی دانانی كانیولەی قەستەرەكە دوای دەرهێنانی كانیولەكە، هەستیاری نەخۆش بە مادەی سبغەكە، برینداركردنی دیواری بۆڕی خوێنبەر، هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی ناڕێكی لێدانی دڵ، هەندێك جار جەڵتەی دڵ دروست دەكات ئەگەر دیواری بۆڕی دەورەی دڵ بریندار بكات یان دڕاندنی دیواری بۆڕی خوێنبەر.

بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەنجامدانی قەستەرەی دڵ پێویستە نەخۆش شەوی پێش قەستەرەكە نان نەخوات، بەیانیەكەش هیچ نەخوات تەنها ئەو حەبانەی هەیەتی بۆ زەخت و دڵ بیانخوات، ئەو نەخۆشانەی سوكەریان هەیە پێویستە پشكنینی سوكەری بۆ بكرێت پزیشك بڕیاردەدات ئەنسۆلینی لێ بدرێ یان حەبی سوكەری بخوا.

دوای ئەوەی قەستەرەكە ئەنجامدرا نەخۆش لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە تاكوو چاودێری ڕەوشی گشتی و گورچیلەو شوێنی كانیولەی قەستەرەكە بكرێت كە دوای ڕاكێشانی كانیولە چەند سەعاتێك پێویستە نەخۆش كەمترین جوڵە بكات بۆ ئەوەی نەزیف نەبێ.

(د. سەردەشت تاهیر حەمەد – پسپۆڕی هەناوو دڵ)  

هه‌واڵی گرنگ