ئایا هەموو پشت ئێشەیەك ئینزلاقە ؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئایا هەموو پشت ئێشەیەك ئینزلاقە ؟

 

 

ئازاری پشت یەكێكە لە بەربڵاوترین كێشە تەندروستیەكانی ئەم سەردەمە، بەڵام لەهەمان كاتدا زۆرن ئەو كەسانەی وەك پێویست زانیاری تەواویان نیە دەربارەی هۆكارەكانی پشت ئێشەو شێوازی دەست نیشانكردنی نەخۆشیەكانی ئازاری پشت و ڕێگاچارەكانی.

سەرەتا بۆ زانینی هۆكارەكانی پشت ئێشە پێویستە بزانین كە پێكهاتووەكانی پشتی مرۆڤ ئەمانەن :

1. ڕەگی دەمارەكان كە بە ناو بڕبڕەكانی پشتدا دەڕوات بۆ هەردوو قاچ.

2. ئەو دەمارە بچووكانەی تایبەتن بە بڕبڕەكانی پشت خۆی.

3. ماسولكەكانی پشت.

4. دیسكی نێوان بڕبڕەكانی پشت.

5. بڕبڕەكانی پشت و جومگەكانی نێوان بڕبڕەكان و بەستەرە ڕیشاڵەكانیان.

هەر كێشەیەك هەبێت لە یەكێك یان زیاتر لەم پێكهاتووانە ئەوا ئازاری پشت دروست دەكات.

گرنگترین هۆكارەكانی پشت ئێشە :

1. پچڕانی ماسولكەكان یان گرژبوون و ماندووبوونی ماسولكەكان و بەستەرەكانی پشت :

ئەمە باوترین هۆكاری ئازاری پشتە، هەرچەندە ماسولكەكانی پشت زۆر بەهێزن و قەبارەیان گەورەیە، بەڵام پچڕانی چەند ڕیشاڵێكی ئەم ماسولكانە ئازارێكی زۆر دروست دەكات و ڕوو دەدات لە كاتی :

1. بەرزكردنەوەی شتی قورس بە شێوەی هەڵە.

2. جووڵەی كتوپڕ لە كاتی وەرزش پێش ئیحماكردن و گەرمبوونی پێویست.

3. پچڕانی ماسولكەكان، بۆریە بچووكەكانی خوێنی ناو ماسولكەكان دەتەقێت و بە هێواشی خوێن كۆدەبێتەوەو ماسولكە دەئاوسێت و گرژ دەبێت، بۆیە زۆربەی كەسەكان پاش چەند سەعاتێك ئیتر هەست بە ئازار دەكەن.

4. ئەم جۆرە ئازارە ڕەنگە زۆر بێت، بەڵام لە ماوەی دوو ڕۆژ بۆ دوو هەفتە چاك دەبێتەوە ئەگەر چارەسەری گونجاو وەربگرێت.

2. ئینزلاقی فەقەرات یاخود خزانی دیسكی نێوان بڕبڕەكانی پشت :

مەبەست لە تێكشانی دیواری ئەو دیسكەیە كە لە نێوان هەر دوو بڕبڕەیەكی پشتدا هەیەو دواتر ئەو ماددە جیلاتینەیی كە لە ناو دیسكەكە هەیە دێتە دەرو لە ئەنجامدا فشار دەخاتەسەر دڕكەپەتك یان دەمارەكانی ناو بربرەكانی پشت و كەپێیدا دەڕوات.

3. پیربوون و وشكبوونەوەی بڕبڕەو دیسكەكان : لەكاتی لەدایكبووندا دیسكەكان ڕێژەیەكی زۆر ئاویان تیادایە، لەگەڵ هەڵكشانی تەمەن دیسكەكان وشكدەبنەوەو توانای هەڵگرتنی فشاریان نامێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دڕانی دیسكەكەو برینداربوونی كەئەمەش ئازار دروستدەكات، هەروەها هەندێك جار دەبێتە هۆی داخزان.

4. بوونی داخوران یاخود سەوەفان لەنێوان ئەو جومگانەی بڕبڕەكان دەبەستێت بەیەكەوە.

5. ناڕێكی لە قەوسی و لاری بڕبڕەكاندا.

6. ئێسكە نەرمە.

7. شكان و درزبردنی بڕبڕەكان، یاخود پێكان بۆ پشت.

8. تەسكبوونەوەی ئەو كەناڵەی دڕكە پەتكی پیادا دەڕوات، كە هەندێك جار زگماكەو هەندێك جاریش بەهۆی خزانی دیسكەوە ڕوودەدات.

9. هەوكردن و داخورانی جومگەی نێوان ئێسكی حەوزو سمتەجوڵە.

10. بوونی عەیبداری زگماكی لەپشتدا وەكو قەمبووری، یاخود هەر عەیبێكی خولقی تر.

11. كێشەكانی گورچیلە.

هەندێك هۆكاری دەگمەن بۆ پشت ئێشە :

1. هەوكردن : حاڵەتێكی دەگمەنە بەڵام مەترسیدارە، كە ئێسكی بڕبڕەكان تووشی هەوكردن دەبن، لەوانەیە لە ئەنجامی نەشتەرگەرییەوە بێت، یاخود دەرزی یاخود لەڕێگەی خوێنەوە، لەو كەسانەدا زیاتر ڕوودەدات كە بەرگری لەشیان لاوازە.

2. بوونی گرێی شێرپەنجەیی لەناو یاخود لەدەوری دڕكەپەتك، یاخود بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەكە لەشوێنە سەرەكییەكەیەوە وەك شێرپەنجەی مەمك، پرۆستات، میزەڵدان ... هتد بۆ ئێسكی پشت و بڕبڕەكان.

3. نەخۆشییە ئەوتۆئیمیونەكان : واتە كاتێك كۆئەندامی بەرگری لەش دژەتەن دروست دەكات لە دژی خانەكانی كەسەكە وەكو هەندێك نەخۆشی وەكو : تەشەموعی بڕبڕەكان، نەخۆشی لوپەس، فایبرۆمایەڵجیا، ڕۆماتیزمی جومگەكان ... هتد.

(د. هەڤین كەمال شاه موحەمەد – پسپۆڕی بێ هۆشكاری و ئازارشكاندن)

 

هه‌واڵی گرنگ