سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند: لەئێستادا، ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ دۆسیەی گەندەڵی لەژێر لێكۆڵینەوەدان و ١٠٠ دۆسیەی دیكەیش لە رێرەوی دادگاییكردن دان.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراق ڕایگەیاند: دەستەكەیان راپۆرتی ساڵانەی خۆی ھەیە و لە مانگی شەشی ئەمساڵدا، راپۆرتی خۆیان لەبارەیەوە پێشكەش كردبوو و رایگەیاند كە دەستەكەیان تا ئێستا لێكۆڵینەوەی لە سەدان دۆسیەی گەندەڵی كردووە و وتیشی: لەئێستادا، ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ دۆسیەی گەندەڵی بەسەرپەرشتی دادوەرانی لێكۆڵینەوە سەربە ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی كوردستان، لێكۆڵینەوەیان لەبارەیەوە دەكرێت.
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ئەوەشی خستۆتەڕوو كە ھێشتا گەندەڵی مەترسییەكی گەورەیە لە عێراق و ھەرێمی كوردستان و وتی: "لە سەرجەم بوارەكاندا، ھەماھەنگیی باشمان لەگەڵ دەستەی دەستپاكی فیدراڵییدا ھەیە".
ئاماژەی بەوەشدا، كە لە ھەموو ئاستەكاندا كەسانی تۆمەتبار بە گەندەڵی ھەن، لەئێستادا، ١٠٠ دۆسیەی گەندەڵییمان ھەیە كە لە رێرەوی دادگاییكردن دان.