ڕاپرسیەكی نوێ دەڵێت: (45%) ی ئەمریكیەكان ئەوانەی ڤاكسینی دژ بە (كۆڤید – 19) یان وەرنەگرتووە، بە دڵنیاییەوە هیچ پلانێكیان نیە بۆ لە خۆدانی ڤاكسینەكە.
ناوەندی (نۆرك) سەر بە ئاژانسی ئەسێۆشیەیتید پرێس بۆ توێژینەوەو كاروباری كۆمەڵایەتی ڕاپرسیەكەی كردووەو دەڵێت: (35%) ی بەشداربوانی ڕاپرسیەكە كەمتر متمانەیان بەكووتان هەیە، دەڵێن : پێناچێت ڤاكسینەكە وەرگرن.
لە هەمان كاتدا (3%) ی كەسانی بەشداربوو ووتیان: وەریدەگرن، لە كاتێكدا (16%) ووتیان پێدەچێت ڤاكسینەكە وەرگرن.
سەرباری ئەمانە هەمووی (64%) ی ئەمریكیەكانی بەشداربووی ڕاپرسیەكە هێشتا نەكووتراون، ووتیان متمانەیان كەمە یاخود نیانە بە ڤاكسینەكان دژ بە (كۆڤید – 19)، لەوانە گۆڕانكاریەكانی بەسەریدا دێت وەك (دەلتا) كەبەئاسانی دەگوازرێتەوەو دەركەوتەكانی لەسەرنەخۆش تووندە، بەڵام لەوانەی كووتراون (86%) یان دەڵێن: ڤاكسینەكە كاردەكات.
ڕۆشێل واڵنسیكی بەڕێوەبەری ناوەندەكانی دژە نەخۆشیەكان و خۆپارێزی لە ئەمریكا ڕوونیكردەوە، كە بەرزبوونەوەی تووشبوون لەئێستادا لە ئەمریكا لەنێوان ئەو كەسانەدایە كە خۆیان نەكووتاوە، لەمبارەیەوە دەڵێت : هەموو نەخۆشەكانی ئێستاو تاڕادەیەك زۆرینەی ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لە دەستدا نەكووترابوون.
كەی ئڤێی فەرمانداری ویلایەتی ئەلەباما دەڵێت، كاتی ئەوە هاتووە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بخرێتە ئەستۆی ئەو كەسانەی خۆیان ناكووتن، هەروەها فەرماندار كە كۆماریە ووتی: ڤاكسینەكان گرنگترین چەكە بەدەستمانەوە دژ بە (كۆڤید – 19)، ئەوانەشی خۆیان نەكووتاوە پشتیوانیان نەكردین.
ڕێكخەری سەرەكی دەرمان لە یەكێتی ئەوروپا ڕەزامەندیدا لەسەر بەكارهێنانی ڤاكسینی مۆدرینا بۆ منداڵانی تەمەنیان لەنێوان (12 بۆ 17) ساڵە، ڤاكسینی مۆدرینا ڕێگەی پێدراوە بۆ كەسانی تەمەنیان (18) ساڵ و بەرەوژوور.
ئاژانسەكەی دەرمانی ئەوروپا لە ڕاگەیندراوێكدا ووتی: پرۆتۆكۆلی بەكارهێنانی ڤاكسین بۆ منداڵ هەمان شێوی دەبێت بۆ گەورە بەكاردێت، (2) كووتان دەبێت لە ماسولكەی باڵ، بەنێوانی (4) هەفتە، بەڵام دەبێت یەكێتی ئەوروپا ڕەزامەندی كۆتایی لەسەر ئەم بڕیارە بدات.
هەزاران كەس ڕێپێوانیان دژ بە قەدەغەكردنی هاتووچۆ كرد لەسیدنی لەئوسترالیا، وەك ڕكابەریەك بۆ فەرمانی مانەوە لە ماڵەوە بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی (كۆڤید – 19). ئاژانسی ئەسێۆشێتید پرێس ڕایگەیاند، پۆلیسی سوارەو پۆلیسی دژە ئاژاوە، لەپێگەكە بوون و ژمارەیەك خۆپێشاندەر دەستگیركراون، ئاژانسەكە دەشڵێت : پۆلیسی نیوساوس ویڵز ڕایانگەیاند، خۆپێشاندانەكان پێشێلی بریاری تەندروستی گشتی بووە.
پێشتر ناوەندی زانیاری لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە (193) ملیۆن تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان تۆماركراوەو زیاتر لە (4) ملیۆن كەس گیانیان لەدەستداوە.