تیمێكی زانستی عومانی لەكۆتاییدا راستی و نهێنییەكانی بیری (بەرهوت) ی لە رۆژهەڵاتی یەمەن ئاشكرا كرد.
تیمی عومانی بۆ ئاشكراكردنی ئەشكەوتەكان لەبڵاوكراوەیەكدا لەهەژماری خۆی لەتویتەر دوایین چاڵاكی تیمەكەیان لەپارێزگای مهرەی رۆژهەڵاتی یەمەن بڵاوكردەوەو راستی و نهێنییەكانی بیری (بەرهوت) ی ناسراو بە بیری (شەیتان) ی ئاشكرا كرد.
قووڵییەكەی (112) مەترە ...
لەبڵاوكراوەی تیمە عومانییەكەدا هاتووە، بیری بەرهوت قووڵییەكەی (112) مەترەو تیرەكەی لەبەشی سەرەوەی (30) مەترەو لەبەشی خوارەوەی بیرەكە تیرەكەی دەگاتە (116) مەتر.
لە بیرەكەدا تاڤگە هەیە ...
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەقووڵی (65) مەتر بەرەو خواری بیری بەرهوت، چەند سەرچاوەیەكی ئاو هەیە كەبەشێوەی تاڤگە دەردەكەون و دیمەنێكی سەرنجڕاكێشی بەو بیرە بەخشیوەو سەوزاییەكی زۆر لەكۆتایی بیرەكەدا هەیە.
بیری بەرهوت دەكەوێتە پارێزگای مهرەی رۆژهەڵاتی یەمەن و بە بیری (شەیتان) ناسراوەو چەندین چیرۆك و ئەفسانەی ترسێنەرو گوماناوی لەبارەیەوە هەیە، بەڵام لەكۆتاییدا راستییەكانی ئاشكراكراو لەلایەن زۆرێك لەبەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە وەك بەهەشتێك ناویهێندرا پێچەوانەی بیروباوەڕە كۆنەكان كە وەك دۆزەخ ناوی دەهێندرا.