كوردستان لە نێوان گۆڕانكاریە جیهانیەكاندا، زەنگی داهاتوو ...
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

كوردستان لە نێوان گۆڕانكاریە جیهانیەكاندا، زەنگی داهاتوو ...

- سیاسیەکانی ئەمڕۆ زۆری وەك کڕیاری کۆینە گریمانەییەکانن، هەیە بۆی دەردەچێ و هەشە دەیدۆڕێنێ، بووە بە قومار، واتە نابێ متمانە لەسەر براوە هەبێ، زیرەك و باشترینەکانیش ئەوانەن کە بۆیان دەرچوو بزانن چۆن مامەڵەی پێوە بکەن و دیسان نەیدۆڕێننەوە. - طاڵیبان ئێستە لە شەڕدا نەیبردۆتەوە، بەڵکو دۆخێك دروست بووە و بۆی دەرچووە، چونکی براوەی شەڕ ئەوەیە بەرانبەرەکەی شەڕ بکات و ئەویش بە شەڕ بەسەریدا سەربکەوێ و دەری بپەڕێنێ، یان بیانکوژێ و بە دیلیان بگرێ، ئەوە ڕوون و ئاشکرایە ئامریکا بە شەڕ دەرنەکراوە، بەڵکو ئەمریکا خۆی ساحەکەی چۆڵ کردووە، ئەویش بە ڕێکەوتن، هەتا چەك و جبەخانەو گشت کەرەستەکانیشیان بەجێ هێشتووە بەبێ ئەوەش خراپی بکەن یان بیانسوتێنن، ئەوەی کە چاوەڕواننەکراو بووە پاشەکشەی تەواوەتی سەرۆك و دەستەو دائیرەی حکوومەت بووە، ئەمەش بە خاڵێکی گەورە بۆ طاڵیبان ئەژمار دەکرێ و هەنگاوەکانی داهاتووشی قورستر دەکات، قورستر نەك وەك پێکهێنانی حکومەت بەڵکو وەك بەرپرسیاریەتی گەورەی بەڕێوەبردن، کە طاڵیبان ئەزموونی بەڕێوەبردنی کەمە، تەنها ئەزموونی شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەی هەیە. - ئەم دۆخەی ئێستە ڕێك وەك ١٩٩١ و دابەزینی پێشمەرگەبوو، پێشمەرگە هەرگیز توانای دەستەڵاتی بەعسی نەبوو، جگە لە ئیزعاجکردنی نەبێ وەك کردەوە پارتیزانییەکان، کە دۆخەکە بە بەرژەوەندی شکایەوە بەهۆی شەڕی کۆیتەوە ئەمریکا لە عێراقیدا و ساحەی بۆ پێشمەرگە چۆڵ کرد، هێزی پێشمەرگەش هەر ئەو کاتەش ئەوەندە هێزێکی شڕەخۆر بوو ئەوەندە شۆڕشگێر نەبوو، هەرکەدابەزین بە داگیرکاری و فەرهوودی دەستیان پێکرد، ئەوەی بەعس نەیکردبوو ئەوان کردیان، زۆرێك لە موڵکە گشتییەکانیشان برد بۆ خۆیان و زۆری تا ئێستەش هەروا ماوەتەوە بەبێ تاپۆ، لەسەر هەمان نەمەطیش هەر بەردەوامن!. دواتریش ئەو دەرفەتە زۆرەی کە لە بەردەستدا بووە ڕۆژ بە ڕۆژ کەلێنی خستووەتە نێوان خۆیان و هاوڵاتیان، بۆیە دەستەڵاتی ئێستەی کوردی کە خاوەنی دڵی خەڵك و شەهامەتێك بوو لە شاخ و پێشوازی گەرمی لێکرا لە دابەزیندا دواتر ئیستە دەشوبهێ بەو دەستەڵاتەی کە طاڵیبان ڕایماڵی، چونکی ئەم جۆرە دەستەڵاتە تەنها دەستەڵاتێکی مادی و لەسەر بەرژەوەندی ڕاگیراوە ئەویش بە نا شەرعی، لە کاتێکدا لە بنەڕەتدا شەرعیەتی وەرگرتووە. - ئاوەژوبونەوەی خواستەکان، بەرەی عەلمانی شەرقی و هاوپەیمانی غەربی نەیتوانی دیموکراسییەت لە شەرقدا بەرقەرار بکات. جگە لە کوشتار و بە فیڕۆدانی سەروەتی گشتیش هیچی لەباردا نەبوو وەک حوکمڕانی، ئەمریکا و غەربیش شەهامەتێکی ناوخۆیش گەر هەیانبوبێ لە دەرەوە لە دەستیاندا، خەڵکیش بە ئەزموون بۆی دەرکەوت خەمەکە خەمی خەڵك نەبوو، دیموکراسیەکەش تەنها خورمای سەردەمی جاهیلیەتەکە بوو، زیاتر لە جارێك و زۆرتر لە وڵاتێك بە هەمان سیستم و زۆر بە سلمی ئیسلامییەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بە دەست دەهێنا و دواتر بە ئینقیلاب کۆتایی پێ دەهات. - ئێستە نۆرەی بەرە ئیسلامییەکەیەو جیاواز لە عەلمانییەکە کە خۆی بە غەربدا هەڵدەواسی و نۆکەری و جاشایەتی بۆ دەکرد، ئێستە ئەوان پشتگیریی ناچاریی ئیسلامییەکە دەکەن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی خۆیاندا (بەرەی چین) هاوڵاتیانیش دڵیان لەگەڵ ئیسلامییەکاندایە. گشت ئەو هێزانەی ئەمریکا مەشقی پێکردوون و پڕچەکی کردوون بەرگەی نەعل لە پێیەکی طاڵیبانیان نەگرت! ئەمریکا خۆی ئەوە باش باش دەزانێ و پێش ڕووداوەکان کەوتووە و ساحە بۆ ئیسلامییەکان چۆڵ دەکات. بەڵام ئەنجامەکان بە تەواوەتی وا دەرنەچووە کە چاوەڕوانکراو بووە، بۆ نمونە چاوەڕێ دەکرا لە یەکەم هەنگاوی دەستبەسەراگرتنی تەواوی طاڵیبان هێزی ڕووسی و چینی داخل ببێ (چاودێری سەختی فڕۆکەخانەش بۆ ئەوە بوو، گەرنا ئەوەی دەردەچوو ڕێگریان لە یەك کەس نەدەکرد)، بەڵام ئەوە ڕووینەدا، بە پێچەوانەوە هەتا زۆر نەرمیش بەرانبەریان دەردەکەون و دوور نییە لە ڕووی سیاسیشەوە طاڵیبان لەگەڵ ڕووسیاو چینیشدا ڕێك نەکەوێ، بە بڕوای من گەر زیرەك بن ئەو ڕێکەوتنە دەکەن و ئەزموونی زەمەنی سۆڤیەت دووبارە ناکەنەوە. تۆپەکە کەوتووەتە بەرپێی هێزە ئیسلامییەکان بۆ دروستکردنەوەی بەرەیەکی گەورەی ئیسلامی، بە تایبەت لەم کاتەدا تورکیا ڕۆڵێکی گەورە و گران دەگێڕێ و تا ئێستەش سەرکەوتوو بووە، چونکی تورکیا جیاواز لە دەستەڵاتەکانی تر هێشتا شارعی تورکی خۆی لەگەڵەو نەبووەتە ئەو هێزەی بچێتە بەرەی ئەمریکا یان چین و ڕووسیا و سەربەخۆییەکی تەواوی خۆی هەیە، لەگەڵ قورساییەکی سەربازی بەهێز، پاکستانیش بە ناڕاستەوخۆ و لە ڕووی جەماوەری و هەتا دەستەڵاتیشەوە زەمینەی بۆ سازاوە، مالیزیاش هەردەم لەگەڵ ئەم جۆرە بەرەدایە، گەر بێت و دۆخەکە زۆریش بشەڵەقێ عەلمانیەکانی ئەندەنوسیاش زۆرتر فشۆڵن و شەعبی ئەندەنوسی لەگەڵ بەرەی ئیسلامیدایە. ئەمریکا و ئەوروپاش جیاواز لە هەوڵەکانی ڕابردوو لەبەر بەهێزی بەرەی چین پشتگیری لایەنە ئیسلامییەکە دەکات، لەبەر هیچ نا تەنها لەبەر بەرژەوەندی خۆی. لەم کێبەرکێی زلهێزانەدا دەرفەت بۆ وڵاتە ئیسلامییەکان دروست بووە خۆیان دروست بکەنەوە، ئەو بەڵێن و خەونانەی کە دروستکرا بۆ ڕووخانی خیلافەتی عوسمانی و زۆر بەتایبەتی لە سەردەمی عبدالحمیدا ئەوە زیاتر لە ١٠٠ ساڵی بەسەردا ڕۆشت و هیچی نەبرایە سەر، بە نسبەتی کوردەوە تەنها چاوی لە بوون بە دەوڵەتە، وا دەزانێ وەك کورد کە بوو بە دەوڵەت ئیتر کێشەکانی چارەسەر دەبێ، لە کاتێکدا خۆ وڵاتەکانی تر دەوڵەتیشن و هێشتا زۆرینەیان کێشەیان لە کورد زیاترە، ئەڤغانستان خۆ کێشەی بوون بە دەوڵەتی نییە، طاڵیبان لەسەر حوکم بێ و لەسەر حوکم نەبێ ئەڤغانستان هەر دەوڵەتە، بەڵام گەلی ئەڤغانی لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیادا هەرگیز ئیسراحەتی نەکردووە. هێزە ئیسلامییەکەش کە لە بەرژەوەندیدا هەرلایەکدا بێ پشتگیری تەواوی لێ دەکات و لەگەڵیشی دادەنیشێ و یارمەتیشی دەدات، کە پێچەوانەش بوو دەبن بە تیرۆریست و هەزاران فیلم و نمایشی جۆربەجۆریشیان لەسەر دروست دەکرێ بۆ سەلماندنی، بەڵام ئێستە چاودێری ڕاگەیاندنە جیهانییەکان بکە بە تایبەتی ئەوروپا و ئەمریکا بزان چەند بە ڕێزیشەوە ناوی طاڵیبان دەهێنن، بە هیچ شێوەیەك وشەی تیرۆریستیان بۆ بەکارناهێنن. ئەم گۆڕانکاریانە لە چوارچێوەی زلهێزەکاندا پێویستە لۆکاڵییەن سودی خێراو بەخۆدا چوونەوەی لێ وەربگیرێ، بەرەی ئەمریکی و ئەوروپی لە پاشەکشەدایە لە شەرقدا، دووبارە ڕۆڵی چین و ڕووسیا دێتەوە پێشەوە، کە هەر ئەوەشە ترسی سەرەکی ئەمریکا و ئەوروپا، جگە لەوەی وەك ئەزموونیش فەشەلی هێناوە لە بەرقەرارنەبوونی ئاشتی و ئارامی لە شەرقدا، وە هاوپەیمانەکانیشی ئەوانەن کە هیچ بەرگەناگرن، سبەینێ ئەمریکا لە عێراق و کوردستان بکێشێتەوە هێزی عێراقی و هێزی کوردیش بەرگەی ١٠ ڕۆژی هیچ هێزێکی عەقائیدی ناگرێ، چ سونەبێ و سونەکانی عێراق دووبارە خۆیان دروست بکەنەوە، چ شیعە بێ، لەو نێوەندەدا کوردستان دەکەوێتە بەردەم ٢ وڵاتی بەهێزەوە کە ئەوانیش ئێران و تورکیایە و کوردستانی باشوور بەرەو دابەشبوون دەڕوات بەشێکی سەر بە ئێران و بەشێکیشی سەربە تورکیا، ئەم دابەشبوونەش بە بڕوای من بەو شێوەیە نابێ کە بەشە تورکیەکە یان فارسیەکە وەك هەمان بەشەکانی تری کوردانی وڵاتەکە بن، گەر دەستەڵاتی کوردی لە ئێستەدا بەخۆیدا نەچێتەوە هەمان چارەنووسی ئۆکرانییەکانیان دەبێ، ئەو بەشانەی کە کەوتنە ژێر دەستی ڕووسیا، کە نە وڵاتێکی تەواو سەر بە ڕووسیان وە نە ئۆکرانیشن، لە نێوان ناسنامەو هەتا عمولەشدا گیریان کردووە، برسیەتی و نەهامەتیش تا ئاستێکی زۆر قوڵ ڕۆشتووە کە سەردەمی حەسارەکەو خۆمان لە چاویاندا زۆر زۆر باشتر بوو. گەر بێت و هێزە کوردییەکان ئەقڵانی و زۆر گەورە بیرنەکەنەوە کورد دەکەوێتە ژێر بەرداشێکی زۆر خراپەوە، چونکە پەکەکە بە تایبەتی لە بەرەی دژە ئەمریکیەکەدایە، گەرچی ساڵانی ڕابردوو پشتگیری کردبن لۆکاڵیەن ئێستە ئەوەش بەسەرچوو، دوژمنەکانی دوێنێی تورکیا ناچار دەبنەوە بە دۆستی ئەمڕۆی، لەم نێوەندەدا کورد هیچ پشتگیرییەکی نامێنێ، کوردیش بەبێ پشتگیری دەرەکی نە مادیەن نە عەسکەریەن خۆی هیچی پێناکرێ، وەك سەردەمی قازی و پشتبەردانی سۆڤیەت یەکسەر دەڕووخێ و ئەوەی بە دەستهاتووە لە دەست دەچێ. کورد چی بکات لەم دۆخەدا؟ ١-لایەکی حەقیقی بکاتەوە بەلای گەلەکەی خۆیدا و نیەتپاکی و تەوبەی نصوح بکات و پارە شاراوەکان ئاشکرا بکات و خەڵکەکە ببوژێنێتەوە، هەرچەند درەنگە بەڵام هەر مەجالی تێدا ماوە. ٢-فکری قەومچێتی و شەڕی عەرەب و فارس و تورك لە ناخی خەڵکدا بڕەوێنێتەوە، کە کورد شەڕی کەسی پێناکرێ بەبێ هاوپەیمانییەتی، لە نێوان ئەم هاوپەیمانیەتیەشدا مەجبور نییە کوڕی خۆی بۆ کچی خەڵکی بدات بە کوشت، کە بەرەی ئەتاتورك زاڵبوون هەرچی هێزی ئیسلامی هەیە بە زمانی ئەمڕۆ زەرەری کرد بە کورد و تورکەوە، ئێستە دۆخەکە پێچەوانە دەبێتەوە و گەر بەرە پێچەوانەکان ئەقڵانە مامەڵە نەکەن دیسان کورد توشی کارەساتی گەورە دەبێتەوە بە خودی دەستەڵاتەکەشەوە، زەرەرمەندی یەکەم دەستەڵاتەکە دەبێ، چونکی کەلێنی گەورەی لە نێوان خۆیان و گەلدا دروست کردووە، ئەمجارەش پێچەوانەی ئاشبەتاڵەکانی تر دەبێ و ئەوروپاش بۆیان ئەمان نابێ. گشت زەنگەکانی شەڕی جیهانی سێهەم لێیداوە، کارەساتە سروشتیەکانیش هەر لە ئەنجامی ناکۆکییە گەورەکانەوەیە، کە گشت کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی ژینگە تا ئێستە فەشەلی هێناوە. بۆیە لە کۆتایدا دەڵێم پێویستە بازنە گەورە جیهانییەکان ببینین و بیرکردنەوەی لۆکاڵی و کێبەرکێی بچوك واز لێ بهێنن. چونکی ئەوانەی کە ڕوودەدات هیچی لۆکاڵی نییە و هەمووی پەیوەندی پێکەوە هەیە.

 

هه‌واڵی گرنگ