شاکارى موسڵمانێک کۆلێژە پزیشکییەکانى ئەوروپاى پێشخست!
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

شاکارى موسڵمانێک کۆلێژە پزیشکییەکانى ئەوروپاى پێشخست!

نکووڵى لەوە ناکرێت کە موسڵمانان لەم سەردەمەدا لە زانستەکاندا دواکەوتوون، بەڵام ئەگەر وا هەست بکرێت لە کۆنەوە هەر وا هاتووە، ئەوە ئەو هەستە هەڵەیە و تەعبیرە لە بێئاگایی لە مێژوو! دەنا ئەوەى بە وردى مێژوو بخوێنێتەوە، بۆى دەردەکەوێت ئەگەر کار و ئەزموونى زانایانى موسڵمان نەبووایە، مەحاڵ بوو مرۆڤایەتى بگات بەم پێشکەوتنە زانستییانەى ئەمڕۆ لە هەر یەکێک لە کایەکانى زاست پێیان گەیشتووە.

یەکێک لەو کایانە زانستى پزیشکییە، کە نەک زانایانى موسڵمان نەبوونایە، بەڵکو تەنها یەک بەرهەمى یەک لەو زانایانە-کە ئیبن سینایە- نەبووایە، زاستەکە زۆر لە دواوە دەبوو! ئیبن سینا لە تەمەنى 16 ساڵیدا و دواى تەواو کردنى خوێندى ئاینى، ڕووى کردووەتە خوێندنى زانستى پزیشکى و لە ماوەیەکى کەمدا بە شێوەیەکى بەرچاو زاڵ بووە بەسەریدا، بە جۆرێک گەیشتووە بەوەى بڵێت "پزیشکى زانستێکى زۆر ئاسانە، وەک بیرکارى گران نییە"! لە تەمەنى 21 ساڵیدا دەستى بە نووسینى شاکارە گەورەکەى لە بوارى پزیشکیدا کردووە بە ناوى (القانون فی الطب).

لەم بەرهەمە مەوسووعەییەیدا زانیارییەکانى حەکیمانى پێش خۆى کۆکردووەتەوە و گریمانە و دۆزینەوەکانى خۆشی باس کردووە.

ساڵى 1150ى زاینی ئەم شاکارە وەرگێڕراوەتە سەر زمانى لاتینى، ئەمە بووەتە هۆى ئەوەى لە خۆرئاوا بناسرێت و چەندان زانکۆى بەناوبانگى ئەورووپی بیکەنە کتێبی مەنهەجى لە کۆلێژە پزیشکییەکانیاندا، بە جۆرێک تا 500 ساڵ وەک مەنهەجى خوێندن سوودیان لێوەرگرتووە، ئینجا دەستبەردارى بوون! زۆر لە پزیشکانى ناودار سەرسامیی خۆیان بەو شاکارە دەربڕیوە، بۆ نموونە دکتۆر ویلیام ئۆسلەر کە پڕۆفیسۆرێکى پزیشکیی کەنەدییە و کەم پزیشک هەیە ئاشنایەتیی نەبێت لەگەڵ ناوەکەیدا، دەڵێت: "بەناوبانگترین کتێبى پزیشکییە لە مێژوودا نووسرابێت، دەکرێت بوترێت کتێبێکى پیرۆز بووە لە بواری پزیشکیدا کە بۆ ماوەى درێژتر لە هەر کارێکى تر، ئەو ڕۆڵەى بینیوە".

تێبینى: ئەمە پوختەى وتارێکە کە لە ژمارەى 63ى گۆڤارى (هەیڤ)دا بڵاوکراوەتەوە.

د. زانا ئەحمەد بۆڕد لە پزیشکیی هەناودا

هه‌واڵی گرنگ