مەترسییەكانی گیرانی ریخۆڵەكان بزانن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

مەترسییەكانی گیرانی ریخۆڵەكان بزانن

 

 

1. ریخۆڵەكان پێكهاتەیەكی شێوە لولەیین دەكەونە ناو بۆشایی سك، فرمانێكی زۆر گرنگ جێ بەجێ دەكەن لە لەش، ئەویش بریتیە لە هەڵمژینی تەواوی پێكهاتە خۆراكیەكان، لەدوای خواردن و خواردنەوە، كە بە هۆیەوە مرۆڤ گەشە دەكات و توانای كردنی جوڵەوەو بیركردنەوەی دەبێت، فرمانێكی تریان بریتیە لە دەركردنە دەرەوەو رزگاركردنی لەش لەو پاشماوە خۆراكیانەی كە ناتواندرێ هەڵمژرێن.

2. یەكێك لەو ئاریشانەی دووچاری ریخۆڵە دەبێت، گیرانی ریخۆڵەیە، كە بە هۆیەوە لەش ناتوانێت خۆی رزگار بكات لە پاشماوە خۆراكیەكان و دەبێتە هۆی پەنگاوخواردنەوەی شلەی ناو ریخۆڵەكان و كەڵەكە بوونی پاشماوەكان.

3. هۆكارەكانی گیرانی ریخۆڵە بریتیە لە بونی گرێ، پێكەوەنووسان، سوڕان، خنكانی فتق، و چوونە ناو یەكتری ریخۆڵەكان، ئەوانە دەبنە هۆی داخستنی بەشێك لە ڕێڕەوی ریخۆڵە، هەندێك جار ئەو هۆكارانە بوونی نیە، بەڵام بەهۆی نەمانی جوڵە لە ریخۆڵەكان بە هۆكاری هەندێك نەخۆشی یان دەرمان، توانای دەركردنە دەرەوەی پاشماوە خۆرەكیەكانی نابێت و دەبێتە هۆی گیرانی ریخۆڵە.

4. نیشانەكانی ریخۆڵە گیران ... بریتیە لە هەڵئاوسانی سك، ئازاری سك، ڕشانەوەو دەرنەچوونی پاشەڕۆو غازات، ئەو نیشانە هەندێكیان لە سەرەتاو هەندێكیان دوای چەند ڕۆژێك بە دیار دەكەون، ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت، لەوانەیە ماكە ترسناكەكانی گیرانی ریخۆڵە رووبدات، وەكو ڕەش بوون و مردنی ریخۆڵەكان، تەقینی رێخۆڵە، ژەهراوی بوونی خوێن و لە كاركەوتنی گورچیلەكان.

5. گیرانی ریخۆڵە حاڵەتێكی كتوپڕەو پێویستی بە چارەسەری هەیە، بەشێكی زۆریان پێویستیان بە نەشتەرگەری دەبێت، كەمێكیشان بە چارەسەری و چاودێری كردن باش دەبن، بەتایبەتی ئەگەر هۆكارەكە نەمانی جوڵەی ریخۆڵەكان بێت، بۆیە هەركاتێك هەستت بە بوونی ئەو نیشانانە كرد، سەردانی نەخۆشخانە فریاكەوتنەكان بكەو راوێژ بە پزیشكی نەشتەرگەر بكە.

(د. شێركۆ عەباس نادر – پسپۆڕی نەشتەگەری گشتی)

 

هه‌واڵی گرنگ