هەڵبژاردن و گۆڕینكاری نەک گۆڕانکاری
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هەڵبژاردن و گۆڕینكاری نەک گۆڕانکاری

 

 

 

كۆڵن پاوڵی وەزیری دەروەی پێشووی ئەمریكا لە رۆژنامەی نیۆرك تایمزدا یادەوەریەكانی منداڵی دەگێڕێتەوەو دەڵێت : من لە منداڵی دا بەهۆی ئەوەی كەسێكی رەش پێست بووم نەم دەتوانی وەكو كەسێكی ئاسایی ئەمریكی هەڵسوكەوت بكەم، بەهۆی رەش پێستیمەوە زۆرجاران دەكەوتمە بەر تانەو توانجی سپی پێستەكان و حكومەتی ئەوكاتیش پشتگیری لەوان دەكرد بەجۆرێك تەنانەت رۆژێكیان ویستم بچم بۆ چێشتخانەیەك یەخەیان گرتم ونەیان هێشت بچمە ژوورەوە پێیان وتم بچۆرە دەرەوە تۆ ژەنگاوی و رەش پێستی ئێرە شوێنی سپی پێستەكانە، كەچی بەهۆی گۆڕانکاری هەلومەرج و باری سایكۆلۆژی ئەمریكییەكانەوە هەمان كەسایەتی بووە وەزیری دەرەوەی ووڵاتێكی زلهێزی ئەمریكی كە ووڵاتی خۆیەتی.

نەك هەر ئەوەش لەوکاتەوە تاهەنوکە دەیان ڕەش پێستی دی پلەو پۆستی جیای لەو ووڵاتە وەرگرتووە تادەگاتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

ئەوەی لێرەدا گەرەكمە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە ئێمەی میللەتی كورد زەمەنێكی دەسەڵاتداری و حوكمرانی خۆجێیی بەسەرمانا تێپەڕیوەو ماوەی زیاتر لە 27ساڵە تەنهاو تەنها یەكێتی وپارتی دەسەڵاتی كوردیان بەدەستەو چەك وسوپاو نان وئاوو خاك و پارەو سامانی ئەم ووڵاتەیان لە ژێر دەستایە كەچی بەبەراورد لەو مشتە خزمەتەی كە ئەنجامیان داوە لافاوێك كەم وكوڕی لەسەرجەم كایەكانی ئابووری – سیاسی- كۆمەڵایەتی و تەنانەت رۆشنبیریش هەڕەشە لە ئێستاو ئایندەی گەلی كورد دەكات ، بەجۆرێك تائێستاش لەهەرێمی كوردستان تەنهاو تەنها دووڕەنگ و دووحیزب باڵادەستەو هەموو جومگەسەرەکیەکانی ووڵاتیان لەژێر دەستە کەچی لەبەرامبەر قەیران و کەموکوڕیەکان نەک هەرخۆیان بەبەرپرسیار نازانن بەڵکو خۆیان کردۆتە کەڕەی شەربەت و بەداخەوە تائێستا زۆرێ لەخەڵکیش لەپێناو لەتێک نان و پاروویەکی چەوردا سەید ووتەنی تەنهاو تەنها بژی و بڕوخێ دەزانن و کەمترین هەڵوێستیان لەبەرامبەر ئەو هەموو گەندەڵی و ناعەدالەتی و پاشاگەردانیەی دەسەڵاتدا نیە.

ئەوە لەکاتێکدا یاساکانی ژین و ژیان، دین و دونیا، ئاسمان و ڕێسمان پێمان دەڵێت بۆئەوەی مرۆڤ نەبێتە کۆیلە دەبێت دەنگ هەڵبڕێت، هەڵوێست و کاردانەوەی هەبێت، سزاو تۆڵەی هەبێ و بیری کول و کۆڵ نەبێت

بۆنمونە ئەم هەڵبژاردنە قافیەتی

بۆ سزاو تۆڵەی ستەمکاران،موچە بڕان، قەیران دروستکەران و بێمنەتان لە میللەت و خەڵکانی بوونە سوتەمەنی.

تافیەتی تاوەکو میللەت لە کەمینەیەکی دەوڵەمەندو زۆرێکی هەژار ڕزگاری بێت، بۆئەوەی زوڵ و ستەمو قۆرغکاری کۆتایی بێت، تافیەتی بۆ گێڕانەوەی ڕەسەنایەتی و بەها جوانەکان، تافیەتی بۆ کۆتایی هێنان بە نەخۆشی و ناخۆشی و میللەت دۆشین

بەڵێ تافیەتی بۆ سەنینەوەی مافی پێشمەرگەو زیندانیان و کەس و کاری ئەنفال و کیمیاباران و شەهیدان بەگشتی.

بەڵێ لەهەرێمی كوردستان تاكو ئێستاش دكتۆری بێدەرمان وچاوی دەرهێندراوو خوێنی بەناحەق رژراو رۆژنامەنوسی زیندانی كراوو تیرۆر كراوو دەنگ ورەنگی رێزلێنەگیراو هەیە.

لەزوبانی خۆیانەوە دزینی نەوت و قاچاخچێتی و هەوڵدانی تەنها بۆ پارەو دراو هەیە

لەهەرێمی كوردستان گرنگ نییە بۆ كوێ ئەچیت گرنگ ئەوەیە ئێستا لەكوێیت ، گرنگ نییە چۆنیت گرنگ ئەوەیە ئێستا چیت.....؟!

لەوش گرنگتر

لەهەرێمی كوردستان میلیشیا هەیە ، ناوچەی قنڵاشك ئاساو شاری كەركوكی پەراوێزخراو و سەفقەی سیاسی بەدەست هەردوو حیزبی دەسەڵاتەوە هەیە.

بەڵێ‌ سڕینەوەی هەموو ئەم ئاسەوارە نەگریس و ناتەندروستانە پێویستی بە هەڵوێستە هەڵوێست.

هەڵوێست بۆ ئاسودەیی ویژدان، هەڵوێست بۆ گێرانەوەی بزەی نازداران وهەژارانی ووڵات ، هەڵوێست بۆ شاد بوونی رۆحی شەهیدان وقوربانیانی ئەنفال و كیمیاباران ، هەڵوێست لەبەردەم قۆرغكاری و گرانی بازاڕەكان ، هەڵوێست بۆ بەرز راگرتنی گردبوونەوەكان و خۆپیشاندانە جۆربە جۆرەكان ....هتد.

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت ئێستا كاتی ئایندە سازی و گۆڕینكاریە نەك گۆڕانكاری

چوونكە گۆڕانكاری هەمان شكڵ و هەمان رەنگ وهەمان فیكرەو لە پێستێكی دیكەدایە، دواجارو لەماوەیەكی كەم دا هەمان دەستورو چارەنوس بەرهەم دێنێت

بەڵام گۆڕینكاری لە ریشەوە چاكسازی و لە بناغەوە پاكسازیه

روونتر بڵێم هەموو دەنگەكان نەك دوو رەنگەكان

كەبێگومان هەموو ئەمانە گەلی كوردستان لە هەڵبژاردنێكی دیموکراس و ئازادو دوور لە گزیكاری و چاو سوركردنەوەدا بڕیاری لێئەدا بەندە بەسەرکەوتنی کاندیدانی دەمو دەستپاک و دەست بەدەستنوێژەوە کاندیدانێک لە سەرچاوەی کانیەکی ڕادەبینن و بۆیەش دەنگی دەدەنێ و بەمەش ڕابووردوویەکی جوان بۆخۆیان و کەس و کارو ئایندەی میللەتەکەشیان تۆمار دەکەن

 

 

هه‌واڵی گرنگ