یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان دەربارەی حەرامكردن فەتوایەك دەردەكات
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان دەربارەی حەرامكردن فەتوایەك دەردەكات

یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان له‌سه‌ر دەستدرێژیكردنە سەر ئەو بەڵێننامە كۆمەڵایەتیە، كە بە ویست و ئیرادەی گەلی تونس گرێدراوە فه‌توا ده‌رده‌كات و به‌ حه‌رام له‌ قه‌له‌می ده‌كات.

هەریەكە لە دكتۆر ئەحمەد ڕەیوسنی، سەرۆك و دكتۆر عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان فەتوایەك سەبارەت بە دۆخی كودەتای سوپا و سەرۆكی ئەو وڵاتە بەسەر سەرۆك وەزیران و پەڕلەمان بڵاودەكەنەوە.

دەقی فەتواكە:
یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان فەتوا دەدات بە حەرامكردنی دەستدرێژیكردنە سەر ئەو بەڵێننامە كۆمەڵایەتیە، كە بە ویست و ئیرادەی گەلی تونس گرێدراوە و هەڵدەستێت بە رێكخستنی پەیوەندی لە نێوان سەرۆكایەتی و ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆكایەتی وەزیراندا، هاوكات پارێزگاری دەكات لە دەستكەوتەكانی گەل لە ئازادی و سەروەری یاسا و رەتكردنەوەی ستەمكاری و تاكڕەوی و قوربانیدان بە خوێنی رۆڵە بێتاوانەكانی گەلی تونس [وَلَا تَقْرَبُوا مَالَ الْيَتِيمِ إِلَّا بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ حَتَّيٰ يَبْلُغَ أَشُدَّهُ ۚ وَأَوْفُوا بِالْعَهْدِ ۖ إِنَّ الْعَهْدَ كَانَ مَسْئُولًا] الإسراء 34.

یەكێتی جیهانی جەختدەكاتەوە لەسەر مەترسیەكانی پێكەوەبەستنی سێ‌ شومەكە، كە بریتین لە (تاكڕەوی و ئاژاوەگێڕی و كودەتای ناشەرعی). كە هیچ یەك لە بەڵێنە درۆینەكانی بۆ هیچ گەلێكی ئازاد جێبەجێ‌ نەكردووەو نایكات، ئەزموونە نزیكەكانی بەردەستمان ئەو راستیەمان پێدەڵێن، كە هیچ خۆشگوزەرانی و خێر و چاكەیەك لە كودەتادا نییە.

بەڕاستی گەلی تونس گیرۆدەی ستەمكاری و تاكڕەوی زۆر بوویەوە، بەڵام لەم دە ساڵەی رابردوودا تا رادەیەكی زۆر حەسایەوە لەژێر سایەی ئازادیەكدا كە پێشتر ئەوەی بەخۆیەوە نەدیبوو، ئەوەش دوای ئەوە كە بەقوربانیدان و خۆبەختكردن ئەو ئازادیەی دەستەبەركرد، وا ئەمڕۆ هێزە شكتسخواردووەكان و شۆڕشی دژ و پێچەوانە دەیەوێت بیگەڕێنێتەوە دواوە و بیوەستێنێت لە ئەزموونە سەركەوتووەكەی، كە ئەمە پێچەوانەی ئیرادەی ئازادانەی گەل و دەستورەكەیەتی، كە گەلی تونس رەزامەندی لەسەرداوە، ئەو دەستورە دەسەڵات بە سەرۆكی وڵات نادات خۆی ببێتە دەسەڵاتی رەها، چونكە دەسەڵاتی رەها خراپەیەكی رەهایە، هەروەها رێگا بە سەرۆك كۆمار نادات مافی ئەوەی هەبێت دەسەڵاتەكان لەخۆیدا قۆرغ بكات و حكومەت لەكار بخات، پەرلەمانی هەڵبژێردراویش سڕ بكات.

لەبەرهەموو ئەمانە داوا لە سەرۆكی تونس دەكەین پاشگەزبێتەوە لەو بڕیارانەی كە دەبنەهۆی لەناوچوونی گەلی تونس و یارمەتیدەرن بۆ قوڵا بوونەی ئەژاوەو پشێوی، ئەمەش كارێكی نەخوازراوەو نامانەوێت گەلی تونس بكەوێتە ناوی، كە لە بنەڕەتەوە ئەم پشێویەی ناوێت.

گەلی تونس پێویستی بە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریە بۆیە داوا لە گەلی تونس دەكەین بە هەموو پێكهاتەكان و هێزەكانی كار بكەن بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی و قوربانی و ئازادی و رێز و كەرامەتی. هەرگیز رازی نەبن بە گەڕانەوە بۆ دیكتاتۆریەت كە چۆك بە گەل دەدات و برسی و سەرشۆڕی دەكات.

ئێمە لەگەڵا ئازادی گەلی تونسی رێزدارین، لەگەڵا كەرامەتی ئەوداین، ئەمەی لێ‌ چاوەڕێ‌ دەكەین رای خۆی بڵێت، هەروەها پێویستە سوپای تونس بەوەفابێت بۆ بڕیارەكانی گەلەكەی و بێ‌ لایەن بێت، بەرگری تەنها لە گەل بكات با رێزی هیچ هاوڵاتیەكی تونس زامدار نەكات هەروەك لە سەردەمی بن عەلی دا روویدا.

بەرمەبنای ئەمەی لەپێشەوە خرایە روو، ئەوا فەتواكەی ئێمە روون و ئاشكرایە، رێز و حورمەتمان بۆ گەلی تونس و بۆ ویستی ئازادانەیی و بەرگری لە مافە رەواكانی، بۆ سەركەوتنی شۆڕشەكەی و ئەزموونە دیموكراسیەكەی، هەروەها بۆ گواستنەوەی ئاشتیانەی بونیاتنانی دەوڵەتێكی نوێندا گەورە و مەزنە.

داوا لە هەموو پێكهاتەكانی گەلی تونس دەكەین لە رێكخراو و حیزب و زانایان و پیاوان و ئافرەتانی كە یەك بگرن و تەبا بن و لەنێوان خۆیاندا رێك بكەون تا وڵاتی تونس بەدوربێت لە مەترسیەكانی، كە بەهۆی بۆشایی ئیداری و ئاژاوەو پشێوی و دابەشبوونەوە ئەگەری روودانیان هەیە.

لەراستیدا كودەتا بەسەر ئیرادەی تونسیەكان و دامەزراوە هەڵبژێردراوەكان و گرتنەبەری رێكاری تاك لایەنە كارێكی مەترسیدارە، لەڕووی شەرع و رەوشت و عورفەوە دروست نیە و حەرامە، كە هڵخلیسكانە و لەوانەیە ئەم قەیرانەی ئێستا گەورەتر بكات و جێكەوتەكانی كۆرۆنا زیاتر و زیاتر ببن.

ئێمە لە یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان پەیمان شكاندن و لەكەداركردنی بەڵێننامە كۆمەڵایەتی و نانەوەی فیتنە حەرام دەكەین، هاوكات پشتگیری لە هەر بڕیارێك دەكەین كە رێككەوتن و تەبایی كۆمەڵایەتی لێبكەوێتەوە.

بەڵگە نەویستە كە پاراستنی بەڵێننامەی كۆمەڵایەتی و پارێزگاری لە ئازادیەكان و مافەكانی گەلی تونس و پارێزگاری لە دامەزراوە دەستوریەكان ئەركێكی نیشتمانییە، لەهەمانكاتدا راگەیاندنی باری نائاسایی بەكراوەیی بەهیچ جۆرێك رەوا نیە و نابێت، چونكە پیشێلكردنی گەورەی بەرژەوەندیەكانی خەڵك و خاكی تێدایە.

لەخودای گەورە دەپاڕێمەوە وڵاتی تونس و دانیشتوانەكەی بپارێزێت لە هەر فیتنەگێڕیەكی ئاشكرا و نهێنی، بپارێزێت لەو پلان و پیلانە ترسناكانە كە دژ بە گەلانی ناوچەكەمان دەكێشرێن، خودای گەورە خێری چاكەو خۆشگوزەرانی و ئاسایش و ئارامی بڕێژێت بەسەریاندا، یاسا و سەقامگیری سەروەربن [وَسَيَعْلَمُ الَّذِينَ ظَلَمُوا أَيَّ مُنْقَلَبٍ يَنْقَلِبُونَ] (الشعراء: 227).
سەرۆك … دكتۆر ئەحمەد رەیوسنی
ئەمینداری گشتی : دكتۆر عەلی قەرەداغی

 

هه‌واڵی گرنگ