مرۆڤ و سپاردە (الْأَمَانَةَ)، لە نێوان دوو (بژاردە)دا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

مرۆڤ و سپاردە (الْأَمَانَةَ)، لە نێوان دوو (بژاردە)دا

بەپێی زانستی قورئان؛ کە تاکە سەرچاوەی دڵنیاییە، لەنێو مەزنترین بەدیھێنراوانی وەک (ئاسمانان و زەوی و کێوەکان)دا، بەتاقی تەنھا (ئادەمیزاد)، لە ھەڵگرتنی (سپاردە (الْأَمَانَةَ)، چووەتە پێش و ھەڵیگرتووە.

جا ئەمە تەنھا  ھەواڵدانێک نیەو گوێی لێبگرین و بەسەریدا بڕۆین، بەڵکو پێویستی بە لەسەروەستان و، توێژینەوەو، شەن و کەو کردن و، ھەڵوێست لەبارەوە گرتن، ھەیە، چونکە (قورئان)، فەرمایشتی خاوەن و (خالق)ی ئادەمیزادە و، ھەموو داواو خواستێکی بە مەبەستەو، لەسەری ماڵەو، جێی لێپێچینەوەو، لێپرسینەوەو، پاداشتدانەوەو، سزاواریە.

لێرەدا وەک ئەرکی مرۆیی، کرۆکی پرسەکە لە قورئانی پڕخێرەوە وەردەگرین : (إِنَّا عَرَضْنَا الْأَمَانَةَ عَلَى السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَالْجِبَالِ)، بەڕاستی ئێمە (سپاردە (الْأَمَانَةَ)مان خستەڕوو بۆ ئاسمانان و زەوی و کێوەکان . بەڵام ئەوان: (فَأَبَيْنَ أَن يَحْمِلْنَهَا)، ئامادە نەبوون وەریبگرن و دایانەدواوە، (وَأَشْفَقْنَ مِنْهَا)، ترسان کە نەتوانن بەجێی بگەیەنن، چون لەخۆیان ڕانەدی، بۆیە نکولیانکرد. بەڵام ئادەمیزاد پێشەنگی ئەوانە بووە کەوا لێی ھاتووەنەتە پێش، بۆیە: (وَحَمَلَهَا الْإِنسَانُ)،  چووە ژێرباری و ھەڵیگرت.

ئاسمانەکان بەو مەزنیە، زەوی بەو گرنگیە، کێوەکان (کە لەنگەری زەویان گرتووە) بەو مەحکەمیە، ئامادەنەبوون بچنە ژێرباری (سپاردە (الْأَمَانَةَ)وە، لەبەرئەوەی ترساون کە نەتوانن پارێزکاری لێ بکەن و بەجێی بگەیەنن، چونکە ئەوەی پێویستە بۆ ھەڵگرتن و پارێزکاری و بەجێگەیاندنى (سپاردە (الْأَمَانَةَ)، بە تەواوی بە مرۆڤ بەخشراوە . جا لێرەدا پرسەکە بەتەنھا کورت نەکراوەتەوە لەسەر ئادەمیزادو، نەی فەرمووە: (لم یحملھا إلا الإنسان)، بەڵکو درووستکراوی تریش وەک (جنۆکە)، ئەم ئەرکەیان لەئەستۆیە.

کرۆکی (سپاردە (الْأَمَانَةَ) کە، بریتیە لە ھەڵگرتنی ئەرک و بەرپرسیاری بەرانبەر بەو (یاساو ڕێسا) جێگیرو نەگۆڕانەی خواوەندی باڵادەست (اللە)، بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ژیانی سەرزەویەی داناون، کە مرۆڤ گونجاوترین و شایستەترین بەدیھێنراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی زەوی لەژێر ڕۆشنایی (یاساو ڕێسا) و (فرمان و خواست)ی خاوەنی دا (اللە).

تاکو ئێرە پرسەکە، سانایەو ئاسان ھەرس دەکرێ، بەڵام پاش وەرگرتنی (سپاردە (الْأَمَانَةَ) کە لەلایەن ئینسانەوە، قورئان فەرمویەتی: (إِنَّهُ كَانَ ظَلُومًا جَهُولًا/ الأحزاب :٧٢)، بەڕاستی ئەو (ئادەمی) زۆر ستەمکارو نەفامە.

بەڵام لەھەقیقەتدا خودی ئەو ئامادەیی و چوونە پێشەوەی مرۆڤ (لەناو بەدیھێنراوانی مەزن)دا، بۆ وەرگرتنی (سپاردە (الْأَمَانَةَ)، بۆخۆی جێگەی ڕێزو تەقدیرە. چون لە بنچینەدا وەفاو بەجێگەیاندنی وادەو بەڵێن یان بەجێنەگەیاند، بەشێکە لە تایبەتمەندی ئەو ئامادەییە کە لەوانی تردا نیە، لەبەرئەوە ئادەمیزاد ھەقی ویستن و بژاردن و بەجێگەیاندن یان نەگەیاندنی ھەیەو، تیایدا سەربەست و سەرپشک کراوە لەگەڵ لێپرسینەوەو لێپێچینەوەدا بۆ ڕۆژی دوایی.

ھەروەھا کە ئاوا ھەواڵی لەبارەوە داوە: (إِنَّهُ كَانَ ظَلُومًا جَهُولًا)، وە خەسڵەتی ستەمکاری و نەفامی داوەتە پاڵ، ئەمە ئەو دەمە بەسەریدا دەچەسپێت کەوا سنووری ئەرک و بەرپرسیاری خۆی دەبەزێنێ و زایەی دەکات، واتە بەو بەخششە گەورەی (ئەقڵ و ئاوەز)ەی پێی دراوە، ھەڵناسێ و کارو ئەرکی بەڕێوە نابات.

بەڵام وەختێک بە (ئەقڵ و ئاوەز) بیری کردەوەو بریاری داو ھەڵوێستی وەرگرت، ئەوە حەتمەن دەبێتە (باوەڕدار)و لە بازنەی گشتی (وَحَمَلَهَا الْإِنسَانُ)، دەچێتە دەرەوە، ئەوجا شایستەیی ئەم وەسفە ھەڵدەگرێت کە دارای زانست و دادگەری (العلم و العدل)بێت، وە بە ڕێڕەوی ژیری و ئاوەزدا ڕێ بکات، ئەوجا لەباریدا ھەیەو ئەتوانێت (سپاردە (الْأَمَانَةَ)یەک کە بەخواستی خۆی لە خاوەن و خالقیەوە (اللە)، وەریگرتووە، درووست بەجێی بگەیەنێت و زایەی نەکات، ئەوجا پلەی براوەیی و خۆشبەختی مسۆگەر بکات.  

بێگومان (سپاردە (الْأَمَانَةَ)، پارێزی و بەجێگەیاندنی، مەوداێکی فراوانەو تەواوی فرمان و داخوازی (شەرعی و ئەقڵی) دەگرێتە خۆی، وە مرۆڤی (ئاوەزداری باوەڕدار)، ئەرکیەتی لە گشت ئەو پرسانەدا کە دێنە ڕێی، دەبێت بە خواستی (شەرع)و (ئەقڵ) بڕیاریان دەربارەوە بدات و ھەڵوێستیان لەبارەوە وەربگرێت، نەوەک بە حەز و مەیل و تاقەت و چاولێگەری. چونکە تازە ئەرک و باری (سپاردە (الْأَمَانَةَ)ی، لە ئەستۆیەو چارەنووسی پێوە بەندو پێوەنکراوە.

 

 

هه‌واڵی گرنگ