جیھان لە بەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

جیھان لە بەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە

زۆرێک لە ڕوداو و پێشھاتەکانی ئەم ساڵانەی دوایی لەسەر ئاستی جیھانی و نێودەوڵەتی لە بوارەکانی تەکنۆلۆژیا و ئابووری و تەندروستیش بەھۆی پەتای کۆرۆناوە، بوونەتە پێشەکی بۆ گۆڕانکاری گەورە لە ھاوکێشەی ململانێ جیھانیەکاندا، کە زیاتر لە دەرکەوتنی سوپەر پاوەرێکی زەبەلاحی وەک (چین)دا خۆی نمایش دەکات، لە بەرامبەر گەورە زلھێزی جیھانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیدا، جگە لە ھاتنە پێشەوەی چەند نیمچە زلھێزێکی تری ئاسیایی.

لە لایەکیترەوە لە کۆتایی مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵدا ھەموان شاھێدی خۆڕاگری خەڵکی کەرتی غەززە بووین لە جەنگی نابەرامبەری نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسدا کە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ کێشەی گەلی فەلەستین.

دوابەدوای ئەوەش ڕوداوی پاشەکشەی ھێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان دوای (20)ساڵ شەڕ لەگەڵ بزوتنەوەی تالیباندا، کە بە ھەموو پێوەرێک بە شکستێکی گەورەی سەربازی و سیاسی فرە ڕەھەند ئەژمار دەکرێت وبەدڵنیایی خاڵێکی وەرچەرخانیش دەبێت لە سیستەمی جیھانی و نێودەوڵەتیدا، بێگومان جێکەوتە و کاریگەریی ڕیشەیی دەبێت لەسەر ڕیزبەندی ھاوکێشە سیاسیەکان لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئیسلامی بەگشتی.

دیارە یەکێک لەو دەرھاوێشتە چاوەڕوانکراوانە، ئەگەری بەھێزی پاشەکشەی ھێزەکانی ئەمریکا دەبێت لە عێراق کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ھەرێمی کوردستان.

ئێمە لێرەدا کە زۆر بە کورتی تیشک دەخەینە سەر ئەو گۆڕانکاریانە و ئاماژەش بە ھەرێمی کوردستان دەکەین، مەبەستمانە لایەنە بەرپرسەکان زیاتر ئاگادارببنەوە تاوەكو بەرلەوەی کار لە کار بترازێت ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ ڕێگریکردن لە مەترسیە چاوەڕوانکراوەکان و چارەسەرکردنی خاڵە لاوازەکان و مەحکەمکردنی ھەرێم، لە سەروو ھەموو شتێکەوە پشتبەستن بە میللەتی خۆیان و بەھێزکردن و دڵخۆشکردنیان.

 

هه‌واڵی گرنگ