وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، پلانیان هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ 20 ملیۆن کەس بە ڤاکسینی کۆرۆنا بکوتن و هۆشداریش دەدات لەوەی، لەگەڵ هاتنی وەرزی پایزدا پەتا وەرزییە گوازراوەکان زیاتر دەبن و ئەوەش هۆکارێک دەبێت بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.
لەمبارەیەوە ربی فەلاح، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی پزیشکی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند:"بۆ بەرگرتن لە شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا پلانمان هەیە تا کۆتایی ساڵ 20 ملیۆن کەس بە ڤاکسینی کۆرۆنا کوترابن، ئەوەش پەیوەستە بە خواستی هاووڵاتیان بۆ خۆکوتان و هەروەها ئەو کۆمپانیایانەی ڤاکسین دابین دەکەن."
ناوبراو وتویەتیشی:"پێشبینی دەکەین تا ئێستا ڕێژەی ئەو کەسانەی کوتراون لە هەموو عێراق گەیشتبێتە 18%ی ئەو کەسانەی کە پێویستە بکوترێن."
ڕوونیشکردەوە، "زوو هێشتا باسی ئەوە بکەین کە لە عێراق بەرگریی گشتی دروست بووبێت، چونکە بۆ گەیشتن بەوە پێویستە %50ی هاووڵاتیان (ئەوانەی لە تەمەنی وەرگرتنی ڤاکسینەکەدان) ڤاکسینیان وەرگرتبێت."
هۆشداریشیدا لەوەی كە "لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز و سەرمادا پەتا و نەخۆشییە گوازراوە وەرزییەکان زیاتر دەبن و ئەوەش هۆکارێکە بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان زیاتر پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن."
ئەوەشی خستەروو: "بەهۆی کوتانی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان بە ڤاکسینەکە، لە ڕۆژانی ڕابردووداژمارەی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە و حاڵەتە قورسەکان کەمی کردووە."
داواشی لە هاووڵایان کرد، لەگەڵ جێگیربوونی دۆخەکە لەدوای شەپۆلی سێیەم زیاتر خۆیان بپارێزن، چونکە، "نەک تەنها هەر شەپۆلی چوارە، بەڵکو لەوانەیە توشی شەپۆلی زۆر قورستر بین."