ئەمریكا پێشنیارێكی توركیا سەبارەت بە قوبرس رەتكردەوە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەمریكا پێشنیارێكی توركیا سەبارەت بە قوبرس رەتكردەوە

 

 

ئەمریكا پێشنیارەكەی سەرۆكی توركیای بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت لە قوبرس ڕەت كردەوە، هەروەها داوای كرد هەوڵەكان بۆ قوبرسێكی یەكگرتوو بەردەوام بن.

(ڤیكتۆریا نۆلاند) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سیاسی لە دانیشتنێكی ئەنجوومەنی سیناتدا وتی، پێمان وایە پڕۆسەكە بە ڕابەرایەتی قوبرسییەكان بە هەردوو ناوچەكەو كۆمەڵگەكەیەوە، تەنها چارەسەرە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە قوبرس.

ڕۆژی سێشەممە (رەجەب تەیب ئەردوگان) سەردانی بەشی باكووری قوبرسی كردو داوای چارەسەری دوو دەوڵەتی كرد لەسەر دوورگەكە، بەمەش هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ پێكهێنانی دوو ناوچە بە دوو بەڕێوبەرایەتی جیاوازەوە لەژێر فەرمانڕەوایی یەك دەوڵەتدا پشتگوێخست.

هەروەها وەكو پێشێلكردنی بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بڕیاریدا شاری ڤارۆشای چۆڵكراو دووبارە بكاتەوە، ئەم هەنگاوەش لەلایەن ئەمریكاوە بە توندی ڕەتكرایەوە.

نۆلاند وتی، لەگەڵ بەرپرسانی توركیادا قسەی كردووەو داوای لێكردوون ئەو بڕیارە ووروژێنەرە هەڵبوەشێننەوە.

(ئەنتۆنی بلینكن) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە جیا قسەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قوبرس (نیكۆس كریستۆدۆلیدس) دا كردو سەركۆنەی بڕیارەكەی سەركردایەتی توركەكانی قوبرسی كرد.

بلینكن لە تویتەر نوسیویەتی، ئەمە جێی قبوڵكردن نیەو لەگەڵ بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا یەك ناگرێتەوە، ئێمە هەوڵی وەڵامدانەوەیەكی توندی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەدەین.

لە ساڵی (1974) ەوە قوبرس دابەش بووە، ئەوەش دوای ئەوەی توركیا وەكو وەڵامێك بۆ هەوڵەكانی قوبرس بۆ چوونە پاڵ یۆنان، سێیەكی باكووری دورگەكەی داگیركرد.

وەزیری دەرەوەی یۆنان (نیكۆس دێندیاس) لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ باكووری قوبرس وتی كارەكانی توركیا ناكرێت وەڵام نەدرێنەوە.

دێندیاس وتی: بڕیارەكەی توركیا بۆ دووبارە كردنەوەی ڤارۆشا نیازەكانی توركیا بۆ فراوانكردنی داگیركارییەكانی لە قوبرس و دامەزراندنی حوكمێكی نوێی عوسمانی فراوانتر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەند پشتڕاست دەكاتەوە.

وتیشی، ئێمە بەڕوونی ئەمە دەڵێین، تاوەكو توركیا بەشێوەیەكی نایاسایی لە قوبرس ڕەفتار بكات، ئەوا هیچ بوارێك نیە بۆ چاكبوونی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ یۆنانداو هیچ بوارێكیش نیە بۆ چاكبوونی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا.

هه‌واڵی گرنگ