كە منداڵ لە دایك دەبێت راستەوخۆ دوای لە دایك بوونی دەبێت دەرزی ڤیتامین كەی وەرگرێت و بدرێت لە رانی، وە پێویستە دایك و باوكی منداڵەكە پرسیار بكەن و دڵنیا بن كە ئەو دەرزییەی وەرگرتووە یان نا، ئەگەر ئەو دەرزیە وەرنەگرێت ئەگەری تووشبوونی خوێن بەر بوونی هەیە.
1. دەبێت هەموو منداڵێك دوای لە دایك بوونی یەك جار پشكنینی هۆرمۆنی غودەی بۆ بكرێت، چونكە ئەگەر منداڵەكە هۆرمۆنی غودەی كەم بێت و چارەسەر وەرنەگرێت كاریگەری توندی لەسەر منداڵەكە دەبێت.
2. دەبێت شیری دایك بدرێت بە منداڵەكەو دوای لە دایك بوونی منداڵەكە چ بە نەشتەرگەری یان لە دایك بوونی سروشتی دەتوانی شیری دایكی پێ بدرێت.
3. ئەوانەی شیری قوتویان پێ دەدرێت نابێت بە هیچ شێوەیەك شیرەكە خەست یان روون بگرنەوە بۆ قەبزی یان سكچوون، چونكە هەر دەست كاری كردنێكی گرتنەوەی شیر مەترسی گەورە لەسەر گەشەی منداڵەكەو توانای مێشكی منداڵەكە دروست دەكات.
4. ئەوانەی شیر قوتو دەخۆن، ئەو بوتڵەی با كاری دێنن پێویستە پێش بەكارهێنانی بوتڵەكە دڵنیابن كە هەر یەك رەقەم یەكسانە بە (30) ملیلیترو تاقیكەنەوە، ئەگەر نەیانزانی پرسیار لە كەسێكی شارەزا كەن بۆیان تاقیكاتەوە، چونكە هەندێك بوتڵ هەن رەقەمی سەر بووتڵەكە راست نییەو ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر منداڵەكە دەبێت.
5. دەبێت ئەو كرێمەی كە بەكاردێت بۆ دوای دابی گۆڕین مەرجەو دەبێت ماددەی ستیرۆیدی تێدا نەبێت، كە ماددەیەكە زۆر بە خێرای سوتانەوە چاك دەكات، بەڵام كۆمەڵێك گرفتی خراپ لەسەر منداڵەكە دروست دەكات لەوانە ناسكی ئێسكەكان و قەڵەوی و گۆڕینی شەكرەو پەستانی خوێنی منداڵەكە، دایك و باوك لە كاتی كڕینی كرێمی دوای دابی گۆڕین دەبێت پرسیار لە دەرمانخانەكە بكەن ئایا ماددەی ستیرۆیدی تێدایە یان نا، یان خۆی پێكهاتەكانی سەر كرێمەكە بخوێنێتەوە.
6. نابێت بە هیچ شێوەیەك بێشكە بەكاربێت، ئەگەری دەرچوونی جومگەی رانی منداڵەكە زیاد دەكات و پشتە سەری منداڵەكە تەخت دەكات.
7. قوماتە تەنها بۆ دەستەكانەو بە هیچ شێوەیەك نابێت قاچەكان قوماتە بكرێن، ئەگەری دەرچوونی جوومگەی ران زیاد دەكات.
8. ئاو نابێت تا شەش مانگ بدرێت بە كۆرپەلە، چونكە شیر پێكهاتەی سەرەكی ئاوە، وە ئاو پێدان بە منداڵی خوار شەش مانگ گەشەی منداڵەكە دوا دەخات، چونكە گەدەی منداڵ بچووكەو ئاو پێكهاتەی پرۆتین و ڤیتامین و چەوری تێدا نیە.
9. هەنگوین بە هیچ شێوەیەك نابێ بدرێت بە منداڵی خوار یەك ساڵ.
(د هونەر جەمال هەورامی - لە نەخۆشیەكانی منداڵان و تازە لەدایكبووان)