ڕاستی لە (پێنج شت)دا مرۆڤ خۆشبەخت دەکات
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ڕاستی لە (پێنج شت)دا مرۆڤ خۆشبەخت دەکات

وشەی ڕاستی (الصدق)، لەو دەربڕینانەیە کە لە قورئانی پڕخێردا، ڕۆڵی (ناوک، چەق، ناوەند، تەوەر)ی پێدراوەو، کاریگەری گرنگ و سەرەکی دەبینێ لەسەر چارەنووسی مرۆڤ. ھەربۆیە ئەرکیەتی لە پەنایدا ورد بووەستێ و لێی ڕامێنێ و، پڕ بە باڵای کاڵای لێ ببڕێ و درووست بیدورێ و ڕێک بیپۆشێ، تاکو پێی (بەھەرەمەندی و براوەیی و خۆشبەختی) بۆخۆی تۆمار بکات.

     زانایان وتویانە: پیتی (الصاد)و (الدال)و (القاف) بنچینەین و ئاماژەن بۆ ھێزو قووەت لە شتێکدا، چ لە وتەو وێژەی، چ لە کردارو کردەوەی، وە ڕاستی لەھەر شتێکدا یانی بەدەستھێنانی کرۆک، کە ڕاستەقینەیە، چونکە ڕاستی پابەندی و خۆڕاگری درووست دەکات کە ڕێگا ڕاستەکەیە بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئامانج . ھەروەک ڕاستی (الصدق) پێچەوانەی درۆیە (الکذب)، چون درۆ ھێزی تیانیەو پووچە، وە لەھەر شتێکدا بەدەرکەوت لەدەستدانی (جەوھەر)و بەدەستھێنانی (ڕووکەش)ـە.

    ڕاستی ھێورکەرەوەی ھەڵچوونی ویژدان و دامرکێنەری کڵپەی ناخە، لەبەر بایەخی لە (١٥٣) جێگەی قورئان بە سیفاتی باوەڕداران یان کارو کردەوەیان، ھاتووە و جێگرکراوە . ھەروەھا پوختەی ماناو مەغزای ئەم وشەیە: (ڕاستی ـ الصدق)، لە (پێنج شت)دا جەختی لەسەرکراوەو وێناکراوە، ئەوجا مرۆڤ بۆئەوەی بگاتە پلەی (تۆکمەیی و براوەبوون)، ئەرکیەتی خۆی پێیان بنەخشێنێت.

   یەکەم: دەرگەو دەرچەی ڕاست. لەھەر بابەت و پرسێکی ڕوانی و کۆڵیەوەو ئەنجامگیری کرد، پاشان بۆ باسکردن و حستنەڕووی، وە گواستنەوەی بۆ بواری کردەیی و بەکردەوە نیشاندانی، با ڕاست و پاک و چاک و درووست بۆی بچێتە پێش و لێی بێتەدەر . واتە ھەم دەرگەو گوزەر(مدخل)ی چوونە ژورەوە لەھەر شتێکدا دەبێت ڕاست و ڕەوان بێت، وەھەم دەرچەو ڕێرەوی ھاتنە دەرەوەیشی ڕاست و ڕەوان بێت.

      وە لەبەر بایەخ و ڕۆڵ و سەنگی ئەم پرسی (دەرگە)و (دەرچە)ی ڕاست و ڕەوانە، لە ژیانی ئاوەزدار دا، دەبینین خوازراوە لە پەیامبەری سەرمەشق و شاگردانی وەک نزاو داوا لە خاوەنیان (اللە)، لە جێگەو وادەی خۆیدا بیخوازن: (وَقُل رَّبِّ أَدْخِلْنِي مُدْخَلَ صِدْقٍ وَأَخْرِجْنِي مُخْرَجَ صِدْقٍ/ الإسراء: ٨٠). بڵێ: ئەی خاوەنەکەم، ھەر کارێکم بەدەستەوە بێت بمخەرە سەر دەرگە ڕاستەکەی، تا بە چاکی و پاکی بۆی بچمە پێش و کاری لەسەر بکەم، وە لەھەر کارێک بوومەوە بە ڕاستی و پاکی لێی دەرچم، تاکو سەرەنجامێکی جوان و چاک و بەرھەمداری ھەبێت.

   ئەوەش ڕوون و چەسیاوە بۆ کەسێتی باوەڕدار، کە (نزاو دۆعا) وەرگیران، پاش خۆئامادەکردن دێت بە شێوەیەکی ڕاست ودرووست. 

  دووەم: ناوی چاک و ناوبانگی پاک. واتە لەگەڵ ئەو خەڵکەی لەناویان دەژی و ئەوانەی پاش خۆی دێن، ھەردەم بەچاکە ناوی بھێنن و ناوبانگ و شۆرەتی پاک ڕاگرن و، یادی خێری لەسەر زاریان بێت . بەدڵنیاییەوە ئەمەش بەوە دێتەدی کەوا مرۆڤ (بەرژەوەندی و چاکە)ی خەڵکی بەشێوەیەکی ڕاست و درووست، لەبەرچاو بگرێ و ھاوکاری دەستەبەرکردنی بێت بۆیان.

    جا (ناوی چاک و ناوبانگی پاک)، لە بەخششە بڵندو بەنرخەکانی خواوەندە، بۆیە پەیامبەرانی پایەبەرز بەڕاستی بۆی کۆشاون و بە کوڵ لە خواوەند داوایان کردووە: (وَاجْعَل لِّي لِسَانَ صِدْقٍ فِي الْآخِرِينَ/ الشعراء: ٨٤). ناوی چاک و ناوبانگی پاک و باسکردنم بەخێر، لەسەر زاری نەوەکانی داھاتوودا، پێ ببەخشە.

   سێیەم: شوێنی نیشتەجێ بوونی شیاوو ئاسایش بەخش. واتە ئەو شوێنەی تیایدا دەژی و نیشتەجێیە، ژینگەیەکی تەندرووستی ھەبێت، بەجۆرێک مێشک تیایدا و ساف و دڵ پێی ساکن بێت. بێگومان سازکردنی (نیشنگەی شایستە)، لێھاتن و کارامەیی ئادەمی تیایدا ڕۆڵی گرنگ دەبینێ بۆ ئەوەی شایستەیی یارمەتی و کارئاسانی خوایی پێ ببەخشرێت، چون مەسکەنی دڵگیری ئاوا لە نیعمەتی مەزنی خوایەو بەھەر کەسانی بەخشی کە شایستەی بوون، تاوەکو نرخ و بەھای بزانن لێان ناسێنێتەوە، بەڵام کە لەسەر خێرو بێری پێک نەھاتن و دووبەرەکی کەوتە ناویان، ئەوجا لێیانی وەردەگرێتەوە، وەک ئەم نموونەیە : (وَلَقَدْ بَوَّأْنَا بَنِي إِسْرَائِيلَ مُبَوَّأَ صِدْقٍ/ يونس: ٩٣).

   چوارەم: پێشینەی چاک و باش. ئەمەیان بۆ پاش مەرگ و جێھێشتنی ژیانی دونیایە، بەر لەوەی پێی بگەن بۆیان ئامادەو زەخیرە کراوە. بێگومان ئەو کەسانەی زەین و ئاوەز دەخەنە کارو ئەو سێ خەسڵەتەی پێشەوەیان تیا جێگیرەو، پیایاندا گوزەر دەکەن، ئەوجا نەوبەی پێشینەو پاداشتی باش و بەرزو بەھاداریان دێت لەلایەن خاوەنیانەوە (اللە)، کە بەڵێنی ھەق و ڕاستی پێداون و فەرموویەتی: (وَبَشِّرِ الَّذِينَ آمَنُوا أَنَّ لَهُمْ قَدَمَ صِدْقٍ عِندَ رَبِّهِمْ/ يونس:2).

 

    پێنجەم: نشینگەو تەختی شایستەو پەسەندو دڵڕفێن. بەجۆرێک کە نە ترسی لێسەندنەوەی ھەبێت، وەنە خەمی کۆتایی ھاتنی، بێگومان نشینگەو مەنزڵگەی ئاوا، تەنھا لە پەناو سایەی کەرەم و چاکەی خوادا (اللە)، دەست دەکەوێت و بەدی دێت: (إِنَّ الْمُتَّقِينَ فِي جَنَّاتٍ وَنَهَرٍ فِي مَقْعَدِ صِدْقٍ عِنْدَ مَلِيكٍ مُقْتَدِرٍ/ القمر: ٥٥).

 

هه‌واڵی گرنگ