سەلمان بن عەبدولعەزیز شای سعوودیە ئاواتی خواست، كۆبوونەوە بەرایییەكانی نێوان وڵاتەكەی و ئێران كە بەمەبەستی دروستكردنی متمانە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەڕێوەدەچن، ئەنجامی كرداری لێ بكەوێتەوە، هاوكات جەختیشی كردەوە، كە وڵاتەكەی دژی ئەوەیە تاران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
سەلمان بن عەبدولعەزیز لە میانی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی خولی حەفتا و شەشەمینی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری نیویۆرك، لەڕێگای ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە وتارێكی پێشكەش كرد.
شای سعوودیە تیشكی خستە سەر ئەوەی كە ئێران وڵاتێكی ناوچەكەیە و ئاواتەخوازن لە كۆبوونەوە بەرایییەكاندا لەگەڵ ئەو وڵاتە، هەنگاوی كردەیی ببینن بۆ زیادكردنی متمانە بە یەكتر و وتی: "ئاواتەخوازین كۆبوونەوەكان ببنە رێگایەك بۆ دروستكردنی پەیوەندی و هەماهەنگییەكان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری، دەستوەرنەدانە ناو كاروباری ناوخۆ و بڕینی هەموو پشتیوانییەكان بۆ گرووپە تیرۆریستییەكان و میلیشیاكان".
شا سەلمان سەرنجی خستە سەر ئەوەی كە وڵاتەكەی لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكاندایە بەڕێگاچارەی ئاشتییانە و دیالۆگی دیپلۆماتی، بەڵام پشتیوانی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان دەكات بۆ بەرگرتن لە پێشخستنی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە.
لەماوەی رابردوودا بە نێوەندگیری عێراق چەند خولی دانوستان لە نێوان ئێران و سعودیە بەڕێوەچوو، بە ئامانجی ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانیان، كە لە ساڵی 2016ەوە پچڕاوە.