کونسوڵگەری ھیندستان لە ھەرێم داوای دەستپێکردنەوەی گەشتی ھاوڵاتیان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ھیندستان دەکات.
"د. ڕەھێڵ فەرەیدون" بریکاری وەزارەتی تەندروستی ھەرێم لە لێدوانێكدا ڕایگەیاندوە: لە ئێستادا کە ئامارەکانی کۆرۆنا لە ھیندستان کەمی کردووە، کونسوڵگەری ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان، داوایکردووە گەشتکردن و ھاتوچۆی ھاوڵاتیان لە نێوان ھەردوولا دەستپێبیکاتەوە، چونکە ژمارەیەک کرێکاری ھیندی لە شارەکانی ھەرێم کاردەکەن و لە ھەرێمیشەوە بە مەبەستی چارەسەر نەخۆش ڕەوانەی ھیندستان دەکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: وەزارەتی تەندروستی ھەرێم پێی ڕاگەیاندوون ھەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تەندروستی ھەردوولا دەکەن و لە کۆبوونەوەکانی داھاتووی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری لە بارەوە دەدرێت.