سەرۆكی كۆمەڵگەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: ڕاستە لە ئێستادا نرخی مریشك بەرزە، بەڵام ئەم نرخە كاتیەوەو لەداهاتوودا دادەبەزێت.
نازم عبدالله سەرۆكی كۆمەڵگەی كێڵگە پەلەوەرییەكان بە كوردیوی ڕاگەیاند: بەرزبونەوەی نرخی عەلەف و جوجكەو غازو گازو دەرمان و هەموو پێداویستیەكان بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلارەوە وایكردووە نرخی مریشك زیاتر بەرزبێتەوە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هۆكاری سەرەكی بەرزبونەوەی نرخی مریشك حكومەتی هەرێمی كوردستانەو حكومەت پلانی نیە بۆ جێگیركردنی نرخی مریشك و نرخەكە بەردەوام یاری دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد: لە ئێستادا جوچكەی زۆر لە كێڵەگانی بەخێوكردن هەیەو بەو هۆیەوە لە داهاتویەكی نزیكدا جارێكی دیكە نرخی مریشك لە هەرێمی كوردستان دادەبەزێتەوە.
جێگەی باسە ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی یەك كیلۆ مریشك لە بەشێك لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان چوار هەزار دیناری تێپەڕاندو هاوڵاتیان لەبەرزبونەوەی نرخەكە نیگەرانن.