نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ سەرووی 73 دۆلار بەرزبووەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ سەرووی 73 دۆلار بەرزبووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 13-09-2021 لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە رێژەی 0.33٪ بەرزبووەوە و بەرمیلێک نەوت 73.16 دۆلاری تۆمارکرد. هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساس بە رێژەی 0.37٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 69.98 دۆلار.


بەردەوامیی نیگەرانییەکان لەبارەی توانای دابینکردنی نەوت لە ئەمریکا بەهۆی کاریگەرییەکانی زریانی ئایدا بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.


نزیکەی سێ بەشی بەرهەمی نەوتی ئەمریکا لە کەنداوی مەکسیکۆ کە یەکەسانە بە 1.4 ملیۆن بەرمیل نەوت کە لەسەر دەریا بەرهەمدەهێنرێت هێشتا دەستیپێنەکردووەتەوە، ئەو بڕە نەوتە هێندەی نەوتی بەرهەمهێنراوی نەوتی نایجێریای ئەندامی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتە.


کۆمپانیای شێڵ پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند، پلانی ناردنی چەند کارگۆیەکی گواستنەوەی نەوتی بۆ بەندەرەکانی کەنداوی مەکسیکۆ هەڵوەشاندووەتەوە بەهۆی زریانی ئایدا.


شێڵ کە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوتە لە ناوچەکە ئاماژەی بەوەدا زیانەکانی زریانی ئایدا لەسەر وزە بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە بەردەوام دەبن.


بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەمریکا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لەدوای ساڵی 2019ـەوە.


ستێڤن برۆنۆک، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاری PVM لەو بارەیەوە رایگەیاند "کاریگەریی باهۆزی ئایدا لەسەر سەکۆ نەوتییەکان هێشتا بەجێماوەو پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو سەکۆیانە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت چەند هەفتەیەکی دیکە کاتی دەوێت."


نرخی نەوت و هەروەها بازاڕەکانی دیکە لەم هەفتەیەدا پاڵنەرێکی دیکەیان هەبوو. ئەوەش گفتۆگۆی تەلەفۆنیی نێوان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین بوو. شرۆڤەکاران پێیانوایە ئەنجامدانی ئەو گفتوگۆیە گەشبینییەکی دروستکردووە کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی یەکەم و دووەم زلهێزی ئابووریی جیهان گەرموگوڕتر بێت و ئەوەش گەشەی ئابووریی و بازرگانیی جیهانی لێدەکەوێتەوە. ئەگەر ئەمە رووبدات خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت زیاتر دەبێت.


جێفری هاڵی، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا لەو بارەیەوە دەڵێت " وتوێژی تەلەفۆنی بایدن و شی هەمان کاریگەریی دروستکردووە لە بازاڕی نەوت کە لە بازاڕەکانی بۆرسە دروستیکردووە."


نرخی نەوتی برێنت لەمساڵدا بە رێژەی 40٪ بەرزبووەتەوە و بەرزبوونەوەکەش بە گشتیی بەهۆی بووژانەوەی ئابووریی جیهان و بەرزبوونەوەی خواست بۆ ئەو بەرهەمە ستراتیژییە دەگەڕێتەوە. لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا رۆڵی رێکخراوی ئۆپێک هەروەها زۆر بەرچاوە بەهۆی ئەوەی کە کۆنترۆڵی نرخەکانیان کردووە و بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە دەرەوەی ئۆپێک هەیە، رێگە بە خستنەڕووی بەربڵاوی نەوتی خاو و دابەزینی نرخەکانی نەوت نادەن.

 

هه‌واڵی گرنگ