سوپای بەریتانیا یەکەم ناوەندی سەربازی تایبەت بە بۆشایی ئاسمانی کردەوە و فەرماندەیەکی سەربازی ئەو وڵاتەش دەڵێت، ناوەندەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی روسیا و چینە.
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندوە، ناوەندی فەرماندەیی بۆشایی ئاسمان، کە ناوەندێکی هاوبەشە لە نێوان سوپا، هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی و بارەگاکەی لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی شاهانەیە کراوەتەوە.
باسی لەوەشکردوە، لە دە ساڵی داهاتوودا بڕی یەک ملیار و 400 ملیۆن پاوەن بۆ ئەو ناوەندە تەرخان دەکەن.
حکومەتی بەریتانیا لەبارەی ئەو فەرماندەییە نوێیەی پێکیهێناوە رایگەیاندوە: هیچ نیازێکیان نییە چەک رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکەن، بەڵکوو دەیانەوێت لەو رێگەیەوە بەشێوەیەکی وردتر چاودێری هەڕەشە و مەترسیەکان بکەن.
مایک ویگستۆن یەکێک لە بەرپرسانی باڵای هێزی ئاسمانی بەریتانیا بە سکای نیوزی راگەیاندوە: لەئێستادا وڵاتانی وەک چین و روسیا سەرقاڵی چەندین تاقیکردنەوە و نمایشی ئەو کەرەستانەن کە بۆ کردنەئامانجی مانگە دەستکردەکان دروستکراون و بەنیازن چەند مانگێکی دەستکرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکەن، کە بەتەواوەتی تایبەتمەندی چەکیان هەیە.
ساڵی 2019ش دۆناڵ ترەمپ، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا یاسای پێکهێنانی هێزی بۆشایی ئاسمانی واژۆکرد و رایگەیاند: بۆشایی ئاسمان پانتاییەکی نوێیە بۆ جەنگی جیهانی و پێویستە وڵاتەکە لەو گۆڕەپانەش بەسەر چین و روسیادا باڵادەست بێت.