سەرۆك وەزیری بەریتانیا كەرەنتین دەكرێ
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سەرۆك وەزیری بەریتانیا كەرەنتین دەكرێ

 

 

لەكاتێكدا ڕێوشوێنەكانی ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەریتانیا كەمدەكرێنەوە، سەرۆك وەزیری ئەو وڵاتە (بۆریس جۆنسن) خۆی كەرەنتین دەكات، ئەوەش بەهۆی توشبوونی وەزیری تەندروستی وڵاتەكە (ساج جاڤید) ەوە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

وتەبیژی سەرۆك وەزیری بەریتانیا ڕایگەیاند، (بۆریس جۆنسن) ی سەرۆك وەزیرو وەزیری دارایی (ڕیشی سوناك) بەرككەوتنیان هەبووە لەگەڵ توشبوویەكی ڤایرۆسەكەدا، ئەوەش دوای كۆبوونەوەكەی ئەم هەفتەیەیان لەگەڵ وەزیری تەندروستی بەریتانیا (ساجد جاڤید) دا.

وتەبێژەكە لە سەرەتادا وتی: جۆنسن و سوناك بەتەواوەتی خۆیان كەرەنتین ناكەن، چونكە بەشداری پڕۆگرامێكی ئەزموونی دەكەن بۆ پشكنینە ڕۆژانەییەكان بۆ دۆزینەوەی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەها ڕێگەیان پێدەدرێت بەردەوام دەبن لە كارەكانیان لە داونینگ ستریت.

بەڵام دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكە ڕەخنەی لەو ڕاگەیاندنە گرت و وتی: حكومەت لە خۆیەوە یاسا لەسەروو یاساوە دادەنێت، ئۆفیسی سەرۆك وەزیر ڕایگەیاند، جۆنسن و سوناك بەتەواوەتی پابەندی كەرەنتین دەبن.

جێگەی ئاماژەیە بەریتانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی ئەوروپا كە زۆرترین زیانی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەركەوتووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكەوە زیاتر لە 128,000 حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسەكەوە تۆماركردووە، لەم هەفتانەی دوایشدا ڤایرۆسەكە لە وڵاتەكەدا خێراتر بڵاوبۆوەو ڕۆژانە زیاتر لە (54) هەزار حاڵەتی توشبوون تۆماركراوە.

سەرەڕای زیادبوونی حاڵەتەكانی توشبوون، سەرۆك وەزیری بەریتانیا لەم هەفتەیەدا جەختی لەوە كردەوە لە ئەمڕۆوە زۆرینەی ڕێوشوێنەكانی ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لادەبرێن، لەو ڕێوشوێنانەش هەڵوەشاندنەوەی بەكارهێنانی دەمامك و دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی، ئاماژەشی بەوەدا پێی باشترە هەركەسەو لەلای خۆیەوە خۆی لە ڤایرۆسەكە بپارێزێت.

هه‌واڵی گرنگ