داوای خەرجكردنی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆو پەیمانگاكان دەكرێت
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

داوای خەرجكردنی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆو پەیمانگاكان دەكرێت

ئەندامێكی ‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان ڕایدەگەیەنێت: سەدان‌و هەزاران قوتابی‌ لە دۆخێكی‌ سەختی‌ ژیان‌و گوزەراندا دەست بە ساڵێكی‌ نوێی‌ خوێندن دەكەن و پێویستە ‌ حكومەتی هەرێم دەرماڵەی‌ قوتابیانی‌ زانكۆو پەیمانگاكان دابەش بكات.

عومەر گوڵپی‌ ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان بڵاویكردەوە: بە هەردوو نووسراوی‌ ژمارە (١٤٣ و ١٤٤) لە رۆژی‌ (٢١ی‌ ٩ی‌ ٢٠٢١)، بەدواداچوونمان كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی‌ دەرماڵەی‌ قوتابیانی‌ زانكۆو پەیمانگا كە نزیكەی‌ پێنج ساڵە ڕاگیراوە، ئەوەش بە پاساوی‌ خراپی‌ دۆخی‌ دارایی‌ و وەستانی‌ بودجەی‌ هەرێم لە بەغداو دابەزینی‌ نرخی‌ نەوت و شەڕی‌ داعش، بەڵام لە ئێستەدا دۆخی‌ شەڕ تەواو بووەو نرخی‌ نەوت بەرزبووەتەوەو داهاتەكانی‌ تریش زیاد بوون‌و بڕە پارەیەكیش لە بەغداوە لە چوارچێوەی‌ یاسای‌ بودجە مانگانە دەگاتە هەرێمی‌ كوردستان، و هەموو ئەمانەش بوونەتە هۆی‌ باشبوونی‌ دۆخی‌ دارایی‌، بەجۆرێك حكومەت توانای‌ خەرجكردنی‌ مووچەی‌ تەواوەتی‌ هەیەو خەرجكردنی‌ پارەش بۆ هێندێك پڕۆژە دەست پێكراوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو: سەدان‌و هەزاران قوتابی‌ لە دۆخێكی‌ سەختی‌ ژیان‌و گوزەراندا دەست بە ساڵێكی‌ نوێی‌ خوێندن دەكەن، بەتایبەت قوتابیانی‌ هەژار ئەوانەی‌ كە خێزانەكانیان هیچ سەرچاوەیەكی‌ داهاتیان نییە لە دۆخێكی‌ سەخی‌ بژێویدان، ئایا ئەكرێت دەست لە خوێندن هەڵگرن بەهۆی‌ هەژاری‌‌و نەبوونی‌ توانای‌ دابینكردنی‌ پێویستی‌‌و خەرجییەكانی‌ خوێندن؟ ئایا دەكرێت قوتابیانی‌ هەژار هەر چاوەرێی‌ دەستی‌ چاكەكاران‌و خێرخوازو گروپی‌ خێرخوازی‌ بن تا پێویستیەكانی‌ ژیان‌و خوێندنیان بۆ دابین بكات؟ خوێندن لە وڵاتێكدا كە ڕۆژانە نزیكەی‌ (٥٠٠ هەزار) بەرمیل نەوت بە نرخی‌ سەرو (٦٠ دۆلار) بفرۆشێت، دەكرێت بەمجۆرە بێت؟.

ئاماژەی بەوەشكرد: لە ئێستەدا داهاتی‌ هەرێمی‌ كوردستان زیاترە لە یەك ترلیۆن‌و سەد ملیار دیناری‌ مانگانە، بە دڵنیاییەوە توانای‌ پێویست بەردەستە بۆ خەرجكردنەوەی‌ ئەم دەرماڵەیە كە پاڵپشتیەكی‌ گەورەیە بۆ قوتابیان.

ووتیشی: بەزانینی‌ ئەوەی‌ ژمارەی‌ قوتابیانی‌ زانكۆو پەیمانگا نزیكەی‌ (١٣٠ هەزار) قوتابیە، بڕی‌ ئەو پارەیەی‌ پێویستە بۆ خەرجكردنی‌ دەرماڵەكە زۆر نیەو تەنها نزیكەی‌ (٥٠ ملیار دینار)ە بۆ هەموو ساڵەكە، بە پێی‌ زانیاریی‌ ئێمە توانای‌ پێویست بۆ خەرجكردنی‌ ئەو بڕە پارەیە لە هەرێمی‌ كوردستان لەبەردەستە.

هه‌واڵی گرنگ