هەردوو وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەسەر بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلێكی حكومی بۆ كەسێكی ناو سۆشیاڵ میدیا ڕوونكردنەوەیەكیان بڵاوكردەوەو دەڵێن، ئاگادار نەبوون و شوفێرێك بەبێ ئاگاداری ئەوان ئەو كارەی كردووە.
لە ڕوونكردنەوەیەكدا وەزارتی گواستنەوەو گەیاندن و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕایانگەیاند، ئاگاداری هاوڵاتیانی بەڕێز دەكەین كە یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان كە تابلۆی وەزارەتمان (وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن) ی لە سەرە بە هەڵسوكەوتێكی كەسی و بەبێ ئاگاداری ئیدارەی فڕۆكەخانە لەلایەن یەكێك لە شوفێران لە پێناو ئەنجامدانی كاری شەخسی بەكارهێندراوە بەدەر لە یاساو رێنمایی.
ئاماژەی بەوەشكردووە، وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆكەخانە بەپێی یاسا بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەم بابەتە دەكەن و ڕێككارە یاساییەكان دەگرنە بەر بەرامبەر ئەم هەڵسوكەوتە نەشیاوەو لە یاسا دەرچوونەی فەرمانبەری سەرپێچی كار.
ئەوەش لەكاتێكدایە، بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلێكی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بۆ پێشوازی لە كەسێكی ناو سۆشیاڵ میدیا، ڕەخنەی توندی لەنێو هاوڵاتیاندا لێكەوتۆتەوە.