لەبارەی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەمینداری گشتییی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق دهڵێت: هیچ شتێک لە ئارادا نییە و بابەتەکە هەمووی درۆ و فێڵە.
قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگهیاند: ئیدارەی ئەمریکا هیچ نیازێکی ڕاستەقینەی نییە بۆ دەرچوون لە عێراق، دەرئەنجامی گفتوگۆی ستراتیژیش کشانەوەی ئەمریکا نییە لە عێراق، بەڵکو تەنها یاریکردنە بە وشە و دەربڕینەکان.
ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق وتیشی:هێزەکانی ئەمریکا ناکشێنەوە و بابەتەکە هەمووی درۆ و فێڵەو، بابەتی کۆتاییهاتنی ئەرکی شەڕکردنی هێزەکانی ئەمریکا بە زاری سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی عێراقدا نەهاتووە.
قەیس خەزعەلی ئاماژهی بهوهكردووه، ڕاگەیەنراوی هەردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق و ئەمریکاش بابەتی هێزی شەڕکەری ڕوون نەکردۆتەوە کە چی لەخۆدەگرێت و، ڕاگەیەنراوی کشاندنەوەی هێزی شەڕکەر هیچ ڕوون نییە و، بە مانای کشانەوەی سەربازە شەڕکەرەکان نایەت.
ناوبراو باسی لەوەشکردووە، هەموو بابەتەکە یاریکردنە بە سەردێڕ و وشەکان، فڕۆکەکانی ئەمریکا هێشتا بەسەر ئاسمانی بەغدا دەسوڕێنەوەو، بۆ مەبەستی سیخوڕی بەکاردەهێنرێن.
شایهنی باسه، سێشەممەی ڕابردوو، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگهیاند: تاوەکوی کۆتایی ئەمساڵ هێزی شەڕکەری ئەمریکا دەگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان و، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.