هیچ جومگەیەكی جەستە هێندەی شان مەودایەكی فراوانی جووڵەی نییە، ئەمەش لەسەر حیسابی پتەوی جومگەكەیە، چونكە بۆ ئەوەی شان و قۆڵ وا بە سەربەستی بجووڵێن بە هەموو لایەكدا، كەمترین سنووری ئێسكی هەیەو زیاتر بە ژێ و بەستەرو ماسولكە قایمكراوە، بۆیە ئەگەری ماندووبوون و نەخۆشكەوتنیشی زۆرە، بەهۆی بزێوی زۆر جووڵانەكەشی، ناتوانین وەكوو پێویست پشووی پێبدەین و بەردەوام دەیكولێنینەوە، بۆیە ئازاری شان لە بڵاوترین ئازارەكانی جومگەیە كە بەهۆیەوە سەردانمان دەكرێت لە كلینیك.
هۆكارەكانی:
1. هەوكردن و هەڵاوسانی بەستەرو ژێیەكانی شان.
2. گرژبوون و توندبوونی كەپسولی چواردەوری جومگەكە (شانی جامبوو).
3. زبربوونی ئێسكی ناو جومگەكەو تەسككردنەوەی ڕێڕەوی بەستەرەكانی ناو جومگەكە.
4. هەوكردنی كیسە سابوونییەكەی سەرووی جومگەكە.
5. سووان (سەوەفان) لە شوێنی پێكگەیشتنی كەلـلەی ئێسكی قۆڵ و دەفەی شان.
6. سووان (سەوەفان) لە شوێنی پێكگەیشتنی ئێسكی چەڵەمەو دەفەی شان.
7. هەوكردنی ڕۆماتیزمی جومگەكە.
8. هەندێكجار گرفتەكە فەقەراتی ملەو تۆ لە شان و قۆڵدا هەستی پێدەكەیت.
9. جاریش هەیە جەڵتەی دڵەو لە شاندا هەستی پێدەكرێت!
10. پووكانەوەی كەلـلەی ئێسكی قۆڵ بەهۆی نەڕۆیشتنی خوێن بۆی.
11. لەجێچوون و درزو شكاوی دوای زەبر.
پشكنین :
پزیشك بە گوێگرتن لە نەخۆشەكە، پاشان پشكنینی دەستی و ڕووبەڕوو گەڵاڵەی هۆكارەكە دەكات، دواتر بڕیار دەدات ئایا پشكنینی دیكە پێویستن ؟ وەكوو:
1. تیشكی ئێكس (ئەشیعەی ئاسایی).
2. سۆنەر.
3. سیتی سكان.
4. ڕەنینی موگناتیسی.
5. پشكنینی خوێن.
چارەسەری چییە ؟
تاوەكوو هۆكارەكەی نەدۆزرێتەوە، ئاسان نییە چارەسەرێكی سەركەوتووانەی بۆ بكرێت، بۆیە دەبێت پزیشكی ئێسك و جومگە دەستنیشانی بكات و چارەسەری بكات.
چارەسەرەكە بەپێی جۆرەكەیە، بە گشتی لە زۆربەیاندا یەكێك یان زیاتر لەمانە پێویستە:
1. ڕێنمایی و ڕاهێنان و چارەسەری سروشتی و فیزیایی.
2. دەرمانی كۆنترۆڵكردنی ئازارو هەوكردن.
3. دەرزی ڕاستەوخۆ بۆ: ناو جومگەكە، نزیك بەستەرە هەوكردووەكە یان كیسە سابوونییە هەوكردووەكە.
4. دوور نییە پێویست بە نەشتەرگەریش بكات.
5. ئەگەر هۆكارەكە لە دەرەوەی شان بوو، دەبێت ئەو هۆكارە چارە بكرێت.
(د. سەروەر سالار چوچانی – پزیشكی پسپۆڕی ئێسك و جومگەو ڕۆماتیزم)