ئەمریکا: چالاکییەکانی ئێران لەناو عێراق نیگەرانی کردووین
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەمریکا: چالاکییەکانی ئێران لەناو عێراق نیگەرانی کردووین

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیۆ تولەر رایگەیاند کە بوونی سەربازیی ئێستای ئەمریکا لە عێراق لەسەر داوای حکوومەتی عێراق بوو لە ساڵی ٢٠١٤دا.

ماتیۆ تولەر لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە، کۆبوونەوە دووقۆڵییەکان کە لە میانی ئەم ھەفتەیەدا لە واشنتۆن ئەنجامدران و دیدارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمى و سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە کۆشکی سپی، سەرجەمیان ئاماژەن لەوەی کە پەیوەندییەکان، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات دەکەن و گوتی: "ئەمریکا و عێراق ھەوڵدەدەن ئاسۆی ھاریکارییەکانیان نەک تەنھا لە بواری ئەمنییدا، بەڵکو لە بوارەکانی ئابووری و رۆشنبیریشدا پتەوتر بکەن".

ئاماژەی بەوەیشداوە کە بوونی سەربازیی ئێستای ئەمریکا لە عێراق لەسەر داوای حکوومەتی عێراق بوو لە ساڵی ٢٠١٤دا و گوتی: "ئەمریکا رابەرایەتی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات کە لە ٩٠ وڵات پێکھاتووە و پاڵپشتی لە حکوومەتی عێراق دەکات لەشەڕی دژبە داعش".

ئەو گوتیشی: "وێرای ئەوەی کە سەرجەم ناوچەکانی عێراق لە چنگی داعش دەرھێندراون و کۆنترۆڵکراونەتەوە، بەڵام ھێشتا ھەڕەشەی رێکخراوەکە بۆسەر عێراق ماوە، لەبەر ئەوە ھێشتا ھێزە عێراقییەکان پێویستییان بە یارمەتی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش ھەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستانی داعش".

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیۆ تولەر باسی لەوەشکردووە کە ئەرکی حکوومەتی عێراقە، ئاسایش بۆ کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دابین بکات و گوتی: "دەومانەوێت دەوڵەتی عێراق بەھێز بێت و خاوەن سەروەویی بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئاسایش نەک تەنھا بۆ دپیلۆماتکاران و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو بۆ سەرجەم دامەزاروەکان دابین بکات".

ماتیۆ تولەر سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە ئاشکرایکردووە کە عێراق بەرەوڕووی بەرەنگارییەکی ئەمنیی دەبێتەوە، چونکە ژمارەیەک لایەن دەیانەوێت ھەڵبژاردنەکان پەک بخەن و گوتی: "ئەمریکا پاڵپشتی دارایی پێشکەش بە عێراق دەکات بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە لە ١٠ی تشرینی یەکەم داھاتوودا ئەنجام بدرێن".

گوتیشی: "دەمانەوێت ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەرلە ھەموو شتێک گەلی عێراق دەیەوێت ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت کە ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر تیایدا دەنگ بدەن تا بیسەلمێنن کە ھێشتا باوەڕیان بە دیموکراسیی و پرۆسەی سیاسیی و دەستووریی عێراق ماوە".

ماتیۆ تولەر سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق، گوتی: "ھەوڵ نادەین کێشە لەنێوان عێراق و ئێراندا بخولقێنیین لە کۆتاییدا دەمانەوێت ھەردوو وڵات پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی یەکتر بێت".

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق گوتیشی: "کێشەکە ئەوەیە کە زۆرێک لە چالاکییەکانی ئێران لەناو عێراق، بوونەتە مایەی لاوازکردنی سەروەریی عێراق، چونکە ئەوەی مایەی قبوڵکردن نییە کە وڵاتێکی دراوسێ پاڵپشتیی لە گرووپی چەکدار و پارتەکان بکات بە ئامانجی لاوازکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە عێراق، لەبەر ئەوە چالاکییەکانی ئێران لەناو عێراق، نیگەرانی کردووین".

ماتیۆ تولەر سەبارەت بە کاری وەبەرھێنانی کۆمپانیا بیانییەکان لە عێراق گوتی: "لەئێستادا ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی بیر لەوە دەکەنەوە کە کاری وبەرھێنانی خۆیان لە عێراق کەم بکەنەوە، بەڵام ئەمریکا لەکارکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوام دەبێت، چونکە دەزانیین کە ئابووریی عێراق لەم قۆناغەی ئێستا و داھاتوودا، زیاتر پشت بە نەوت و غاز دەبەستێت".

 

هه‌واڵی گرنگ