وشكەساڵی، عێراق ناچار دەكات بۆ وەرزی كشتوكاڵی رووبەری چێنراو كەمبكاتەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

وشكەساڵی، عێراق ناچار دەكات بۆ وەرزی كشتوكاڵی رووبەری چێنراو كەمبكاتەوە

رۆژی سێشەممە دەسەڵاتدارانی عێراق رایانگەیاندوە كە وشكەساڵی و كەمئاوی، وڵات ناچار دەكات رووبەرە چێنراوەكان بۆ وەرزی كشتوكاڵی 2021-2022 بە ئەندازەی نیوە كەمبكاتەوە.

لەمبارەیەوە سایتی (الحرە) لە ئاژانسیی هەواڵی (فرانس پرێس)ی گواستەوە كە لە راگەیانراوێكدا كە ئاژانسیی نیشتیمانی عێراقی بۆ هەواڵەكان بڵاویكردوەتەوە و تیایدا هاتوە دەسەڵاتداران بڕیاریانداوە "رووبەرە چێنراوەكان بە رێگای ئاودانی سەر ڕوو سنووردار بكەن، كە دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆنمە بۆ وەرزی كشتوكاڵی 2021-2022 كە رێژەی سەدا 50ی رووبەری چێنراو لە ساڵی رابردوودا پێكدێنێت.

هاوكات دۆسیەی ئاو گرنگییەكی زۆری بۆ عێراق هەیە ‌بەتایبەتی بەهۆی گەرمبوونی كەشوهەوا و وشكەساڵی دووبارەبوویەوە و كێشە جیۆسیاسییەكانی پەیوەندیدار بە دابەشكردنی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات لەگەڵ توركیا و سوریادا.

رۆژی شەممەی رابردووش راگەیانراوێكی هاوبەش لەلایەن رێكخراوی فاو و پڕۆگرامی خۆراكی جیهانی لە عێراق و سندووقی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵ دەرچووە و تیایدا هاتووە كە "كاریگەری كەمئاوی لە عێراق روونبوەتەوە لەمیانەی دابەزینی رێژەی بەرهەمهێنانی بەرووبوومەكان بۆ ساڵی 2021 و پێویستە رێوشوێنە بەپەلەكان بگیرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكاری كەشوهەوا و كاركردن بەیەكەوە بۆ چارەسەركردنی هۆكارە ریشەییەكان".

هەرله راگەیانراوەكەدا ئەوە هاتووە: "بەرهەمهێنانی گەنم بە كۆتاییهاتنی وەرز‌ كەمتر لە سەدا 70 دەبێت و بەرهەمهێنانی جۆش بە بڕێكی زۆر كەم دەبێت".
بەگوێرەی نوێنەری رێكخراوی فاو لە عێراقدا، رێكخراوەكە لە چەند پڕۆژەیەكدا هاریكاری دەكات لەگەڵ چەند وەزارەتێك بەتایبەتی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و ژینگە كە "داهاتی جوتیار زیاد دەكات و وێنەی سوود وەرگرتن لە سەرچاوەكانی كە بەشێوەیەكی بنەڕەتی بوونیان هەیە باشدەكات و یارمەتی جوتیارانیش دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵیدا".

لای خۆشیەوە "صلاح الحاج حسن" رۆژی دووشەممە ئاماژەی بۆ پڕۆژەیەكی بنەڕەتی كرد كە لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاوە پارەدار دەكرێت بۆ دووبارە شیاندنەوەی پڕۆژەی ئاوی ئاودان لە باكووردا بۆ شیاندنەوەی ژێرخان لە كەناڵەكانی ئاودان و پردەكان و ترومپاكان و وێستگەكانی ترومپاكردن.

لە پارێزگای نەینەوا لە باكووری عێراقدا پڕۆژەیەك هەیە ئامانج لێی پشتیوانیكردنی جوتیارانە بە ئاودان بە دڵۆپ و راهێنانی قوتابخانە كیڵگەییەكان بۆ جوتیاران، هەروەك پڕۆژەیەكی هاوشێوە لە باشووری عێراقیشدا هەیە.

بەگوێرەی راپۆرتێك كە 13 رێكخراوی ناحكومی لە مانگی ئابی رابردوودا ئامادەیان كردبوو لە نێویاندا ئەنجومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران تیایدا ئاماژە بۆ ئەوەكرابوو كە "نەگەیشتن بە ئاوی روباری فورات و زیاد لەوەش وشكەساڵی، هەڕەشە لە بژێوی بەلایەنی كەم 7 ملیۆن عێراقی دەكات".

 

هه‌واڵی گرنگ