تاڵیبان لەبارەی خوێندنی كچان لە زانكۆكان بڕیاریدا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

تاڵیبان لەبارەی خوێندنی كچان لە زانكۆكان بڕیاریدا

 

 

وەزیری نوێی خوێندنی باڵای تاڵیبان دەڵێت: ئافرەتان ڕێگەیان پێدەدرێت لە زانكۆكان بخوێنن، بەڵام پۆلەكان جیادەكرێنەوەو یاسای یەكپۆشی دەبێت جێبەجێ بكرێت.

وەزیری خوێندنی باڵا (عەبدول باقی حەقانی) وتی: حكومەتە نوێیەكەی تاڵیبان دەست دەكات بە دووبارە بونیاندنانەوەی وڵاتەكە بەوەی كە ئەمڕۆ هەیەو نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ (20) ساڵ لەمەوبەر كاتێك دوایین جار فەرمانڕەوایی وڵاتەكەیان دەكرد.

وتی: خوێندكارە ئافرەتەكان لەلایەن مامۆستای ئافرەتەوە وانەكانیان پێدەوترێت و پۆلەكانیش جیا دەكرێنەوە، ئەوەش بەپێی لێكدانەوەكانی تاڵیبان بۆ یاسای شەریعەتی ئیسلامی.

لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە كابۆل، حەقانی وتی: سوپاس بۆ خوا ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستای ئافرەتمان هەیە، كێشەمان نابێت لەمەدا، هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە مامۆستای ئافرەت بدۆزینەوە بۆ خوێندكارە كچەكان.

پرسی خوێندنی ئافرەتان یەكێكە لە گرنگرترین پرسیارەكان كە ڕووبەڕووی تاڵیبان بۆتەوە لەكاتێكدا دەیانەوێت باوەڕ بە جیهان بهێنن ئێستا جیاوازن لە ساڵەكانی نەوەدەكان كە ئەو كاتە ڕێگە نەدەدرا ئافرەتان لە دەرەوەی ماڵەكانیان بخوێنن یاخود كار بكەن.

بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن: ئافرەتان دەتوانن كار بكەن و بخوێنن، بەڵام بەپێی یاسای شەریعەتی ئیسلامی و كلتوری ناوخۆی وڵاتەكە، بەڵام پۆشینی جلوبەرگ بەپێی یاسا دەبێت، حەقانی وتی: دەبێت خوێندكارە كچەكان حیجاب بكەن، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا مەبەستی تەنها لە داپۆشینی سەرە یاخود داپۆشینی ڕووخساریش.

حەقانی وتیشی: ئەگەر لە حاڵەتێكدا زۆر پێویست بێت، مامۆستا پیاوەكان دەتوانن وانەكان بە خوێندكارە كچەكان بڵێنەوە، بەڵام بەپێی یاسای شەریعەت، دەبێت خۆیان داپۆشیبێت.

وتی : لەو كاتەدا پۆلەكان بە پەردە جیا دەكرێنەوەو بەوشێوەیەش كوڕان و كچان لە یەكتر جیادەكرێنەوە، پێدانی وانەكانیش لەڕێی ڤیدیۆ یاخود تەلەفیزیۆنەوە دەبێت.

حەقانی ئەوەشی خستەڕوو، جیاكردنەوەی كوڕان و كچان لە سەرانسەری وڵاتەكەدا جێبەجێ دەكرێت و سەرجەم ئەو بابەتانەشی لە زانكۆو خوێندنگاكاندا دەوترێنەوە لە مانگەكانی داهاتوودا پێداچوونەوەیان پێدا دەكرێت.

 

هه‌واڵی گرنگ