بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی نوسراوی پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “پێشتر چەند کەسێکی ناپەربرس پێگەکەیان بەکارهێناوە بۆ مامەڵەکردن بە پارچە زەوییەوە”.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر ڕایگەیاندووە، ” بەمەبەست بێت یاخوود بە ھەڵەداچون بێت لە نوسینێکدا پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان باس لەوەدەکات کە ھێزی دژەتیرۆر لە شاری سلێمانی بە نایاسایی زەوی داگیرکردوە، وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر بەرێزیان و سەرجەم ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی ئاگاداردەکەینەوە کە ئەم بابەتە ھیچ پەیوەندی بە ھێزی دژەتیرۆرەوە نەبوە و لەلایەن چەند کەسانێکی نابەرپرس ئەنجامدراوە کە پێگەو دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکارھێناوە بەناوی ھێزی دژەتیرۆرەوە مامەڵەیان بەوزەویانەوە کردوە.”
ئاماژە بەوەشکراوە، “پێشتریش ئێمە ئەم باسەمان خستۆتە ڕوو ، داواشمان لە لایەنی پەیوەندیدار کردوە بۆ بەدواداچوون لەوبارەیەوە .”
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشدەکات، ” وەک بەرێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هەرچی زووە بەدواداچوونی وورد و لێکۆڵینەوەی جدی سەبارەت بەو پرسە و چەندین بابەتی هەستیاری گرنگی دیکە ئەنجام بدات کە ناوی دەزگاکەمان بەکارهێنراوە و ئەنجامەکەی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بخاتە ڕوو .”
دژەتیرۆر داواشی لە پەرلەمانتاران کردووە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و ناوی هێزەکانی دژەتیرۆر بۆ مەبەستی سیاسی و لێدان بەکارنەهێنن، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر.