لەدوای دەستبەسەراگرتنی سەرجەم شاروهەرێمەكان و كابولی پایتەخت لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە، بزوتنەوەكە لەهەوڵی هێوركردنەوەی باری دەروونی خەڵك و هەوڵی پاراستن و جێگیربوونی ئەمن و ئاسایش و هەستانەوەی دامەزراوە حكومییەكان دەكەن.
بەڵام گەورەترین بەربەست و گرفتەمەزنەكە ئابوری لەرزۆك و داتەپیوی ئەو وڵاتەیە بەهۆی شەڕی بەردەوام و گەندەڵی بەرفراوانی كاربەدەستانی حكومەتی پێشوو، بەربەستی سەرەكییە لەبەردەم دەستەڵاتدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان و حكومەتی داهاتوودا.
ئەفغانستان، لەكۆی (190) وڵاتی جیهاندا، پلەی (173) ی ڕیزبەندی ئابوری وڵاتاندایە، واتە لەخراپترینەكانی جیهاندایە.
بەنزیكەی نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە، لەژێر هێڵی هەژارییەوە ئەژین. سێ بەشی دانیشتوان، واتە نزیكەی (14) ملیۆن كەس، بەدەست برسییەتییەوە دەناڵێنن...
لەماوەی ڕابردودا، بەشێوەیەكی گشتی ئابوری و حكومەتی ئەو وڵاتە بۆ جێ بەجێكردنی خزمەتگوزارییەكان، پشتی بەهاوكاری و كۆمەكی نێودەوڵەتی دەبەست.
لەئێستادا، ئابوری ئەفغانستان، بەدەست دەیان قەیران و گرفتی گەورەی ئابوری وداراییەوە دەناڵێنێت، كۆرۆنا ڤایرۆسیش بارەكەی قورس وگرانتر كردووە.
لەلایەكی ترەوە، بەهای دراوی ئەو وڵاتە، بەردەوام لەدابەزیندایە، بەجۆرێك یەك دۆلاری ئەمەریكی هاوتایە بە (86) ئەفغانی ئەفغانستان.
لەدواین ڕاپۆرتی بانكی نێودەوڵەتی هاتووە، ئابوری ئەو وڵاتە لەوپەڕی لاوازی ودارماندایە، پشتی بەهاوكاری و یارمەتی وڵاتان بەگشتی و وڵاتانی ناتۆ بەتایبەتی بەستووە.
لەلایەكی ترەوە، كەرتی تایبەت لەئەفغانستان، بەتەواوەتی لاوازە وبەشدارییەكی ئەوتۆ لەئابوریدا ناكات.
پێشتر سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، مەترسی خۆی لەناسەقامگیری ئابوری خستبووە ڕوو، لەهەمانكاتدا سندوقەكە پێ ی وایە، لەپاش دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم دامەزراوە حكومی و سەرەكییەكاندا لەلایەن تاڵیبانەوە، ئابوری ئەو وڵاتە بەشێوەیەكی خێراتر لەداڕمان و كەوتن نزیك دەبێتەوە.
لەڕاپۆرتەكەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیدا پێشبینی ئەوە دەكات، كەتوانای دامەزراوەكانی دەوڵەت بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاریەگشتییەكانی تر، لەماوەی كەمتر لەساڵێك بەتەواوی دابڕمێت، بێگومان ئەمەش لەسەر جۆری سیاسەتی حكومداری تاڵیبانەوە دەوەستێت.
سەرەڕای هاوكاری نێودەوڵەتی، لەدوای (20) ساڵ، ئاستی كورتهێنانی ساڵانەی بودجەی گشتی هەمیشە گەورە و زیاتر بووە.
بودجەی ساڵانەی حكومەت، زیاتر لە نیوەی هاوكاری دارایی وڵاتان و كەمتر لەچارەكێكی ئەو بڕە پارانەی كەئەفغانیەكانی دەرەوەی وڵات، ساڵانە بۆ كەسوكاریان حەواڵەیان كردووە پێكدێت.
پێشبینی دەكرێت، بەهۆی ئەم گۆڕانكاریانەوە نزیكەی یەك ملیۆن كرێكارو فەرمانبەر ومووچەخۆر لەدامەزراوەكانی دەوڵەت بێكار ببن، ڕێژەی بێكاری لەو وڵاتە گەورەتر ببێت وڕێژەكە بۆ نزیكەی (40%) دەستی كاری ئەفغانی.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەسەدان مناڵ، لەسەرجەم كایەكانی ژیاندا كاری قورس و گران ئەنجام دەدەن....
لەلایەكی ترەوە، كەرتی كشتوكاڵ، كەبەشادەماری ئابوری دادەنرا، بەهۆی ووشكەساڵی و كەمبونەوەی ئاوەوە لەپاشەكشەدایەو توانای ڕەخساندنی هەلی كاری نەماوە.
چاودێران، ترسی ئەوەیان هەیە كەبزوتنەوەی تاڵیبان نەتوانێت بەو دەرامەتانەی لەبەردەستدان، خزمەتگوزارییەگشتییەكان دابین بكات، كەلەئێستادا لەنزمترین ئاستدایە، بەتایبەت كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستی و ژێرخانی ئابوری، هەموو ئەمانە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم گەشەپێدانی ئابوری ئەو وڵاتە.
لەلایەكی ترەوە، پێشبینی دەكرێت بەرهەمهێنانی حەشیش لەناوچەكانی باكوری ئەو وڵاتە زیاد بكات، داهاتی حەشیش بۆ تاڵیبان، سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی پێداویستیەكانیان بووە، بەتایبەتی مووچەو بژێوی نزیكەی (100) هەزار ئەندامی كارای بزوتنەوەكە.
شایانی وەبیرهێناوەیە، ئەمەریكاو وڵاتانی ناتۆ، ساڵانە بەنزیكەی (15) ملیار دۆلار، كۆمەك و هاوكاریان پێشكەش بەحكومەتی كابول كردبوو، هەر ئەمەش سەرچاوەی سەرەكی ئابوری وڵات بووە.
لەپاش رێكەوتنی ئەمەریكاو تاڵیبان لەقەتەر، وادیارە ئەمەریكا داوای پابەندبونی سیاسی لەبزوتنەوەكە هەیە، لەبەرامبەر بەردەوامی هاوكاریە داراییەكاندا، ئەمەش گومان لەڕێكەوتنەكەو هاتنەسەر حوكمیان دەكات.
لەئایندەدا، هەڵسوكەوتی تاڵیبان لەناوخۆ و سیاسەتی دەرەوەی كابول، بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ و جیهان، ڕاستی ودروستی ئەم گومانانە ڕووندەكاتەوە...
لەلایەكی ترەوە، هەڵسوكەوتی سیاسی سەركردەكانی ئێستای تاڵیبان، واپێ دەچێت جیاواز بێت لەڕەفتاری سەركردەكانی بیست ساڵ لەمەوپێش، وادەردەكەوێت گۆڕانكاری ڕیشەیی لەسیاسەت وكاری ڕێكخراوەیی و حكومڕانی تاڵیباندا گۆرانی بەسەردا هاتبێت، ئەو تێبینیانە لەلێدوانی ووتەبێژ و سەركردەكانی تردا بەئاشكرا دیاربوو.