هەمیشە كە باسی مێشوولە دەكرێت، راستەوخۆ مرۆڤ بیری بۆ لای نەخۆشی مەلاریاو چەند نەخۆشییەكی دیكە دەچێت كە هۆكاری گواستنەوەكەی چەند جۆرێكی مێشوولەیە، بەڵام هەندێك مێشوولەی دیكە هەن لە بری زیان سوودمان پێدەگەیەنن.
لە ڕووی زانستییەوە ناكرێت هەموو مێشوولەكانی سەر ئەم هەسارەیە لە ناوببرێن، چەندین هەزار جۆری مێشوولە هەیە، بەڵام تەنها چەند سەد دانەیەكیان زیانبەخش و مەترسیدارن بۆ مرۆڤ و شیردەرەكانی دیكەو نەخۆشی وەك مەلاریاو زیكاو چەند نەخۆشییەكی تر بڵاودەكەنەوەو هەندێك لە مێشولەكان سوودیان هەیە بۆ ژیان و سیستەمی ژینگەیی و لە بواری توێژینەوە تاقیگەییەكانیشدا بەسوودن.
بۆچی مێشوولە بە مرۆڤ و شیردەرەكانەوە دەدات ؟
سەرەتا پێویستە بزانین تەنها مێینەی مێشوولە بە مرۆڤ و شیردەرەكانەوە دەدات و خوێن دەمژێت بۆ دەستكەوتنی پرۆتینی پێویست بۆ پێگەیاندنی گەراكانی، لە كاتێكدا مێشوولە بە گشتی لەسەر هەڵاڵەی گوڵ و شیلەی هەندێك رووەك دەژی و بەمەش یارمەتی پیتاندنی ئەو گوڵ و رووەكانە دەدەن، بە تایبەت گوڵ و ڕووەكە ئاوییەكان.
هەموو پێوەدانێك خراپ نییە
مێشوولە دەمێكی وەك دەرزی هەیە، كاتێك بە شوێنێكەوە دەدات لە رێگەی ئەو لوولەكە دەرزی ئاساییەوە لیكێك دەكاتە ناو پێستەوە بۆ ئەوەی ئەو خوێنەی هەڵیدەمژێت نەمەێت، توێژەرەوانیش دەڵێن:» هەردوو دەمە شێوە دەرزییەكەی مێشوولەو لیكەكەشی زۆر بە سوودن بۆ زانستی پزیشكی، دەمە دەرزییەكەی بۆ ئەوەیە توێژینەوەی لەسەر بكرێت بە مەبەستی دروستكردنی جۆرە سەرنجێك كە ئێشی زۆر كەمتر بێت، لیكەكەشی كە جۆرە پرۆتینێكی تێدایە پێی دەوترێت ئەنۆفلین، دەتوانرێت توێژینەوەی لەسەر بكرێت بۆ دروستكردنی چارەسەرێكی باش بۆ مەیینی خوێن لە دەمارە قوڵەكاندا.
نەمانی مێشوولە یەكسانە بە نەمانی زۆربەی گیانلەبەرەكان
مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی مادە قڕكەرەكانەوە هەموو مێشوولەكان لە ناوبەرێت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین كە زۆربەی مێشوولەكان یارمەتیدەری راگرتنی هاوسەنگی ژینگەیین، چونكە بەشێكی زۆری باڵندەو ماسی و بۆق و جاڵجاڵۆكەكان و چەند جۆرێكی تری زیندەوەر خۆراكی سەرەكییان مێشوولەیەو ئەگەر هەموو مێشوولەكان لەناوببرێن ئەوا ئەو زیندەوەرانەش لەناو دەچن و هاوسەنگی ژینگەیی لاسەنگ دەبێت.
پاككردنەوەی ئاوە وەستاوەكان و زۆنگاوەكان
مێشوولە گەرا لە ئاوی وەستاودا دادەنێت، زۆربەی جار ئەم شوێنانە لە ئەنجامی كەمتەرخەمی مرۆڤەوە دروست دەبێت و وەك ئەوەیە مرۆڤ بە خۆڕایی بەخشیبێتیە مێشوولەكان، بەڵام گەراكان لە رێگەی خواردنی پاشماوە بیۆلۆژییەكانەوە ئەو ئاوە وەستاوانە پاك دەكەنەوەو زیندەوەرە مشەخۆرەكانی تێدا ناهێڵن، بە دڵنیاییەوە ئەو پرۆسەیە ئاوەكە پاكژ ناكاتەوەو نایكاتە ئاوێكی شیاو بۆ خواردنەوە، بەڵام دەتوانێت رێخۆشكەر بێت بۆ زانایان لە بواری توێژینەوە لە رێگاكانی بنەبڕكردنی پیسبوونی ژینگەیی سوودی لێوەرگرن.
كەشتی نوح