ئەنجوومەنی ئاسایسی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردۆتەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا لە حزب و لایەنەكانی عێراق دەكات ڕێز لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بگرن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیر لە عێراق.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تێیدا داوا لە لایەنە عێراقییەكان دەكات ئارامی بپارێزن و ڕێز لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بگرن، داواش دەكات حكومەتێكی گشتگیر پێكبهێندرێ كە هەموو پێكهاتەكان تێیدا بەشداربن.
هەر لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستخۆشی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و چاودێرانی یونامی دەكات بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەكە بەشێوەیەكی سەركەوتووانە، هەروەها ئیدانەی ئەو لایەنانەش دەكات كە هەڕەشە لە كۆمسیۆن و چاودێرەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەن لە عێراق.
ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڕاگەیاندراوەكەدا پاڵپشتی خۆیان دەردەبڕن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیر لە عێراق بەشێوەیەكی ئاشتییانە، لەپێناو بنیاتنانی دیموكراسییەكی بەهێز لە عێراقدا.