لە پارێزگاى جولەمێرگى باکورى کوردستان، بەهۆى لافاوەوە (500) سەر مەڕى گوندنشینان مردار دەبنەوە و چەند بێرییەکیش بریندار دەبن.
لەمبارەیەوە میدیاكانی باكوری كوردستان بلاویانكردەوە :لەناوچەى گەڤەر سەر بە پاریزگاى جولەمێرگ لە باکورى کوردستان، بەهۆى بارانى لەناکاو و بەخوڕ لافاو دروست دەبێت و بەهۆیەوە (500) سەر ئاژەڵى گوندنشینان دەکەونە بەر ئاوى لافا و مردار دەبنەوە.
لە زاری یەکێک لە شایەدحاڵەکانى روداوەکە بڵاوكراوەتەوە: لافاوەکە لەو کاتەدا دروست بووە کە مەڕدارەکان مەڕەکانیان بۆ بێرى کردن (دۆشین) مۆڵ کردبوو، بەڵام لەو کاتەدا لافاوێکى بەهێز دێت و چەندین سەر مەڕ لەگەڵ خۆى دەبات و چەند بێرییەکیش بەهۆى لافاوەکە بریندار دەبن و دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە.
شایەنی باسە ماوەى چەند رۆژیکە لەچەند ناوچەى باکورى کوردستان بارانى لە پڕ دەبارێت کە بوەتە هۆى دروستبونى لافاو و زەرەر و زیانى لە مەڕ و ماڵات و باخ و زەوى گوندنشینان داوە.