لەمڕۆوە پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەكی 8ی حەسارۆك دەستپێدەكات
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لەمڕۆوە پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەكی 8ی حەسارۆك دەستپێدەكات

كوردیو
 
وەزیری شارەوانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت،" لەمڕۆوە پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەكی 8ی حەسارۆك دەستپێدەكات، ئێستا بڕی 600 ملیۆن دینار و لە ئایندەیەكی نزیكدا 300 ملیۆن دیناری دیكەش بۆ 8ی حەسارۆك بۆ تەرخان دەكرێت".
 
ئەمڕۆ دووشەممە 23-8-2021 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا دەستپێكردنی پرۆسەی كاركردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە كەرتی 8ی حەسارۆك ڕاگەیاند و وتی،" ئەو هاووڵاتییانەی داخوازی دروستكردنی خانوویان لە گەڕەكی 8ی حەسارۆك هەیە، لەمڕۆوە مۆڵەتەكانیان وەردەگیرێ و دەتوانن ئیشوكارەكانیان بكەن".
 
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی بۆ ئەم قۆناغەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ 8ی حەسارۆك تەرخانكراوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕایگەیاند،"بۆ ئەم قۆناغەی كاركردن، نزیكەی 600 ملیۆن دینار تەرخان كراوە و هەروەها لە ئایندەیەكی نزیكیشدا 300 ملیۆن دیناری دیكە بۆ جێبەجێكردنی شەقامی نێوان 5ی حەسارۆك و 8ی حەسارۆك لەسەر داهاتی شارەوانیی هەولێر تەرخان دەكرێت".
 
ئاماژەی بەوەشداوە،"لە ماوەی دوو مانگدا كە فەرمانگەیەكی تایبەت بەو كەرتەمان داناوە بۆ وەرگرتنی مامەڵە و داواكارییەكانی هاووڵاتییان، بەڵام لە كۆی 20 هەزار پارچە زەوی كە نزیكەی 14 هەزاریان زەوی نیشتەجێبوونن، تاوەكو ئێستا تەنیا 176 داواكاری پێدانی مۆڵەت لەلایەن هاووڵاتییانەوە دراوەتە فەرمانگەی 8ی حەسارۆك، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەسەر داخوازی و داواكاری سەرۆكی حكوومەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو گەڕەكە، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و فەرمانگە پەیوەندارەكان دەستدەكەن بە جێبەجێكردنی ئەو كارە، واتە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە كەرتی 8ی حەسارۆك".
 
سەبارەت بە قۆناغەكانی دیكەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی گەڕەكی 8ی حەسارۆك، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر ئەوە كردەوە لە هەر قۆناغێكدا كە پێویست بكات حكوومەتی هەرێم بودجەی پێویست بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری باشتر و خێراتر دابین دەكات و ئەو بڕە پارەیەی ئێستاش بڕە پارەیەكی زۆر باشە و كارە سەرەتاییەكانی پێ ئەنجام دەدرێت و هیودارین هاووڵاتییانی خۆشەویست ئەوانەی حەز دەكەن خانوو دروست بكەن، دەست بە كارەكانیان بكەن.
 
 
 

 

هه‌واڵی گرنگ