داعشی نوستوو!
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

داعشی نوستوو!

هەندێ نووسەری دیار و هەندێکیتریش کە دەربڕینی ئەوان دووبارە دەکەنەوە؛ بەزانین یان نەزانینەوە، زۆرجار ئەم دەربڕینە لەسەر زاریانە و دەیڵێنەوە، لە کوردستاندا داعشی نوستوو هەیە! هەر بەوەشەوە ناوەستن هەندێجار ئەم جۆرە دەربڕینانە دەکەنە کەرەستەی تیرۆری فیکری و ترساندنی دەروونی ئیسلامیەکان و خەڵکی ئایندار و بانگخواز و حاڵەتی ئیسلامیی بەگشتیی! بێ پۆڵێنکاری و جیاکردنەوە! لێرەوە پاڵپشتییەکی مەعنەوی و زەمینەیەکی لەبار دەرەخسێنن بۆ ڕەواییدان بەهەر ڕێوشوێن و ئیجرائاتێک کە بەم ناوەوە دژ بەخەڵکێکی موسالیم و بێوەی دەکرێت بگیرێتە بەر، یان لە داهاتوودا سەرکوتکاری نەیاری سیاسیی پێبکرێت، هەروەک پێشووتر کراوە!
من ناڵێم داعشی نووستوو نییە، بەڵام وروژاندنی ئەم دەربڕینانە و بەکارهێنانی بۆ هەر کەسێک کە ناڕازییە لە هەندێ ڕەفتارو، کۆمەڵێک پرۆژەی ئامانجداری پاڵپشتی کراوی دژ بەئایین و بەها و ئەخلاقی جوانی کۆمەڵگە، دەربڕینێکی نەشیاوە و هەوڵێکی خراپی ناوزڕاندن و تۆمەتە...
ڕاستە پەرێزی ئاییندارانیش پێویستی بە پاکژی و پاڵفتە و گەشەپێدانە، بەڵام ئەوەی ناڕازییە تاپۆ نییە لەسەر تەوژمێک، هەمەجۆرە، بەڵکو شەپۆلێکی ناڕازیی گشتیی هەیە لەو دۆخە نالەبارەی هەڵگرانی بیری بەناو چەپ و ڕاست و نەتەوەیی و عەلمانی لە سی ساڵی ڕابردوودا سازاندوویانە و دوای هەژارخستنی زۆرینەی خەڵک و کەمکردنەوەی چینی ناوەڕاست و هەڵتۆقاندنی کەمینەیەکی ملیۆنێر و ملیاردێر، ماوەیەکی زۆریشە دۆخێکی لەباریان سازاندووە بۆ کاری نەشیاوی دژ بەئەخلاق و مەعنەوییەتی خەڵک و کۆمەڵێک بەهای جوانی کوردەواری و ئایینی کۆمەڵگە و، ئاسایشی نەتەوەیی و تەندروستی خەڵکیان بەزانین و ئاگاهی بێت یان نەزانین و بێ ئاگایی لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا خستووەتە بەر مەترسیی... !
تەنانەت خودی سەرهەڵدانی داعشیش ئەگەر پاڵپشتی و دەستوەردانە هەواڵگری و موخابەراتییەکانییش بەڕاست نەزانین، ئەوەندەی دەرهاویشتەی دۆخێکی پڕ لە ستەم و نادادی و باری نالەباری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییە، نیو ئەوەندە گرێدراوی تێگەیشتنە هەڵەکانی ناو کەلتووری ئایینیی نییە، بەڵکو لەدوای ئەو دۆخە نالەبارانە ڕەوایەتی کارەکانیان لەناو ئەو تێگەیشتنانەدا دەبیننەوە و پەنا بۆ حەرفییەتی دەقەکان دەبەن و تێگەیشتنێکی هەڵەو سادە دەکەنە پاساوی کارەکانیان و ئیتر خەڵکی سادەش وەدووی ئەو جۆرە بیرانە دەکەوێت و لە لایەن زۆرزانەکانیشەوە دەقۆزرێتەوە...
هەر بۆیە گەر بمانەوێت توندرەوی نەمێنێت، دەبێت عەدالەت بەرپا بکرێت و خەڵکی هەست بە کەرامەت و خۆشگوزەرانیی بکات... ئەگەر دەمانەوێت خەڵکی هێمن و ئارام بن، دەبێت ئیستفیزازی پیرۆزییەکان و پێکهێنەرە جوانەکانی شوناسیان نەکرێت لەلایەن ئەوانەی نمایندەی ژیار و ژین و دونیابینی ئەوانیترن و بە ئیستغلالی فەند و پاڵپشتی ڕێکخراوەکان و وڵاتانی زلهێز، بەڵکو دەرفەت بۆ گوتارێکی عەقڵانی و گفتوگۆی ژیرانە بڕەخسێنرێت، ئەمە گەرچی قورسە بەڵام ئەستەمیش نییە... ئیسلامییەکان و خەڵکی ئایینداریش دەبێت لەوە بگەن پشتیوانی لەقەناعەتەکانیان بەهەوڵی جوان و جددی و ڕێکخراوو هێمن و پلاندار دەکرێت نەک بە هەڵچوون و ناهاوسەنگی لە گوتار و کرداردا... ناکرێن ئیسلام کەلای ئێمە ئایینی هەقە، پارێزەر و موحامیی فاشیل ناشیرینی بکات!

 

هه‌واڵی گرنگ