خواردنی ناتەندروست ئەمریكییەكان تووشی نەخۆشی دەكات
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

خواردنی ناتەندروست ئەمریكییەكان تووشی نەخۆشی دەكات

 

 

لەهەر (10) ئەمریكییەكی تەمەن (18) ساڵ بەسەرەوە (9) كەسیان بە شێوەیەك لە شێوەكان ناتەندروستن و ئەمەش بە وتەی شارەزایان بەشێكی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خۆراكانەی كە دەیخۆن، شارەزایان دەڵێن: لەوانەیە كاتی ئەوە هاتبێت كە حكومەت لەو ڕووەوە هەنگاوێك هەڵگرێت و ڕێكخستنێكی هەبێت بۆ ئەو شتانەی كە ئەمریكییەكان دەیخۆن.

دكتۆر داریۆش موزەفەریان، پسپۆڕی دڵ و سەرۆكی بەشی زانست و سیاسەتی خۆراك لە زانكۆی تافتس دەڵێت: ئەمە تاكە بەشی ئابووری ئێمەیە كە سەرباری ئەوەی ئاگاداری زیانی زۆربەی بەرهەمەكانین، بەڵام بڕیار لەسەر بەكارهێنانی بۆ خەڵكی بەجێدەهێڵین.

لە بەشەكانی دیكەدا وەك سەلامەت بوونی ئۆتۆمبێل، ماڵ، مۆبایل و ئەو شتانە بە هیچ شێوەیەك پشتگوێ ناخرێن و ئەگەر ئەو بەرهەمانە كێشەیەكیان هەبێت كە زیان بە خەڵك بگەیەنێت، یان چاكی دەكەن یان لەناویان دەبەن و بەجێیان ناهێڵێن بۆ بەكارهێنەران.

بۆ هەڵسەنگاندنی تەندروستی میتابۆلیك Metoblic، پزیشكەكان شەكری خوێن، كۆلیسترۆڵ، پەستانی خوێن و نیشاندەرەكانی تر پێوانە دەكەن، ئەو كەسانەی كە لە باری تەندروستی میتابۆلیكی خراپدان، زیاتر ڕووبەڕووی مەترسی زیادبوونی نەخۆشی شەكرەی جۆری 2 و نەخۆشی دڵ و كێشە تەندروستییە ڕژدیتر دەبنەوە.

موزەفەریان دەڵێت: ئێمە تەندروستی وەك شتێكی ئاسایی سەیر دەكەین و نەخۆش بوون وەك شتێكی نائاسایی و ئەوەی بەتێپەڕبوونی كات ڕوویداوە ئەوەیە كە نەخۆشییەكانی پەیوەندیدار بە خواردن بۆتە هۆی ئەوەی زۆرێك لە ئێمە نەخۆش بین لەوەی تەندروست بین، بەتایبەتی ئەمە لە گەورەكاندا زۆرتر ڕوودەدات، لە (10) كەس (9) كەس تووشی ناتەندروستی میتابۆلیك بوون، بە زۆری بەهۆی نەخۆشییەكانی پەیوەندیدار بە خواردنەكانەوە، ئێمە سیستەمێكی خراپمان هەیە.

خواردنە ئامادەو خێراكان ناتوانن سوودێكیان هەبێت بۆ ئەمریكاییەكان، توێژینەوەیەكی (17) ساڵە دەریخستووە كە خواردنە ئامادەكان بەشێكی كەمی پێداویستی خۆراكی تێدایەو بە زۆری لە شەكرو خوێ و چەوری پێك دێن.

بەرەنگاربوونەوەی خواردنی ئەو جۆرە خواردنانە كارێكی قورسە، چونكە ئەو خواردنانە ئەو شتانەیان تێدایە كە جەستەمان تامەزرۆیەتی.

(لیندا بارتۆشوك) مامۆستای بەشی زانستی خۆراك و خوراردنی مرۆڤ لە زانكۆی فلۆریدا دەڵێت: خواردنە ئامادەكان لە بنەڕەتدا شیرینی، خوێ و چەورییان زۆرەو ئەمانە ئەو شتانەن كە زۆر پێویستن بۆ ژیان و وزە دابین دەكەن و شیرینیش زۆر گرنگە، چونكە گلۆكۆز تاكە سوتەمەنیە كە مێشك دەتوانێت بەكاری بهێنێت، بۆیە سروشتییە كە ئێمە حەزمان لەم شتانە بێت.

ئەو دەشڵێت: كێشەكە ئەوەیە كە لەشی ئێمە بە شێوەیەك دروست نەكراوە كە پێمان بڵێت كەی بەسەو دەبێت دەست ڕاگرین.

بارتۆشوك دەڵێت: ڕاشكاوانە بڵێم كە هەرچەندە بەتەمەنتر دەبین و تەمەنی منداڵداربوون تێدەپەڕێنین، گەشە كەمترین گرنگی دەمێنیت لامان و پاشان ئەو شتانەی كە كاتێك گەنج بووین زۆر گرنگ بوون بۆمان، دەبنە مەترسی لەسەرمان، ئێمە لەبەكارهێنانی شتەكان زیادەڕۆیی دەكەین و خوێ زۆر دەخۆین، شەكری زۆر، چەوری زۆر و ئەمانەش هەموو جۆرە نەخۆشییەكە بەرهەم دەهێننن.

لە ساڵانی (1960) دا، ئەمریكا سەرنجی خستە سەر نەهێشتنی برسێتی و هەروەها لە ساڵانی (1990) دا سەرنجی خۆی خستە سەر نائارامی خۆراك، موزەفەریان یەكێكە لەو شارەزایانەی بواری تەندروستی لە ئەمریكا كە داوای ئەوە دەكات كە حكومەت لە جیاتی جەخت كردنەوەی لەسەر ئاسایشی خۆراك جەخت لەسەر پێداویستیە خۆراكییەكان بكاتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی تەندروستی لە نێوان ئەمریكییەكاندا.

نموونەی ژەمێكی تەندروست ...

ئەو دەیەوێت بزانێت كە حكومەتی فیدڕاڵی پێشەنگایەتی دەكات بۆ باشتركردنی خۆراك لە بەرنامەی خۆراكی بەردەست وەك پرۆگرامی یارمەتی خۆراكی (SNAP) كە یارمەتییەكی حكومەتە بۆ ئەو خێزانانەی كە داهاتیان كەمەو هەروەها باشتركردنی نانی نیوەڕۆی قوتابخانەكان و ژەمەكانی سەر چەرخەكان و ئەو خواردنانەی دەبرێتە ماڵەوە بۆ ئەمریكییە بەتەمەنەكان.

هەرچەندە ئەمریكییەكان بە شێوەیەكی زۆر ناتەندروستن، بەڵام ئەمریكا لە ساڵی (2019) دا (3.8) تریلیۆن دۆلاری بۆ چاودێری تەندروستی خەرج كردووە، موزەفەریان دەڵێت : كاتی ئەوە هاتووە پێداویستیە خۆراكیەكان ببێت بە بەشێك لە چاودێری تەندروستی و لەبەرچاو بگیرێت. ئەو دەڵێت: ڕێگەیەكی زۆر ڕاست و ئاسان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە، بۆ نموونە بەرهەم هێنانی وەرەقەی پزیشكی بۆ ئەوەی ئەگەر حاڵەتێكی پزیشكی دیاریكراوت هەبێت و پێویستیت بە خۆراكی تەندروست هەبێت، دكتۆرەكە بۆت دەنوسێت كە یان خواردنە تەندروستەكان وەردەگریت یان پارەكەیت پێ دەدەن.

ئەم ڕێبازە بریتیە لە ژەمە خواردنە تەندروستەكان و ئەو ژەمە خواردنە تەندروستانەی دەبرێنە ماڵەكانەوەو هەروەها فێركردنی كارمەندانی چاودێری تەندروستی لەبارەی گرنگی پێداویستیە خوراكییەكان، لەوانە دكتۆرەكانی داهاتوو كە ئێستا لە بەشە پزیشكیەكاندان.

دوایین جار كە كۆشكی سپی كۆنفرانسێكی لەسەر خۆراك و ژیواندن و تەندروستی ساز كرد ساڵی (1969) بوو، دەستەی كونفرانسەكە ئامۆژگاری (ڕیچارد نیكسۆن) یان كرد لەسەر كۆتایی هێنان بە برسێتی و بەدخۆراكی لە نێوان خەڵكی هەژار لە ئەمریكاو ئەمەش كاریگەری هەبوو بۆ دەیەكانی دواتر لەسەر بەرنامەی خۆراكی ئەمریكا.

بەرنامەی تایبەت بە خۆراكی پاشكۆ بۆ ژنان و كۆرپەو منداڵان كە (بە گشتی بە بەرنامەی WIC ناسراوە) و بەرنامەی نانی نیوەڕۆی قوتابخانەكان و دانانی رێنماییەكانی خۆراكی بۆ ئەمریكییەكان، هەموو ئەمانە ئەنجامی ئەو كۆنفرانسە بوو كە لە ساڵی (1969) بەڕێوەچوو، سیناتۆری ئەمریكی، (كۆری بەكێر و جەیمس مەكگاڤرێن) نوێنەری ئەمریكا لەو كەسانەن كە داوای دووەمین كۆنفرانسی كۆشكی سپی دەكەن لەسەر خۆراك و ژیواندن.

لە هەمان كاتدا بەرتۆشوك و موزەفەریان داوا دەكەن كە پارەیەكی زیاتر تەرخان بكرێت بۆ توێژینەوەكان لەو بارەیەوە.

بارتۆشوك دەڵێت: پەیمانگای نیشتمانی تەندروستی هێندە توێژینەوە لەسەر خۆراك و پێداویستیە خوراكییەكان ناكات بەو شێوەیەی كە پێم وایە پێویستە بكرێت، چونكە ئەوە بایۆلۆجیای مۆلیكولی نییەو شێرپەنجە نییە، بۆیە بەو شێوەی كە دەبێت پارەیان بۆ تەرخان بكرێت من پێم وایە پارەیان پێ نادرێت.

هاوكات موزەفەریانیش پێی وایە پەروەردەی خۆراك و پێداویستیە خۆراكییەكان زۆر گرنگن و دەڵێت: چاككردنەوەی ئەو خواردنانی ئەمریكییەكان دەیخۆن كارێكی زۆر گرنگە.

هه‌واڵی گرنگ