ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی مەترسییەكانی كۆرۆنا بڵاوكردەوەو چەند بڕیارێكی لەوبارەیەوە دەركرد.
لە ڕاگەیەنراوێكدا ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، ڕەوشی تەندروستی شارەكەمان بەهۆی بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی كۆڕۆنا مەترسیدارەو مەترسییەكانی هەڵكشان و تەشەنەسەندنی كۆرۆنای نوێش ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیاد بوون دایە بۆ سەرگیانی هاوڵاتیان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی شارەكەمان، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، تەواوی هاوڵاتیان و دانیشتووانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگاداردەكاتەوە، لەم بڕیارانە:
یەكەم/ هەروەك لە ڕاگەیەندراوی ڕۆژی (2021.7.27) ڕامانگەیاندووە، پرسەدانان لە (كۆڵان – هۆڵ – ماڵ – ژێرخێوەت – باخچەو هەرشوێنێكی تر) قەدەغەیەو هەر كەسێك پابەند نەبێت سزا دەدرێت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی زۆری ژمارەی مردووان بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە، بەشێك لەهاوڵاتییان پابەندنین و ئاگادارین سەرپێچی لەم بڕیارە دەكرێت، بۆیە جارێكی تر هۆشداری دەدەین بە هاوڵاتیانی شارەكەمان كە پابەندی ئەو بڕیارەبن و ڕەچاوی ڕێكارەكانی خۆپارێزی بكەن، بەپێچەوانەوە هەر هاوڵاتییەك پرسە لە (كۆڵان – هۆڵ – ماڵ – ژێرخێوەت – باخچەو هەرشوێنێكی تر) دابنێت، لەلایەن هێزەكانی پۆلیس دەست بەجێ پرسەكەی دادەخرێت و بەپێبژاردن سزا دەدرێت.
دووەم/ دۆخەكە هەستیارەو ڕەوشی تەندروستی شارەكەمان مەترسیدارەو ژمارەی تووشبوانی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆناش لەزیادبووندایە، بەوهۆیەوە لەنێو نەخۆشخانەكان ژمارەیەكی زۆر لە كەس و كارو خانەوادەو خزمانی تووشبوان سەردانی نەخۆشخانەكان دەكەن و لەبەردەم نەخۆشخانەكانی تایبەت بەچارەسەری تووشبوانی كۆرۆنا دەمێنەوەو قەرەباڵغی زۆر دروست دەكەن، ئەوەش هۆكارێكی دیكەی زیادبوونی ژمارەی تووشبوان و بڵاوبوونەوەو تەشەنەسەندنی كۆرۆنایە، بۆ ئەو مەبەستە هاوڵاتیانی سنووری پارێزگاكەمان ئاگاداردەكەینەوە، سەردانی تووشبوانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكان و مانەوەو دروستكردنی قەرەباڵغی لەبەردەم نەخۆشخانەكان بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیەو هەركەس و لایەنێك پابەند نەبێت ڕێكاری یاسایی لەبەرمبەردا دەگیرێتەبەر.
سێیەم/ سەرجەم هێزەكانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پێشمەرگە، پۆلیسی هاتوچۆ) ڕاسپێردراون ئامادەكاری بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە بكەن، ئەو بڕیارانەش سەرجەم قایمقامیەتەكانی سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە.