کوردستان ئەفغانستان نیە وداعشیش تاڵیبان نیه( ئامادە سازییەک بۆ ململانێی سونە- شێعە) لە رۆژهەڵات 
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

کوردستان ئەفغانستان نیە وداعشیش تاڵیبان نیه( ئامادە سازییەک بۆ ململانێی سونە- شێعە) لە رۆژهەڵات 

کەوتنی خێرای حکومەتی ئەفغانستان وتەسلیمبونیان بەتاڵیبان لەماوەیەکی کەمدا بۆیە مایەی لێکدانەوەی زۆر وفرە ئاڕاستە لە تەواوی نێوەند سیاسی وئیعلامی وسەنتەرەکانی تویژنەوەی سیاسی لە ئاستی جیهاندا ، هەلبەت کوردستانیش بەدەر نەبووەوبەتایبەتی لە سۆشیال میدیای کوردی بە سەدان کەس لەوبارەیەوە دەیان بابەت نوسراوە و بەڵام خاڵی سەرەکی زۆربەی لێکدانەوەکان بریتین لە شوبهاندی دۆخی عێراق کوردستان بەدۆخی ئەفغانستان جگە لە دەیان پێشبینیکردنی خراپ بۆ ئایندەی ئەم وڵاتە ودەیان لێکدانەوەی نا لۆژیکی بۆ بکرێت وەک ئەوەی ئەمریکیەکان خۆیان حازر کردبێت بڕۆن وداعشیش چاوەروانی هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەوان بکات بێ رەچاوگرانی جیاوازی دۆخەکان وکارەکتەرەکان. بە خێرایی ئاماژە بەچەند خاڵێکی سەرەکی دەکەین وسەرنجی خۆمان لەسەر دۆخە تازەی هاتۆتە ئاراوە دەخەینە روو.

1- تاڵیبان هێزێکی رێکخراون وپێش کەوتنیان بۆ ماوەی٥ ساڵ حوکمی تەواوی ئەفغانیان کردوە ولە ئاستی دونیاشدا بە جۆرێک لە جۆرەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا ، ولە سەرەتای نەوەدکانەوە هێزێکی شەڕکەرن بوون لە دژی روسیا بە پشتیوانی ئەمریکیەکان، ئەوان هەمیشە وەک جێگرەوەی حکومەت خۆیان ناساندوە وشەریان کردوە هەرچی داعشە هێزێکی چەکداری بێ شوناسی بێ جوگرافیای فرە رەگەزی ونادیارە ، لەماوەی ئەو یەک دووساڵەشی کە چەند هەبوون جگە لە یەکجار دەرکەوتنی بەغدادی هیچ کەسایەتێکی تریان دەرنەکەوت وکەسی نەیدەزانی کێن ئەوانەی سەرکردایەتیان دەکەن.

2- تاڵیبان هەرگیز بێ پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتانی تر نەیدەتوانی بەو ساناییە تەواوی وڵات بخاتە ژێر کۆنتڕوڵی خۆیەوە ، هەڵبەت ئەوەش بێ هۆکار نیە وبێ ئامانجیش نیە ، ئەگەر هۆکارەکان بریتیبین لە شکستی ئەمریکیەکان لە بونیاتنانەوەی ئەفغانستان ودروستکردنی سوپاێکی تۆکمە وحکومەتێکی مەدەنی بتوانێ لە ئاست خواستەکانی گەلی ئەفغان بێت وبڵاوبونەوەی گەندەڵی وەکو مۆرانە بەتەواوی دامەزراوەکان ئەفغان ، بەڵام لەولاشەوە ئەم چاوپۆشیەی ئەمریکا و وڵاتانی تر بێ ئامانج نیە ، وناکرێت بیرکردنەوەی لە خولقاندنی دۆخێکی تری شەڕ وئاشوب بە تایبەتی لە جۆری شەڕی مەزهەبی ( شیعە وسونە) بەنادیدە تەماشا بکەین ، کە دەکرێت دەوڵەتەکەی ئەفغانستان باشترین میکانزم بێت بۆ ملمڵانێکی درێژخایەنی لەو جۆرە.

3- زەمینەی سیاسی وحوکمڕانی عێراق وئەفغانستان ئەگەرچی لێکچونی زۆریشی هەبێت بەڵام بیناکردن لەسەردووبارە بوونەوەی هەمان سیناریو هەڵەیە ، عێراق بەتەنها ساحەی ئەمریکییەکان نیە تا بە رۆشتنی ئەوان بکەوێت ، هەر ئەو ئێرانەی دراوسێ رێگرێکی سەرسەختی کەوتنی دەوڵەتی ئێستای عێراقە چونکە ئەم دەوڵەتە جگە لەوەی لە رووی ستراتیژیەوە خزمەتێکی زۆر بە ئێران دەبەخشێت ، قوڵایکی ستراتیژی زۆریشی هەیە بۆ ئێران .هەرگیز ئێران رێگە نادات ئەم وڵاتە لەبەریەک هەڵوەشێتەوە.

سەبارەت بە کوردستانیش سەرەرای هەموو تێبینیەکان لەسەر دۆخی حوکمرانی وهەبوونی گەندەڵی بەڵام شوبهاندنی بە حکومەتی ئەفغانستان هەڵەیە ، وتا هەنووکە وبۆ دەیان ساڵی تریش کوردستان توانای روو بەرووبونەوەی ئاڵنگاریەکانی هەیە ومامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تەحدیانەی دێتە بەردەمی بەو مەرجەی بتوانێ ژێرخانێکی ئابووری باش وستراتیژێکی کوردستانی ، وسوپاێکی نیشتمانی یەکگرتووی تۆکمەی هەبێت ، ئەوەشمان لە بیر بێت لەهەر ئەگەرێکی تێکچونی دۆخی عێراق تاکە جوگرافیایەک کە زەرورەتێکی هەرێمی ونێودەوڵەتیه پارێزراو بێت هەرێمی کوردستانە ، ئەمە تەنها لەبەر خاتری ئێمە نیە بەڵکو بەرژەوەندییە دوور مەوداکانی خۆشیان بوا دەخوازێت .

4- کوردستانی باشور بە درێژای نزیکەی سەدەیەک خەبات بەڵام خۆشبەختانە هەرگیز نەبۆتە تەرەفگیری لە ململانێی مەزهەبگەرای شیعە وسونە وخۆشی پاراستوە وتەنانەت لەدوای روخانی رژێمیشەوە بە هاوتەریب لەگەڵ شیعەی عێراق لەگەڵ سونەش هەمیشە بەردەوامی داوە بە رایەڵەکان ولە روانگەی بەرژەوەندی کوردیەوە بینائی علاقات کراوە ، ئەگەرچی دەکرا بە یەک ریزی زیاتر وتۆکمەیی نێو ماڵی کوردی وەلانانی بەرژەوەندییە تەسەکەکانی حزبایەتی ، سترایژی پەیوەندییەکان وپاراستنی هاوسەنگی باشتر بەرێوە بچێت لە چوارچێوەی هەبوونی ستراتێژێکی روونی نیشتمانی بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە نیشتمانیەکان کە دیسانەوە بەداخەوە تا هەنووکە بوونی نیه.

5- لەگەڵ ئەوانەشدا جێگەی خوێتی هەڵوەستەی جدی بکرێت لە سەر توانای سەربازی تەواوی هێزە چەکدارەکانی هەرێم وحەتمیەتی یەکخستنی وپێکهێنانی سوپاێکی نیشتمانی تۆکمە وخاوەن بیرووباوەرێکی سەربازی کوردستانی بۆ روو بەرووبونەوەی هەر پێشهاتێکی چاوەڕوان نەکراو کە هەمیشە ئەگەری لە جۆری لەم ولاتانی بوونی هەیە.

ئەوەش بێ بوونی ستراتیژێکی روونی نیشتمانی ناکرێت ونایەتە دی ، هاوکات لەگەڵ بەهێزبوونی دام ودەزگا دەستوریەکانی کوردستان وبینینی رۆڵی نیشتمانی بەدەر لە مۆرکە حزبایەتییەکەی کە زۆر جار بە سیمای ئەم دام وەزگا دەستوریانەوە دەردەکەوێت.

6- هەرچی سەبارەت بە ململانێی سونە وشیعە هەیە وشەڕی نفوز لەناوچەکە وسەرکەوتنی ئێرانی لە زۆربەی ئەو زۆنانەی شەڕی نفوزی تێدا دەکرێت وەک سوریا، لوبنان ، عێراق ، یەمەن ..

ولەو لاشەوە شکستهێنانی سعودیه وئیمارات لەم شەڕەدا بۆ رێگە گرتن لەو پانتاییە فراوانەی ئێران ، کەواتە دەکرێت تاڵیبان وەک جێگرەوەی تەواوی هێزە سونیەکان ( ولاتانی وەک سعودیو وئیمارات - هەروەها هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش وەک حزبە ئیسلامیەکان) کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئێرانیان نیە ..

دەکرێت تاڵیبان لە روانگەی کۆمەڵێک فاکتەر ئەم رۆڵە ببینێت ولە ئایندەدا لەکات وشوێنی خۆیدا بەکار بهێنرێت .

7- تاڵیبان لە ئەفغانستان وپاشان لە پاکستانیش دەکرێت رۆڵ ببینن لە دانانی بەربەست بۆ درێژبونەوەی نفوزی چین لەناوچەکە ورێگربن لە گەورەترین رێرەوەی بارزگانی وشکانی لە چینەوە تا دەگاتە رۆژهەڵات ، لە کۆتایدا دەبێ ئەوە بڵێن هەرگیز ئەمریکا وڕۆژئاوا لە سەر بنەمای ئەوەی چەند حکومەتێک مەدەنی ودیموکراتخوازە هەڵوێست ومامەڵەناکات ، هەر ئەوانن لەگەڵ تاڵیبانێکی توندرەو مامەڵە دەکەن وهەر ئەوانیشن پشتیوانی کودەتاکان دەکەن بۆ کەوتنی ئەو هێزە ئیسلامیانەی بە دەنگی خەڵک ومیکانزمی دیموکراسی دێنە دەسەڵات ..

بۆ ئێمەی کوردیش هەروایە ، تا ئەو ئەندازەیە لەگەڵمانن کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان هاوتەریب بێت لەگەڵ ئێمەدا ، لێرەشەوە گرنگە ئێمەی کورد بتوانین ستراتیژی نەتەوەیی خۆمان بەشێوازێک فۆرمەلیزەبکەین کەهەم ئامانجەکانی خۆمان بپاریزێت هەمیش ، هاوتەریب لەگەڵ بەرژوەندی زلهێزانیش بێت ، لەگەڵ ئەوەی کە تۆکمەیی ناوخۆی باشترین فاکتەری مانەوە وبەردەوامیب بوونە.

 

 

هه‌واڵی گرنگ