جەڵتەی چاو ناسراوە بەتەسكبوونەوە یاخود گیرانی دەماری سەرەكی خوێن لەتۆڕی چاو یان لقەكانی و وەستانی رۆیشتنی خوێن وادەكات تۆڕی چاو لەكار بوەستێت بەشێوەیەكی تەواوەتی یاخود لاوەكی و دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵەیەك لەنێو چاو.
هۆكارەكانی جەڵتەی چاو ...
1. گیرانی دەمارەكانی تۆڕی چاو، چونكە چاو وەك تەواوی ئەندامەكانی دیكەی لەش لەكارەكانیدا پشت دەبەستێت بە گەیشتنی خوێنی پڕ لەئۆكسجین.
2. لەكاركەوتنی تۆڕی چاو بەهۆی كەمبوونەوەی گەیشتنی خوێنی هاتوو لەمێشكەوە.
3. كاتێك خوێن و دەرداوەكان دزە دەكەنە نێو تۆڕی چاو دەبنە هۆی دروستبوونی پەڵەو جەڵتەی چاو.
نیشانەكانی جەڵتەی چاو ...
1. هەستكردن بە لەرینەوە لەناو چاوەكان و ئاستەنگی لە بینایی.
2. بوونی ئازار یاخود فشار لەسەر چاو.
3. ناروونی لەبینایی لەهەردوو چاو.
4. لەدەستدانی بینایی لەپڕ یاخود ووردە ووردە.
چارەسەری جەڵتەی چاو ...
چەند رێگەیەك هەیە بۆ چارەسەری جەڵتەی چاو بەئامانجی كەمكردنەوەی ئەو زیانانەی بەر تۆڕی چاو كەوتووە ئەوانیش:
1. بەكارهێنانی ئەو دەرمانانەی پزیشك دیاری دەكات بۆ توانەوەی پەڵەی خوێن و دوورخستنەوەی لەتۆڕی چاوو فراوانكردنی دەمارەكان.
2. ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی و كۆنتڕۆڵ كردنی نەخۆشیەكانی دیكەی وەك شەكرەو فشاری خوێن و نەخۆشیەكانی دڵ و بەرزی كۆلیسترۆڵ.
3. چارەسەركردن بە لەیزەری تۆری چاو ئەگەر پێویست بكات.
4. لە هەندێك حاڵەتدا پێویستە دەرزی تایبەت لەناو چاو بدرێ، دەكرێت كەسی تووشبوو بەجەڵتەی چاو چاك بێتەوە، بەڵام بە دەگمەن بیبینی وەك خۆی دەگەڕێتەوە، وە لەهەندێك حاڵەتدا كاریگەری مەترسیداری هەیە لەكاتی وەرنەگرتنی چارەسەر لەكاتی پێویستدا لەوانە كوێربوون و زیادبوونی ئازارو فشاری سەر چاو.
(د. ئاری ساڵەیی – پسپۆری چاو)