وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاندوە: مانگی رابردوو هەڵاوسان زیادی كردووەو نرخی كۆمەڵێك كاڵاو شمەك بەرزبوەتەوە.
لە بەراوردكاریەكدا كە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاویكردۆتەوە هاتوە: بەبەراورد بە مانگی تەموز، هەڵاوسان لەمانگی ئابی رابردوودا بەرێژەی (1.1%) زیادی كردووە، ئەوەش هاتووە: مانگانە چاودێری گۆڕانكاری لە نرخی زیاتر لە (333) كاڵاو خزمەتگوزاری دەكەین لە هەموو پارێزگاكاندا.
لە بەراوردكاریەكەی وەزارەتی پلاندانان ئەوەش هاتووە: زیادبوونی رێژەی هەڵاوسان لە مانگی ئابدا بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی كۆمەڵێك كاڵاو شمەك بووە لە بازاڕەكانی عێراقدا، بەمجۆرە: نرخی سەوزەمەنییەكان بەرێژەی (21.7%) بەرزبوەتەوە، هەروەها میوە بەرێژەی (2.3%) بەرزبوەتەوە، هاوكات نانو گۆشتو پاقلەمەنییەكان بەرێژەی (0.9%) بەرزبوەتەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە نرخی ماسی بەرێژەی (0.6%) بەرزبوەتەوە، بەرهەمەكانی ماستو پەنیرو هێلكە بەرێژەی (0.5%) بەرزبوەتەوە، بەرهەمە خۆراكییەكانی تر بەرێژەی (0.1%) نرخیان بەرزبوەتەوە.
سەبارەت بە نرخی چێشتخانەو هۆتێلەكان بەرێژەی (2.6%) بەرزبوەتەوە، نرخی پێداویستییەكانی ناو ماڵو نۆژەنكردنەوە بەرێژەی (0.1%) بەرزبوەتەوە.