د. زانا دزەیی پسپۆڕی هەناو هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان و لە مەترسیەك ئاگاداریان دەكاتەوەو ڕایدەگەیەنێت: ئەو ھەڵە زانستیانەی تووشبوانی ڤایرەسی كۆڕۆنا دەیكەن لەوانەی كە نەخۆشییەكەیان بە سووكیی گرتووە، بۆ ئەو نەخۆشە بەڕێزانەی كە نەخۆشییەكەیان بە تووندی نەگرتووە.
دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
ئەو ھەڵە زانستیانەی تووشبوانی ڤایرەسی كۆڕۆنا دەیكەن لەوانەی كە نەخۆشییەكەیان بە سووكیی گرتووە بۆ ئەو نەخۆشە بەڕێزانەی كە نەخۆشییەكەیان بە تووندی نەگرتووە، تكایە ئەم ھەڵە زانستیانە مەكەن:
-پشكنینی خوێنی تاقیگەیی وەك ئەوەی لە زمانە عامییەكە بە ھەڵە پێی دەڵێن ڕێژەی ھەوكردن و ڕێژەی مەیینی خوێن ، ھیچ پشكنینێك پێویست ناكات بكرێت ئەگەر نەخۆشییەكەت بە سووكی گرتبێت مەگەر پزیشكی پسپۆڕی تایبەت بۆ ھۆكارێكی دیارییكراو داوای بكات.
-پشكنینی تیشكی ئێكس (ئەشیعە) و سی تی سكان (میفراز)، ھیچ كاتێك پێویست ناكات ئەگەر نەخۆشییەكەت بە سووكی گرتبێت.
-دەرزی خوێن شل كردنەوە یان دەرزی ژێر پێست یان حەبی خوێن شل كردنەوە، ھیچ كاتێك پێویست ناكات ئەگەر نەخۆشییەكەت بە سووكی گرتبێت.
-دەرمانی دژە بەكتریا (ئەنتیبایۆتیك) جا حەب بێت یان دەرزی، تكایە تكایە ھیچ كاتێك پێویست ناكات وەریبگریت.
-دووبارە كردنەوەی پشكنینی RT-PCR یان ئەوەی پێی دەووترێت فەحسی لووت و قورگ یان مەسحە، پێویست ناكات بیكەیت تەنھا لەو كاتانە نەبێت كە پزیشكی پسپۆڕ داوای بكات یان بۆ مەبەستێكی دیارییكراو.
-----------------