ئاینی پیرۆزی ئیسلام بە جۆرێك ڕۆچۆتە ناخی كۆمەڵگای كوردی هیچ هیزێك نییە بەهەر ناوێكەوە بێت بستێك بیباتە دواوە، ئێمە لە جێی ئەوەی سوود لە ئاینی خۆمان وەرگرین، هەمیشە وەك بووكە سەماكەرە بەناوی جیاجیاوە ویستوومان لاسایی ڕۆژئاوابكەینەوە، ڕۆژئاواییەكانیش گاڵتەیان بە عەقڵی ئێمەدێت، ئەوان ڕێزی گەلانێك دەگرن كە خاوەن كەسایەتی خۆی بێت و ڕێز لە كەلتوور و ئاینی خۆی بگرێت.
وانەی ئاین فێری خۆشەویستی و ڕێزی بەرامبەر و خۆشەویستی دایك و باوك و دراوسێ هاوكاری ئەو كەسانەی كە پێویستیان بە هاوكاریە كرد، ئاین بەشێكە لە ڕۆحی مرۆڤەكان، ئێمە لەسەردەستی كۆمەڵێ مامۆستای وەك (مامۆستا شێخ عەزیز پارەزانی و مامۆستا جەعفەر موستەفا و مامۆستا مەلا عەلی كۆكۆیی) بەهرەمەند بووین ڕۆحی ئاینیان خستە ناخمانەوە، ئاخر ئەوان جگە لە خۆشەویستی فێری هیچی تریان نەدەكردین، ئەوان تێیان گەیاندین كە درۆ دووزمانی و دەستپسی داوێن پیسی چ كردارێكی ترسناكن بۆ مرۆڤ، ئاخر ئێمە لەوانەكانی ئەوانەوە زۆر شتی تر فێربووین كەلەم نووسینە كورتەدا جێی نابێتەوە، تاماوین قەرزاری وانەی ئاین و ئەو مامۆستا بەڕێزانەین.
ئاینی پیرۆزی ئیسلام لەنێو كوردا ئاینی خۆشەویستی و پێكەوەژیان بووە.
بەڵام ئەوانەی گرێی دەروونیان بەرامبەر بەم ئاینە پیرۆزە هەبووە هەیە، هۆكاری سەرەكی بوون لە درووست بوونی بیری جوند و ئەنسار و داعش لە نێو كۆمەڵگای كوردیدا.
بۆ سی ساڵ دەچێت بەناوی ئازادی ژنەوە ژنانتان كردە كاڵاو خۆیان ڕووت كردەوە تا ئێوە ئارەزووی خۆتان تێركەن، ئاخر خۆ ڕووتكردنەوە چ پەیوەندییەكی بە ئازادییەوە هەیە؟!
چەن ئازادبوون ژنانی لادێكانی هەڵەبجە بەجلی كوردییەوە بەبێ عاباو چارشێو بە سەرپۆشە سپییەكانیانەوە دەهاتنە شار و بەر بوومەكانیان بەسەربەرزی ڕووسووری ساغ دەكردەوە، كە دەچوویتە هەورامان و شارەزووریش بەهەمان شێوە ژنان زۆر بە ئازادی شان بەشانی پیاوەكانیان كاریان دەكرد و هەرگیز خۆڕووتكردنەوەیان بە ئازادی نەدەزانی.
دوای سی ساڵ ئەزموونی تاڵ و شكست خوارد و واز لە گرێ دەروونییەكانتان بێنن با بگەڕێینەوە بۆ ڕۆحی ئایین منداڵەكانمان لە سەر بنەما بەرزەكانی ئاینەكەمان فێربكەین.
با چیتر خۆمان بین و وەك بووكە سەماكەرە لاسایی ئەم و ئەو نەكەینەوە، ئێمە خاوەن كەسایەتی خۆمان بووین بەڵام ئەو كەسایەتییەتان بەجۆرێك تێك شكان ئەستەمە بە ئاسانی بگەڕێینەوە بۆ پێش نەوەدەكان.
لێمان گەڕێن ئێمە ڕۆژهەڵاتین هەرگیز نابینە ڕۆژئاوایی.