زەنگی مەترسی له‌ كەركوك لێده‌رێت و هۆشداری توند ده‌درێت
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

زەنگی مەترسی له‌ كەركوك لێده‌رێت و هۆشداری توند ده‌درێت

ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە پارێزگای كەركوك گەیشتە زیاتر لە 53 هەزار كەس و گیانلەدەستدانیش هەزار كەسی تێپەڕاند، تەندروستیی كەركوك زەنگی مەترسی لێدەدات و هۆشداریی تووند دەداتە هاووڵاتییانی شارەكە و دەڵێت، دۆخەكە وا بڕوات كەرتی تەندروستی لەنێودەچێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ د. نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری تەندروستیی كەركوك له‌ لێدوانێكیدا ڕایگەیاند: “ڕێژەی ئۆكسجینی كۆگاكراومان دابەزیوە و نەخۆشخانەكانمان پڕبوون لە تووشبووانی كۆرۆنا، دوێنێ زیادبوونێكی ناسرووشتیمان هەبوو لە ژمارەی هاتن بۆ نەخۆشخانەكانمان، نەخۆشخانە تایبەتەكان بەو پەتایە پڕبوونە، هەر دوێنێ زەنگی مەترسیمان لێداوە و هۆشداریی تووندمان بە هاووڵاتییان دا بۆئەوەی پابەندی ڕێكارە خۆپارێزییەكان بن”.

ناوبراو  ئاماژەی بەوەشكردوه‌: ئەوان لە وڵاتێكی پێشكەوتووی وەكو ئەمریكا و بەریتانیا و وڵاتانی تر نین بۆئەوەی بتوانن دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و دەشڵێت “خەریكە دۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت، ئێمە وەكو تەندروستی كەركوك نە دەتوانین موعجیزە بخولقێنین و نە گۆچانی موساشمان پێیە. توانایەكی مامناوەندمان هەیە، ڕێژەی ئۆكسجینی كۆگاكراومان بەرەو دابەزین دەچێت، دەرمانی پێویست بەو پەتایە گرانن و ئێمە لە بازاڕەكانی جیهان و نێوخۆ دەیكڕین”.

وتویه‌تیشی : ئێستا ئەوان توانیویانە بەسەر دۆخەكەدا زاڵ ببن، “بەڵام لە ڕۆژانی داهاتوودا هیچ گەرەنتییەك نییە، فەرمانگەی تەندروستی كەركوك و هەموو فەرمانگەكانی تریش لە عیراق لەژێر هەڕەشەی لەنێوچوونی تەندروستین بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێكارە خۆپارێزییەكان و گردبوونەوەی خەڵك لە شوێنەكان و گرنگینەدان بە بەستنی ماسك و پاككردنەوەی دەستەكان، تەنانە لە بابەتی كوتان لە 5 مانگی ڕابردوودا تائێستا تەنیا 41 هەزار هاووڵاتی لە كەركوك ڤاكسینیان وەرگرتووە”.

ئه‌وه‌شی وتوه‌: ئێستا سەرجەم نەخۆشخانەكانیان پڕبوون لە تووشبووانی كۆرۆنا، “دوای جەژن بڕیارە سەنتەرێكی تری 50 تەختی لە ناوچەی پیشەسازی بكەینەوە، ئەویش پڕ دەبێتەوە، دەبێت تووشبووان لەنێو ماڵەكانیانەوە ئۆكسجینیان بۆ دابین بكرێت، چونكە توانای ئێمە سنووردارە”.

داوا لە هاووڵاتییانیش دەكات یارمەتییان بدەن و دەڵێت “هەموومان لەنێو یەك كەشتیین، ئەگەر فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بەو پەتایە نوقم ببێت، ئەوا پارێزگاكە بەتەواوەتی نوقم دەبێت”، ئاماژەی بەوەش كرد “كێشەی سەرەكیمان دوای جەژنە، كاتێك هاووڵاتییانمان لە پارێزگاكانی دەوروبەرمان دەگەڕێنەوە، چ لە هەولێر بێت یان سلێمانی و بەغدا بۆ كەركوك دوای ئەو تێكەڵبوونەی لەگەڵ خەڵك هەیانبووە، ئەوا ڕووبەڕووی هەڵكشانێكی زۆر تووندی تر دەبینەوە لەو پەتایە”.

شایه‌نی باسه‌  بەپێی ئاماری ڕاگەیەنراوی وەزارەتی تەنردوستی عیراق، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە كەركوك 168 تووشبووی كۆرۆنا دەستنیشانكراون و شەش كەسیش گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەكی زۆری تووشبووش لە نەخۆشخانەكان خەوێنراون.

هه‌واڵی گرنگ