بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی چەند ڕێنماییەكی بۆ مامۆستایان و خوێندكاران وەك خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا لە خوێندنگاكان دەركرد، كە ماوەی چەند هەفتەیەكە توشبوون بەو پەتایە ڕووی لە هەڵكشانكردووە.
لەمبارەیەوە پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی لەئاگادارییەكدا، كەئاراستەی سەرجەم ناوەندەكانی خوێندنی كراوە ، كە هاتن و ڕۆیشتنی قوتابیان بۆ قوتابخانە ڕێكبخرێت و لیژنە بۆ ئەو مەبەستە دروستبكرێت و قەرەباڵغی لە دەرەوەی قوتابخانە دروست نەكرێت.
ئاماژە بەوەشكراوە: لیژنەی پاك وخاوێنی و لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دروستبكرێت و لەكاتی بوونی حاڵەتی نەخۆشی كۆرۆنا لەناو مامۆستایان و قوتابییاندا ڕێكارە تەندروستییەكان بگیرێنەبەر و بەڕێوەبەرێتیی پەروەردە و بنكەی تەندروستیی گەڕەكی لێ ئاگاداربكرێتەوە.
ڕێنماییەكانی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی:
1 سەرجەم كۆبوونەوەكان و كۆبوونەوەی گۆڕەپانی قوتابخانە ڕێكبخرێت و مامۆستای پۆل سەرپەرشتیی پۆلەكان بكات و وەستانی قوتابییان لە گۆڕەپان مەرجی خۆپارێزیی تێدابێت.
2 سەرجەم مامۆستایان و قوتابییان دەمامك ببەستن.
3 پاككەرەوە لە تەوالێت و دەستشۆرەكان دابنرێت.
4 مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن.
5 فرۆشگا بەمەرجەكانی خۆپارێزی بكرێتەوە و خۆراكی تەندروست بفرۆشێت و لیژنەی تایبەت ڕۆژانە سەردانیان بكات.
6 لەكاتی بوونی گیروگرفت و ئاستەنگ بە نووسراو بەڕێوەبەرێتیی لێئاگاداربكرێتەوە.