لە (هەڵەبجە)وە بۆ (سۆران)
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لە (هەڵەبجە)وە بۆ (سۆران)

 دواى ئەوەى بڕیارى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەرچوو بۆ بە ئیدارەى سەربەخۆبوونى قەزاى سۆران، رۆژى سێشەممە لە مەراسیمێکدا بە فەرمى دەستبەکاربوونى ئیدارە سەربەخۆکە ڕاگەیەندرا..

قەزاى سۆران ژمارەیەکى دانیشتووانى زۆر و روبەرێکى فراوانى هەیە و، هاوشێوەى (گەرمیان) و (ڕاپەڕین) شایانى بە پارێزگا بوونیشە، نەک تەنها ئیدارەى سەربەخۆ، بۆیە بەندە پیرۆزبایی لە جەماوەرى خەڵکى ئەو دەڤەرە ئەکەم و، هیوادارم تەنها بڕیار و مەراسیم و بەڵێن نەبێت و، خەڵکى ناوچەکە ئاسودە بن بە کەمبوونەوەى رۆتینیاتى ئیدارى و ئاسانکارى ئیشوکارەکان و، هاوکات خزمەتگوزارى باش و، زیاتر لەوەى کە بەڵێن دەدرێت بۆ ناوچەکە بکرێت..

بەندە لەم ڕووەوەو لە ساتەوەختەکانى هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا، پەیڤێک ئاراستە دەکەم، هیوادارم دەسەڵاتى هەرێم بەخۆداچوونەوەیەک بکات و، بێ خزمەتى نەکاتە کاڵاى باڵاى ئەو ئیدارە سەربەخۆ تازەیەش وەک ئەوانى تر.. 

(هەڵەبجە) حەوت ساڵە بریارى بەپارێزگابوونى بۆ دەرچووە، خەڵکى ئەو پارێزگایە و ئەوانەى سەردانى ئەکەن باشتر ئەوە ئەزانن، کە لەگەڵ ساتەوەختى قەزابوونەکەیدا جیاوازییەکى نەکردووەو، رەنگە بەهۆى ئەو قەیران و کێشانەى دەسەڵاتى بێپلان دوچارى هەرێمیان کرد خزمەتگوزارییەکانیش پاشەکشەیان کردبێت، ئێستا نەک بەرپرسان ناتوانن بەڵێنى تازە و خزمەتگوزارى گەورە بەو پارێزگایە بدەن، بەڵکو ئەو بەڵێنە بێ کردارانەى ڕابردووش بوونەتە مەلەفى بەسەرچوو و لەسەر رەفەى پارێزگاکە هەڵچنراون..

هەڵەبجە پێویستى بە بینا و باڵەخانەى زۆر هەیە، هێشتا پارێزگا لە بینایەکى ئەهلیدا دەوامى تێدا دەکرێت، کە سوپاسى خێرخوازانى دەوێ کردیانە دیارى پارێزگا..

قائیمقامیەتى شارەکە لە بینایەکى کۆندایە و نۆژەنکردنەوەى زۆرى دەوێ، فەرمانگەکانى تریش هەروەها..

زۆرینەى بەڕێوەبەرێتییە گشتییەکان یان نەکراونەتەوە، یان بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، باڵەخانەى خۆیان نییە و یان لە بینا کۆنەکانى تردا کارەکانیان ئەکەن، یان لە کرێدان، پارێزگابوون و بەڵێنى خزمەتگوزارى کەى چۆن وا دەبێ؟!!

هەڵەبجە گیرۆدەى کەمى و خراپى بیناى قوتابخانەیە کە بە سوپاسەوە خێرخوازان هەندێکیان دروست دەکەنەوەو زۆرى تریش دەوێ.. گیرۆدەى کەمى و نەبوونى خزمەتگوزارى گشتى و پارک و باخچە و هۆڵى بۆنەکان و، شەقامى پێویست و دوور لە پینەوپەڕۆیە..

لەبەر نەبونى هەلى کار و خراپى خزمەتگوزارى رۆژ و مانگ نییە چەندین ماڵ لە هەڵەبجە، شارەکە بەجێ نەهێڵن و بەرەو شار و شارۆچکەکانى تر کۆچ نەکەن، ئەوان بەدواى ژیانى ئاسودە و هەلى کار و سەرچاوەى داهات و خزمەتگوزارییەوەن, بەڵام لە شارەکەدا بەرەودوا دەگەڕێتەوە بەداخەوە..

ئەوە تەنها (هەڵەبجە)، ئیتر قەزا بێنازەکەى (سەیدصادق) دواى ساڵانێک بڕیارى بەقەزابوونى و کۆڵان و شەقامە بێ خزمەتەکانى و کەلاوە روخاوەکانى با بوەستێ.. (پێنجوێن)ى سەرچاوەى داهات و ئابورى بەڵام غەرقى بێ خزمەتى و خراپى پرۆژەکان با بوەستێ.. (گەرمیان)ى قوربانى ئەنفال و سەرەڕێى بازرگانى، گیرۆدەى بەڵێنە سەرزارەکییەکانى با بوەستێ.. (ڕاپەڕین)ى دەروازەى بەرخودان و سەرچاوەى کوێستانەکان، گیرۆدەى کۆچى گەنجان و بێکارى خەڵکەکەى با بوەستێ.... زۆرى تریش..

ئیتر حەقی خۆیەتى بپرسین: بەڵێنى ساتەوەختى هەڵبژاردن بە ئیدارەى (سۆران)ى گەشتیارى و جوان لەکوێ جێ دەگرێ؟ وەک چۆن بۆ شوێنەکانى تریش هەر وا گوزەراوە، باشتر نییە خزمەت بکەن و دواتر ڕایبگەیەنن؟ تا وەک پارێزگا و ئیدارە و قەزاکانى تری لێ بەسەر نەیەت؟ بەڵێنى (٨٠ و ٩٠) پرۆژە مەدەن وەک بۆ شوێنەکانى تریشتان دا و بیرتان چوو... یان ئەمیش بەشێکە لە جیاوازى خزمەتەکانى (٣٠) ساڵى ڕابردووى نێوان زۆن و دەسەڵاتە جیاوازەکان؟ تا لەنێوان ململانێ نادروستەکاندا وەک (هەڵەبجە)، (سۆران)یش دەبنە قوربانى..

هه‌واڵی گرنگ