تەندروستی هەولێر هۆشداری دەدات
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

تەندروستی هەولێر هۆشداری دەدات

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر زیادیكردووە و ڤایرۆسی گۆڕاوی جۆری دەلتاش لە هەرێمی كوردستان بڵاوبووەتەوە، كە زۆر بە خێرایی دەگوازرێتەوە، تەندروستیی هەولێریش دەڵێت، ئەو جۆرەیان مەترسیدارە و خێرا بڵاودەبێتەوە.

له‌مباره‌یه‌وه‌ د. بژار موسا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاندوه‌: بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان لە هەوڵدان قەرەوێڵەی زیاتر بۆ تووشبووانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكان دابین بكەن، دەشڵێت “لە چەند هەفتەی ڕابردوودا و لە ڕۆژانی جەژنیش ژمارەی تووشبووان لە زیادبوونە، ئەمەش بەهۆی تێكەڵاویی زیاتری هاووڵاتیان، بەتایبەت بەهۆی بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی نوێی دەلتا مەترسیی زۆرمان هەیە، كە بە خێرایی بڵاوببێتەوە، چونكە ئەو جۆرە نوێیە خێراییەكەی ئێجگار زۆرە و سەختی و نیشانەكانیشی تووندترن، ڕۆژانە ئەو كەسانەی تۆماردەكرێن ژمارەیەكی زۆریان تووشبووی گۆڕاوی دەلتان”.

ئەوەشی وتوه‌:”هێشتا نەخۆشخانەكان پڕنەبوون، بەڵام ئێمە ترسمان لە بڵاوبوونەوەی خێراترە، نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر بۆ تووشبووانی كۆرۆنا تەرخانكراوە، ئەگەر ژمارەكە زیاد ببێت، ئەوە ناچاردەبین ڕزگارییش تایبەت بكەین بە كۆرۆنا، بۆیە تكا لە هاووڵاتیان دەكەین خۆیان بپارێزن و دووربكەونەوە لە تێكەڵبوونی زۆر”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌: “بەردەوامین لە دابەشكردنی ڤاكسین لە ناوەندەكانی پێدانی ڤاكسین لە پارێزگای هەولێر، ئەو ڤاكسینانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەن، فایزەر، ئەسترازینكا و سینۆفارمە، ئەو ڤاكسینانە لەڕێگەی حكومەتی عیراقەوە وەكو پشكی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێن، حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆیشی لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیا لە هەوڵدایە بۆئەوەی بتوانێت ڤاكسین دابین بكات”.

شایه‌نی باسه‌ بەپێی ئاماری فەرمی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، تائێستا لە هەرێمی كوردستان 208 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 188 هەزار و 780 تووشبوویان چاكبوونەتەوە و چوار هەزار و 626 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە، هاوكات 14 هەزار و 594 تووشبووش چارەسەر وەردەگرن.

هه‌واڵی گرنگ