بۆچی منداڵ ددانەكانی كلۆر دەبێت ؟؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بۆچی منداڵ ددانەكانی كلۆر دەبێت ؟؟

 

 

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەتا ئەگەر بیر لە رابردوو بكەنەوە بێگومان ئەو كات منداڵ زۆر كەمتر ددانیان دەشۆرد، بەڵام ددانیان كلۆر نەدەبوو بەو شێوەیەی ئێستا بۆچی ...؟!

1. ئەگەر سەرنجی ددانی منداڵەكانتان بدەن بەشێوەیەكی گشتی هەموو ددانەكانی پێكەوە كلۆر دەبێت و دانەیەك و دوان نیە بە تەنها ئەمەش ئاماژەیە بۆ لاوازی پێكهاتەی ددانەكانیان و نارێكی و كەمی لە پێكهاتەی خۆراكیاندا.

2. پێش هەموو شت دەبێ دایك و باوكان خۆیان ببنە چاودێر لە كاتی ددان شۆردنی منداڵەكانیان بەتایبەت كە تەمەنی بچووك بوو، چونكە زۆر لە منداڵان ناتوانن بە شێوەیەكی دروست و تەواو ددانیان بشۆن و تەواو پاكیان بكەنەوە.

چەند خاڵێكی گرنگ ..

1. منداڵی جاران خۆراكی جیاوازتر بووە لە ئێستاو كەمتر ئەو خۆراكانەیان خواردووە كە شەكری دەستكردیان تێدایە، كە هۆكارێكی سەرەكیە بۆ ددان كلۆر بوون بە بەبەراورد بە منداڵی ئێستا دەكرێ بڵێن بە پلەی یەك خۆراك هۆكارە.

2. زۆربەی منداڵان كەم خۆری دایم خۆرن، واتە لە نێوان ژەمە سەرەكیەكاندا، خواردنی جبس و شیكۆلاتەو خواردنەوە گازییەكان بۆتا دیاردەیەكی باو لەنێو منداڵاندا، كە ئەمانە پرن لە شەكری دەستكردو دایكان و باوكان بەرپرسی یەكەمن بۆ منداڵ و پێویستە رێگریان لێبكەن.

3. پێویستە خۆراكی منداڵ دەوڵەمەند بێت بە ماددە خۆراكیەكان وەك كالیسیۆم و ڤیتامینەكان، چونكە منداڵ لە تەمەنی گەشەی هەموو بەشێكی جەستەیدایەو نەقسی ئەم مادانە وادەكات ددانەكان بە لاوازی دروست ببن و زووتر كلۆرببن.

4. هۆكارێكی تر دایكانن كە پێویستە كاتی دووگیان گرنگیەكی زۆر بە خواردنیان بدەن و نابێت نەقسی ماددە خۆراكیەكانیان هەبێت، چونكە كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەركۆرپەكانیان.

5. دوای هاتنی ددانی منداڵ، پێویست ناكات مەمكە شیر بخوات و مەمكە شیری لێ دووربخەوەو دەكرێ بە كوپ شیری پێبدەیت، چونكە مەمكە شیر یەكێكە لە هۆكارەكانی كلۆربوونی ددانی منداڵەكەت.

6. دوای ئەوەی خاڵەكانی سەرەوەتان ئەنجامدا، ئینجا دەست بكە بە فێركردنی منداڵەكەت بۆ ددان شۆردنێكی دروست و هەڵبژاردنی مەعجونی باش و بەكارهێنانی پەتی ددان هەموو رۆژێك.

7. تا تەمەنی سەرو پێنج ساڵ خۆت لەگەڵ منداڵەكەت بچۆ بۆ ددان شۆردن و لە نزیكەوە چاودێری ددان شۆردنی بكەو هانی بدە بۆ بەردەوام بوونی.

8. هەندێ رێگەی پاراستن هەیە كە لای دكتۆری ددان بۆ منداڵ ئەنجامبدەدرێ وەكو دایكان و باوكان پێویستە گرنگی بەم رێگەی پاراستنانە بدەن بۆ منداڵەكانیان.

تێبینی ...

1. هۆكارێكی تری زوو كلۆربوونی ددانی منداڵ بۆ ماوەییە، بەڵام ناكرێ دەستبەرداری هەموو رێگەكانی پاراستن بیت و هۆكاری بۆ ماوەیەكە قبوڵ بكەی و ددانی منداڵەكەت ئیهمال بكەیت.

2. بەڕێك و پێكی و بەردەوامی سەردانی دكتۆری پێبكە بۆ پشكنین، چونكە كلۆربوونی ددانێك مەترسی و چانسی كلۆربوونی ددانەكانی ترو تەنیشتی زیاتر دەكات.

(د. تروسكە عەبدولڵا – پزیشكی ددان)

هه‌واڵی گرنگ