ئەمە یەكێكە لە باڵندە هەرە سەرسوڕهێنەرەكان و هەرە چەلەنگەكان لە فڕین...
باران بڕە ئەو باڵندەیەی كە بە ئینگلیزی پێی دەووترێت (Swift) بە عەرەبیش (تەیر ئەبابیل)، بیرم دێت بە منداڵی پێمان دەگوت باران بڕە لە وەرزی بەهاران دەردەكەوت تاوەكو دەوروبەری ناوەڕاستی مانگی جۆزەردان دەمایەوە.
باران بڕە هەر لە دەرچوونیەوە لە هێلانەكەی هەموو جارێك بەرز دەبێتەوە بۆ ئاسمان و بەردەوام دەفڕێت و نانیشێتەوە تا دەگەڕێتەوە بۆ نێو هێلانەكەی، ئەو كاتەش دەشێت هەموو ڕۆژەكە بێت یان لایەنی كەم چەند كاتژمێرێك، ئەوەندەشی لە ئاسمانە بەردەوام مێش و مەگەزەكان دەخوات.
لەمێژە زانایان دەیانزانی ئەم باڵندەیە توانای فڕین و مانەوەی لەهەوا بۆ ماوەیەكی زۆر زۆر درێژ هەیە، لە ساڵی (2014) تیمێكی لێكۆڵینەوەی زانستی لە سوید توانیان ئامێری زۆر بچووك (data.loggers) لەهەندێكیان قایم بكەن و بۆ چەند ساڵێك زانیاری لەسەر جوڵەكانیان و شوێنەكانیان كۆبكەنەوە.
لەوانەیە ئەستەم بێت هەندێكتان بڕوا بكەن، بەڵام لەو زانیاریانە دەركەوت كە هەندێكیان بۆ (10) مانگی بەردەوام فڕیون بەبێ وەستان و لە هەوا ماونەتەوە بەبێ نیشتنەوە، ئەمە ئەو تیمەی تووشی سەرسوڕمان كردو پرسیاری ئەوەیان لەلا دروست بوو چۆن و كەی دەخەون ..؟ بەڵام دوایی بۆیان ڕوون بۆوە كە باران بڕە توانای خەوتنیشی هەیە كاتێك لە ئاسمانە ئەویش بەوەی زۆر بەرز دەبێتەوەو دوایی بەشێوەی لول پێچ دێتە خوارەوەو لەو هاتنە خوارەوەیە كە چەند خولەكێك دەخایەنێت دەخەوێت.
(نوسینی: لوقمان حەوێز)